ئەوان خۆیان وایان وت

عادل عوسمان

 

لەکوێوە دەست پێبکەم، ئاستی شەڕ لە قۆناغێکی قورس و ھەستیاردایە. تەواوی گۆڕەپانەکانی شەڕی گەرم و نەرم ( تایبەت) ی داگیرکردوە. قسە لەسەر ھەموو گۆڕەپانەکانی شەڕوو تێکۆشان، لەوانەیە لەتوانای وتار یان چەند وتاردا نەبێت، چونکە ئەم شەڕە، شەڕی ئاواکردنی ژیانی ئازادە. بۆیە تاژیان بەردەوام بێت شەڕو تێکۆشین بەردەوام دەبێت. بەتایبەت ھەتا سیستەمی داگیرکاری تێکنەشکێت، شەڕ کۆتایی نایەت و ھێڵی تێکۆشانی ئازادی بەڕومەتەوە ئەوشەڕە بەرەوسەرکەوتن بەڕێوە دەبات.
لەناو ڕۆژە گەرمەکانی ئەم شەڕەدا سێ دیاردەی کاریگەری بەڕێوەبردنی ئەوشەڕە، قسەی لەسەر دەکەین کە شەڕی ئاواکردنی تاک و کۆمەڵگەی ئازادە بەدەستی ژن.
یەکەمیان: قسەی گەلاوێژ ھەمزەی باوک کوژراوی ( ئەوە قسەی خۆیەتی) شەڕی ناوخۆی کوردان. ئەو وتی من ” ھیچ کات شانازی بە باوکمەوە ناکەم و لەو سەرکردانەش نابورم، کە باوکم و ڕۆڵەکانی ئەم گەلەیان لەپێناوی خۆیان و دوژمندا دابەکوشت”. ئەو قسەیە پڕ واتایە، پێنانە لەجەرگی خۆو ئەو ئازارە گەورەی کەگەلی کورد تێیدا دەژی، بەدەست سەرکردە مافیاو بازرگانەکانی خوێن و پارە بەناوی کوردایەتیەوە. گەلاوێژ، لە ڕق لەباوکیەوە ئەو قسەی نەکرد، بەڵکو لەو ئازارەوە باوک و خیانەتیشی دادگایی کرد، کەبۆچی لەخزمەتی شەڕی بەرژەوەندی مافیاکاندا خۆت کردە قوربانی و خوێنی خۆت کردە ئاوی ئاشی ھێڵی خیانەت و بەکرێگیراویەوە، کە بەردەوامیەکەی ھاڕینی گیانی ڕۆڵەکانی کوردو بەرزبونەوەی ژمارەی زۆرو بەرزی باڵای پارەکانی سەرکردوە نەوەکانیانە. بەڵام بۆ کوردان درێژەدانە بەسیستەمی داگیرکاری و خیانەت.
بۆیە دادە گەلاوێژ، لە زمانی ژنانەوە بزماری لە تابوتی ھێڵی خیانەت داو ئەو سیخوڕو بەکرێگیراوەنەی دادگایی کردو بەگەلی کوردی وت؛ لە پێناوی دوژمناندا خۆتان بەکوشت مەدەن. ئەگەر بڕیارە خوێنی خۆتان بڕژن، ئەوا لەپێناوی ئازادی و یەکیەتی نەتەوەییدا بیڕێژن کە مرۆڤ بتوانێت شانازی بەو ڕەنج و تێکۆشان و قوربانیەوە بکات، کە ئازادی و سەربەخۆیی ئاشتەوایی بۆکۆمەڵگەو ناسنامە ئازادەکەی تاکی کوردو ژنی کوردی بەدەستھێنابێت. بۆیە لە تێکۆشانی ژندا شایی سەرکەوتن و پەنگاوەت دەبینم. ئەوە بزمارێک بو لەتابوتی ھێڵی خیانەت درا لەسەر دەستی ژن.
لەپەیوەند بە ڕوداوانەو کە زۆر گرنگە:
دووەمیان : ئەو دەربڕینە پڕ ھێژایەی، مھابادی خوشکی شەھید ڕیدۆڕی، دەستی سیخوڕی و جاسوسی و بەکرێگیراویە.کە لەدەسنیشان کردنی سەیارەکەیاندا لەڕێگەی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لەگەڵ سێ ڕێ ھەڤاڵیدا شەھید بون و بەکاروانی پڕلەخوێن و نەمران گەیشتن. ئەویش وتی؛ براکەم شەھیدی دەستی غەدری سیخوڕی و بەکرێگیراوی ناوخۆیە. بۆیە لەقەڵای دروستبونی سیخوڕی و تەسلیمیەتدا، قیڕاندی بەگوێی پیاواندا وتی ؛ (براکەم شەھیدی پاراستنی شەرافەت و ئەخلاقی دایکتانە، ئێوە بۆچی وا ملکەچن و لەدژی ئەردۆغان و تەسلیمیەت ڕاناپەڕن و داگیرکەرو سخوڕێتی لەناو نابەن)، ھەروەھا وتی ( براکەم لەپێناوی دووفلسی بەدەستھاتوو لەڕێگەی سیخوڕیەوە شەھیدبوو، بەڵام ئەمڕۆ کەسێ ڕۆژە شەھید بوە ھەر پێکەنین لەدەموچاویدا دەدرەوشایەوەو لێوەکانی بەخەندەوەبوو. دەزانن بۆ؟ چونکە بە عەقڵی داتەپیوی شوێن پارەکەوتوی بەکرێگیراوان پێدەکەنی! بۆیە پێدەکەنی لەبەر ئەوەی بەڕۆح و دڵ و ئیرادەی تێکۆشانەوە دەیزانی بەرەو کاروانی گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی ملی ڕێگەی گرتوە.
بۆیە ئەو ھاوارو بەگوێدادانەش، لێدانێکی کوشندەبوو لەو پیاو سالاریەی، کە تەواوی مێژوی ھەوڵ و تێکۆشانی خۆی تەسلیمی وەرگرتنی دوو پولی موچەیەکی سەرشۆڕانە کردوەو لەبەرامبەر بەھاکانی ژیانی ھەرەوەزی و پێکەوەییدا خەمساردانە تەسلیم بوەو ئەو ژیانە لە ژنی کۆیلەتیەی قبوڵ کردوەو ملی پێداوە. بۆیە ھەستانەوەی کۆمەڵگە لەسەر دەستی تێکۆشانی ژنی ئازاد دەبێت و دەبێت پیاوانیش شوێن تێکۆشانی ژنی ئازادو سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی بکەون.
بۆیە لەسەردەستی ژن، ئەوە بزماری دووەم بو لە تابوتی پیاوسالاری و بە پێشەنگی ژنی ئازاد.
سێھەمیان : دەربڕینە پڕ ھێژایەی ژنۆلۆژیستی ئەڵمانی پڕۆفیسۆر میچێڵد ئیخۆ بوو، کەوتی؛ مێژوی کۆمەڵگەبون لەسەردەستی ژن لە چیاکانی زاگرۆس و لە ئەشکەوتەکانی خوداوەندە عەشتارەوە دامەزراوەو سەرلەنوێ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ژیاوەتەوەو بڵاو بۆتەوە. بۆیە ئێمەش لە ڕۆژئاوای بەناو پێشکەوتودا، ئەزمون لەو ژیان و کۆمەڵگە ئازادە وەردەگرین و کردومانەتە سەرمەشقی ژیانی نوێ.
ئەو گوتەیە بۆ زۆر کەس و لایەن و ناوەند شۆک ھێنەری کوژەربوو!. لەبەر ئەوەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دونیایەک شەڕو شۆڕ، لەناوبردن، کوشتارو دروستکردنی مێژوی درۆینەی سەر ڕێ خستوە تانیشانی بدات، کە ئەوروپاو ڕۆژ ئاوای، لانکەی شارستانیەت و پێشکەوتنەو دەبێت تەواوی کۆمەڵگەکان وەک نمونەی ژیان وەریگرن. لەم نیشتیمانەی ئێمە بەھۆی بێ ھیوایی و تەسلیمیەتەوە خۆیان دەخەنە ناڕەحەتیەوە تابەو بەھەشتە خەیاڵیە دۆزەخ ئاسای ڕۆژئاوا بگەن!.

کاتێک دەگەن دەزانن چ وێرانەیەکەو وەک دۆزەخ دەیانسوتێنێت و ئاسمیلەدەبن و ھەست و بونی نەتەوەیی و تاکەکەسی دەشکێنێت و لەناو دەبات.
میچێڵد ئیخۆ، لەخۆرئاوای بەناو پێشکەوتوەوە ھاتوەتە کوردستان و لەمیزۆپۆتامیای لانکەی یەکەمین ژیاری کۆمەڵگەبوندا لەسەردەستی ژن، دەڵێت و ڕایدەگەیەنێت، ئێمە ئەو نمونە ئازادەی کۆمەڵگەو ژنۆلۆژی کەلە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاوا کراوە دەکەینە سەرمەشقی ژیانی ئازاد. ئەوە بەو مانایە دێت، کە گەلان و تاکی کۆمەڵگەی خۆرئاوا نەک ئازاد نین، بەڵکو بەدوای ئازادی خۆیاندا دەگەڕێن و لە ھزر و دونیابینی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکدا کەبە پێشەنگی کوردی ئازاد بنیات نراوە ، ئازادی خۆیان ئاوا دەکەن. کە ئەوە دەکاتە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و چارەسەری کێشەکانی ژیان و ئاواکردنی تاک و کۆمەڵگەی ئازاد.
بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت، ئاواکردنی ژیانێکی ئازادی گەردونیە بەپێشەنگی ژنی ئازادو لێدانێکی کوشندەیە لەمێژوی قڕکەری مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دونیابینی ئۆریانتاڵیزم ( ڕۆژھەڵاتناسی). بەناو شارستانیەتی خۆرئاوا نزیک بە ٤٠٠ تا ٥٠٠ ساڵە دەیەوێت دەست بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان، مێزۆپۆتامیاو زاگرۆس تۆرۆسدا بگرێت و نەقشی ژیانی کۆیلەتی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت و بەدرێژایی پێنج سەدە دەبێت وێنایەک لە پێشەنگی و پێشکەوتن خوازی بەگوێی خەڵک و بەبەری کۆمەڵگەکاندا دەدورێت. بەڵام لەسەر دەمی میچێڵد ئیخۆو ھاوسەفەرانی لە کەمپینی ( دەستپێشخەری نێودەوڵەتی بۆبەرگری لەکوردستان و دژی داگیرکاری تورکیا) دا بزماری مەرگی ئەو ئۆریانتاڵیزمە( ڕۆژھەڵات ناسیە)یان لەتابوتە بۆگەنەکەی ئۆریانتاڵیزم داو؛ وتیان پێشەنگی ژیانی کۆمەڵگەبون، زاگرۆس تۆرۆسەو بەری ڕۆژی مێژوو بە بێژنگی درۆو ھەڵگێڕاوە ناگیرێت! بۆیە سەر لەنوێ ئاواکردنەوەی ژیانی ئازادیش ھەر بە پێشەنگی ژنی کوردو لە میزۆپۆتامیاوە دەبێت. بۆیە ئەو ژیانەی پێویستە وەک نمونە وەرگیرێت، ژیانی ئازدای ڕۆژئاوای کوردستانەو ئێمەش نمونەکەی بەژیانکردن دەدەین.
لێرە لەم باشوری کوردستانەی کە مرۆڤەکانی خۆی ھەڵدێن و بە دوای بەھەشتی ئاواتەکانیاندا ڕو لەخۆرئاوا دەکەن! ژنە ئازادەکانی خۆرئاوا ھاتون و بەرگری لە کوردستان دەکەن و دەڵێن ” ئێمە نمونەی ژیانی خۆمان لێرەوە واتە لەڕۆژئاوای کوردستانەوە، وەردەگرین و ژیان ئاوا سەرلەنوێ ئاوا دەکەینەوە”. ئەوە بەو واتایە دێت لەسەردەستی ژنی ئازاد دوا بزماری مەرگی مۆدێڕنیتە لە تابوتەکەی دەدرێت.
بۆیە لەسێ ڕوداوی کاریگەردا، لەسەردەستی سێ ژنی پێشەنگدا بزمار لە تابوتی سێکوچکەی “خیانەت، پیاوسالاری و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری” دەدرێت، لەباشوری کوردستانەوە. ئەوە پشت ڕاستی ئەو نرخاندنەی بەڕێز ئۆجەلان دەکات کەدەڵێت ” شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنی ئازادە”.
لێرەوە جارێکی تر ئەوە دەسەلمێت، نە ئۆجەلان و نە جیھانبینیەکەی موڵکی مەعنەوی ھیچ کەس و لایەنێک نیە، بەڵکو موڵکی گەلان، پێکھاتەکان و کۆمەڵگەی ئازادەو لەھەرجێگەیەکی ئەم دونیاوە، وەک چارەسەری کێشەو قەیرانەکانی سیستەم و کۆمەڵگەکان خۆی نیشانداوەو بەسیستەم بوە، کە ئەویش سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ئازادە، کەلەسەر پێکەوەژیان و یەکتر تێرکردن ئاواکراوە، نەک سڕینەوەو لەناوبردن. ھەربۆیە تێکۆشەرانی ئەنتەرناسیونال لە ژیانی بەناو خۆشی خۆرئاواوە ھاتون و بونەتە دەنگی ئاشتی و پەیامەکەی بەگوێی شەڕانگێزان و ھەڵگیرسێنەرانی شەڕدا دەدەن.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *