تەڤگەری ئازادیی: کۆنفرانسی ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیان بەڕێوەچوو 

 

 

بە بەشداریی ١٥٠ ئەندام، و لە سەر بنەمای پەروەردە و ڕێکخستن، کۆمەڵگایەکی یەکسان بونیاتدەنێین”  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە گەرمیان، سێیەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا و تێیدا ١٨ ئەندامی نوێ بۆ ئەنجومەن هەڵبژێردران و هەریەک لە هەرێم مەحمود و شەیما عەدنان وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران.

لە سەرەتادا هاوڕێ جەبار، هاوسەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیان وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی پێشکەشکرد و وتی: بەهۆی قەیرانە دەستکردەکانی ئابووری، سیاسیی و سەربازییەوە دۆخێکی دژوار و ناهەموار بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، هەربۆیە ئێمەش بەگرنگمان زانی لەم کاتەدا خۆمان کۆبکەینەوە و خۆمان نوێ بکەینەوە، ئەم کۆنفرانسە لە تەواوی خانەوادەی شەهیدان پیرۆزدەکەین.

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی وتاری کردنەوەی کۆنفرانسی پێشکەشکردوو پیرۆزبایی ئەنجامدانی کۆنفرانسی لەهەموو خەڵکی گەرمیان و خانەوادەی شەهیدان کرد و ڕاشیگەیاند: سیستمێک ئێستا حاکمە کە کۆمەڵگا بەرەو لێواری مردن دەبات، ئێمەش بەشێکین لەو تێکۆشانەی کە دەبینە جێگرەوەی ئەو سیستمە، لە پێناو ئاشتی و پێکەوەژیان و دیموکراسی، ئەمەش وایکردووە کە تەڤگەری ئازادیی دەکرێتە ئامانج و لێی دەدرێت، ئەمە کاردانەوەیە بەرامبەر سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی و ئیرادەی ئازادی کورد.

ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێستا شەڕێکمان لەبەردەمدایە شەڕی مان و نەمانە و شەڕی ئازادییە ئێمەش بەشێکین لەوتێکۆشانە، نابێت دەستەوسان بین، بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە بونیاتنانەوەی تاک دەبێت، بونیاتنانی تاکیش بە ئیرادەیەکی ئازاد و فکرێکی دیموکراسی دەبێت.

هەروەها لەلایەن شەیما عەدنان، دیوانی کۆنفرانسەکەوە ڕاپۆرتی دۆخی سیاسیی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لە ئێستادا تەعریبی نوێ لە گەرمیان بەڕێوەدەچێت، ئەم سیاسەتە لە سەردەمی بەعسەوە بە تەرحیل و تەبعیس و تەعریب دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، دوو هۆکاریش بوون بە هاندەری زیاتری ئەم پرۆسەیە ئەوانیش، لەلایەک ڕیفراندۆمە  شکستخواردووەکە و لەلایەکی دیکەشەوە دەمارگیریی و شەڕی مەزهەبی شیعە و سوننەیە لە عێراق.

ئەوەشی تێدا هاتبوو، هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان زیانێکی گەورەیان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک داوە و شەقامیان ناچالاک کردووە، بە پێشخستنی دیاردەی بایکۆتکردنی بێدەنگ و مانەوە لە ماڵەوە، لەبری ئەوەی چالاکی ببەنە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک خاڵە سنوورییەکان و بیرە نەوتییەکان، ئەمەش وایکردووە دەسەڵات بێباکتربێت لەئاست ماف و داواکارییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

دواتر لەلایەن دیوانی کۆنفرانسەوە ڕاپۆرتی ڕەوشی ڕێکخستنی و ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ خوێندرایەوە و خرایە بەردەم ڕەخنە و پێشنیاری ئەندامانی کۆنفرانسەکە.

هەروەها لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، بە هەڵبژاردن ئەنجوومەنێک، کە لە ١٨ ئەندام پێکدێت هەڵبژێردران، هەریەک لە هەرێم مەحمود و شەیما عەدنان وەک هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەرێمی گەرمیان هەڵبژێردران.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

    

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شاری قەڵادزێ ئەمڕۆ ٢٤/٤/٢٠٢٤ نیو سەدە تێدەپەڕێت، بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیی و زامە قوڵ  …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *