کامیار سابیر
1. شانۆگەرییەکەی زارا محەمەدییتان بییر دێت کە بۆ کەرنەڤاڵی زیندانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەبرا، هەرچی عولەما و ئودەبا و عەوام و نوخبەی سیاسیی هەیە کەوتنە پێداهەڵدان و تەکبیر و تەجمیلیان بۆ ئەکتە سیاسییەکەی ئەکرد، گوایە زمانی کوردیی، لە کۆمەڵگەی فرە نەژاد و فرە نەتەوەی ئێرانییدا، بە ئەمری واقیع کرد، لە بەختیار عەلییەوە بیگرە بۆ مەریوانی وریا قانع، لە ئەهلی چەپەوە بیگرە بۆ ئەهلی سوننە و جەماعەت، وێڕای زۆریینەی رەهای نەتەوەییەکانی کورد، هاواری ئەو ستەمەیان ئەگەیاند بە کەشکەلانی فەلەک، تەنانەت قوبادی جەلیزادەی شاعیر، شیعری بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشی خاتوو زارا نووسی، تا بە دۆڵی ژنانەی قافەکانیش، ئەگات، بەڵام هەموو ئەمانە نە حەرفێکیان گوت لەسەر تێر-ۆری ئەحمەد بێغەم( کوردێکی ئێرانیی وەکو زارا) کە لە هەولێر بە تەحالوفی کوردایەتیی و ئیطلاعاتی ئێران، لە هەمان کاتدا کوژرا، نە حەرفێکیشیان بۆ خاتوو بێریڤان ئەییوب گوت کە لە زیندانەکانی پارتییدا، نزیک بە دوو ساڵە، بێ دادگاییکردن زیندانییکراوە.
هاوکات، لە باری کۆمەڵایەتییشەوە، پیاوکوژ و بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی، فشاری کۆمەڵایەتیی و ئەحکامی عورفیی و خێزانییان بۆ بێریڤان( یەکێک لە جەرییئتریین ژنە سیاسییەکانی کورد) هێنابوو، تا لە هاوسەرەکەی جیایان کردەوە، کەچیی هەموو ئەوانە، ویژدانی مردووی نوخبە نەژادپەرست و پانکوردیستەکانی کوردی نەورووژاند، چونکە( بە مێنتاڵیتییە رەیعخۆرییەکەی بێشکچی)، قەناعەتیان وایە ئەمەی هەرێم دەسەڵاتێکی کوردییە و لە خوێن و گۆشت و ئێسقانی کوردە، بەڵام ئەوانی تر داگییرکارن! ئەمە ناوئەنێی هەرچییەک، لای من، ئەوە ئەگەیەنێت کە سووکانی زۆریینەی رەهای نەتەوەیی و چەپ و ئیسلامییەکان، چەند خۆیشیان بە ئەنتی پارتیی بزانن، هەر بە دەست پارتییەوەیە( ئیرادیی بێت یان لائیرادیی)….
2. هەر ئەو کاک مەریوانەی لەسەر زارا محەمەدیی، گڕ و چڕە دووکەڵی کوردایەتیی لێ بەرز ئەبووەوە و حەماسی کوردبوونی بە قوڕگی پانکوردیزمەکەیدا ئەکرد، چەند رۆژ لەمەوبەر، دەسگای پاراستنی پارتیی، بۆ ئەو و چەند نووسەرێکی تر ،مەلەفیان بۆیان دروست کرد… گوایە سەر بە ئەنجوومەنی راوێژکاریی مێدیای یەکێتیین و ئەم ئەنجوومەنەش لە لایەن ئێرانەوە، فەرض کراوە! ( واتە پیاوی ئێرانن) لە کاتێکدا هەموو ئەوانەی ناویان هاتووە، زۆر بە حەذەرەوە، لە ترسی تەخویینی کوردایەتییەکەی پارتیی، ئەنووسن و هەندێجاریش تاپڕێ بە تورکیاوە بنێن، ئەوە چەند دۆشکا و شەست-تییرێک بە ئێرانەوە ئەنێن، بەڵام بۆ خەڵطی ئەوراق و دڕدۆنگیی و بێ متمانەیی، پارتیی ئەم مەلەفانە بە ئاسانیی دروست ئەکات! لە کاتێکدا، مەکتەبی سیاسیی و مێدیای یەکێتیی، نوطقیان لێوە نایەت، هەر ئەڵێی پارتییەکانی ناو یەكێتیی، بە عەمدەن و بە ئەنقەست، ئەم مەلەفانە دروست ئەکەن، بۆ راییکردنی دڵی ئاغای گەورە( پارتیی)
3. شەڕی عەلیی باپییر و حەمەی حاجیی مەحمود، شەڕی نێوان دوو قوطب و دوو هەژموونی ئێرانیی و تورکییە، گوایە کۆمەڵی دادگەریی بەرژەوەندییە ئەمنیی و قەومییەکانی ئێران لەبەرچاو ئەگرێ و رەخنەی لەسیاسەتەکانی پارتیی هەیە، لە بەرامبەریشدا، وێڕای ئەوەی حیزبی سۆشیالیست، لە مێژە، رەدیف و حەلیفی ئێرانە، بەڵام بەهۆی پارەی زۆری سەربەخۆیی ئابووریی و دزییە زۆرەکانی مەرجەعی کوردایەتییەوە، ریعایەتی ئەمنی قەومیی تورکیی و مەصاڵیحەکانی تورکیا و حیلفە دڵخوازەکەی لە ناو کورددا ئەکات و جاروبار بۆ وەرگرتنی مشتێ پارەی دزیی( کە لەخەڵکی کوردستان دزراوە) بە دڵی تەوقیتەکانی پارتیی، کارتێک فڕێ ئەدات! دووبارە بەشێک لە ئیسلامییەکان و بەشێکی زۆر لە نەتەوەیی و چەپ و عەلمانییەکان، ئەکات بەگژ یەکتردا و مەشغوڵیان ئەکات و پارتییش، خەریکی دزییە میلیارد دۆلاریی و بیزنسە گەورەکانە.
4. لەسەر نەورۆز و بنەچەی مێژوویی و بایۆگرافییەکەی، بۆ چەندەمیین جار و چەندەمیین ساڵ، هەندێ لە سەلەفییەکان و ئیسلامییەکانی تر ئەکات بەگژ ئیتۆمۆڵۆژیای نەورۆزدا، رێک وەکو مێنتاڵیتیی عوروبە و بەعثییەکان، بە دەستکردی مەجوسییەکانی لەقەڵەم ئەدەن، لەولایشەوە هەرچی چەگل و پەگلی چەپ و عەلمانیی هەیە، هەرچی ساقیطی نەتەوەیی و جەهلی نەژادیی و خورافاتی ئایدیۆلۆژیی چەپ و عەلمانییەکان هەیە، جەمیان ئەکاتەوە و بەگژ ئیسلامییە فەندەمێنتالیستەکانیاندا ئەکاتەوە و خۆیشی دەستی بە پشتوێنی ئیمامی مەرجەعی کوردایەتییەوە گرتووە، نەوت ئەدزێ و مانگانە لای کەم دەیان میلیۆن دۆلار بۆ بنەماڵەی بارزانیی و کوڕ و کوڕەزاکانیان خەزن ئەکەن و لەولایشەوە، ئەم حیزبە تەراتێن بە خەڵک ئەکات و مەشغوڵیان ئەکات!
5. سەرەنجامیش، بۆ ئیستیحماری( کەرکردن) گەلی کوردستانی عێراق و بگرە کوردی پارچەکانی تریش، سەردەمێک پرۆژەی جەهەننەمی سەربەخۆیی ئابووریی و “دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە”ی رائەگەیاند، دواتر بە دەستوری موخابەراتی تورکیی و شەخصی ئەردۆغان، پرۆژەی فاشیل و ساقیط و پڕ لە حەماقەتی سیاسیی “ریفراندۆم”ی تەبەنیی کرد( بۆ ئەجێندا موخابەراتییەکانی تورکیا)، لە دە ساڵی رابردوویشدا، عێراق و سوپاکەی بە سوپای ئیحتیلال! وێنە ئەکرد!؟عەرەب و شیعەی عێراقی بە ئەهریمەن ئەکرد، کەچیی ئێستا لەگەڵ صەدری طائیفیی و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی-سوننییدا، بەیانی رزگارکردنی عێراق و جەیشی موەحەدی عێراق و نە طائیفیی نە قەومیی، عێراقی عەظیم، ئیمزا ئەکات و بە فڕۆکەی سەربازیی دەوڵەتی عێراقیش، ژەنەراڵێکی پاراستن ئەنێرێت بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بیکات بەسەرۆک کۆماری عێراق!
سەرەڕای هەموو ئەو موغامەراتانەی پارتیی بە هەست و شعوری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی خەڵکی کوردستان و بگرە عێراقیش، ئەیکات، کەچیی مەشغوڵکردنی خەڵکی کوردستان،لە لایەن دزە گەورەکانی کوردایەتییەوە، لەم بێ پارەیی و بێ ژیانیی و بێ گوزەرانییەدا، برەوی هەیە وگوتاری زاڵ و قسەی زاڵ و ئەکتی زاڵ، هەر هیی پارتییە، چونکە نەیارە سیاسییەکانی پارتیی، لە سیاسییەکانەوە بۆ حیزبەکان، لە نوخبەکانەوە بۆ عەوام( بە من و تۆیشەوە) هیچیان و هیچمان گوتارێکی سیاسیی سەربەخۆی نیشتمانیی-عێراقییمان نییە کە دڕ بدات بەم گوتارە تیجاڕییە موخابەراتییە مورتەزیقەیەی کوردایەتیی و بۆ ئەبەد لە “زێرابی مێژوو”ی بکەین.
خۆشبەختانە، تا ئەم ساتەیش، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم مێزی قومارە و ئەو هەڵبژاردنە پڕ لە تەزویرەی عێراق، بەسەریاندا قڵپ ببێتەوە، بەڵام تا گوتارێکی خاوەن روئییەی سیاسیی و ئەکتی سیاسیی خاوەن روئیای دوورمەودا و مانیفێستی سیاسیی پڕ لە جەرائەتی سیاسیی و عەقڵانییەتی سیاسیی و واقیعییەتی سیاسییمان نەبێت، ئەوە صەدان و بگرە هەزاران جاری تریش، پارتیی و کوردایەتییە تیجاڕییەکەی و بیزنسە میلیارد دۆلارییەکانی، خەڵک بە شتی لابەلاوە مەشغوڵ ئەکەن و بە تەنیا و تەنیا، هەر خۆیان سیاسەت و بیزنس ئەکەن.