سرووشتی ژن و جەستەی ژن

عادل  عوسمان

ئەم چەند ڕۆژە شەڕێک لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی باشوور ـ ڕۆژهەڵاتدا دروستبووە، لەسەر پاراستنی بەها ئەخلاقیەکانی ژنی ئازاد و ژنی بەکاڵاکراوی سیکسواڵی. باشوری کوردستان وەک بەڕێوەبەری شەڕی داگیرکاری خاوەن هێڵێکی سیاسی ڕێکخستنی دەستێوەردەری شەڕی تایبەت و دەستبردنە بۆ خراپکردنی کەسێتی ژن. ئەم ناوەندە، ناوەندێکی مەترسیداری بەرنامە بۆ داڕێژراوە، کەلەسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بە خراپترین شێوە شەڕی داگیرکاری و دوور لە ئەخلاقی شەڕ بەڕێوەدەبات. ناوەندی شەڕی تایبەتی داگیرکاری و لێدان لە بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەیەکی سروشتی ئازادە.

ژن وەک ڕەگەزێک کە لە ناو کورداندا بە ئاستی هێزێکی هوشیاری ڕێکخستنی مەزن گەیشتووە و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەکات و مۆری خۆی لە سەدەی ٢١ داوە و دیارە پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکیش بە تەلاری بەرز و ژنی ڕووت و پۆتۆکس و فیلەر کراو دەرناکەوێت، بەڵکو بە ژنە ئازادەکانی دەردەکەوێت. بۆیە شەڕیک کە لە کوردستاندا بەڕێوەدەبرێت، شەڕی ژنی ئازادە بۆ کۆمەڵگەیەکی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر. بەڵام ئەم ئازادیەی ژن، کە ئازادیەکی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی ئیرادەی ژن بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادە، پیاوانی کۆیلە، دەسەڵاتدار و سیستەمی داگیرکاری تەنگاو و تێکشکاو کردووە. بۆیە لە بەرامبەردا، بەهۆی پێشخستنی چەمک گەلی ئازادی جەستەی ژنەوە، لیبراڵیزمێکی تێکەڵ بە کاڵابوون و سیکسگەرایی هەوەسبازی تاکی پێشخستوە، کە جگە لەسووک کردن و بێ بەها کردنی ژن هیچی تری تێدا نییە، هەروەها کردویەتیە بوارێکی بەرهەمهێنانی بازرگانی و ئابووری بەجەستەی ژنەوە و بووەتە گۆڕەپانێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

هاتنە دەرەوەی ژن لەژێرباری ستەم و چەوسانەوەی پیاوسالاری بە هەڵوەشانەوەی خێزان و ڕاکردن لە بەها کۆمەڵایەتیە ئازاد و جوانەکان نابێت، بە ڕاکردن لە ماڵ و زێدی خۆو پەیوەست بوون بە ناوەندەکانی لەشفرۆشی و پڕوپاگەندەی نەشیاوەوە بە جەستەی ژنەوە نابێت. بەڵکو بە هزر و تێکۆشانی ئازادی و بەشداری لە هوشیاری کۆمەڵایەتی و چەمکی ئازادی ژن و بەڕێکخستن بوونی ژنی ئازادەوە دەبێت.

ئەو ژنە ئازادە بەتێکۆشان لە پێناو ئازادی خاک و نیشتیماندا عەشقی خۆی نیشانی گەلەکەی و ئازادیخوازان داوەو وەک ژنانی ئازاد دەڵێن “مرۆڤی بەنامووس و بەشەرەف، ئەو کەسەیە کەلەپێناوی خاک و نیشتیمان و ئازادیدا بە عەشقەوە تێدەکۆشێت.” 

بۆیە کاتێک بەراورد لە نێوان ئازادیە تاکەکەسیەکەی لیبراڵیزم و پۆست لیبراڵیزم و مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکدا دەکەیت، ئەو کات کارەساتی داگیرکاری و بەکاڵاکردنی ژن و لێدان لە بەها ئەخلاقیەکان و عەشق و ئازادی و نامووس و شەرەف تێدەگەین. ئەو کات لە قوڵی و کاریگەری شەڕی ئازادی ژن تێدەگەین.

تا لە مێژوی ژن و شەڕی پیاوسالاری و شکانەوەی دەستبەسەرداگرتنی ژن تێنەگەین، ناتوانین لە شەڕی ئازادی ژن و کاریگەریەکانی و لێدان لە هەوەسبازی پیرسالار و پیاوسالار و سیستەمی داگیرکاری و نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەر تێبگەین. بەو پێیەش ناتوانین لە چەمکەکانی نامووس، ئەخلاق، ڕەگەز و ژن تێبگەین. کاتێکیش لەو چەمکانە تێنەگەیشتین نازانین چۆن شەڕیک دەکەین و ئازادی و بەها ئەخلاقیەکانی ژنی ئازاد دەپارێزین و لەدەست دەدەین و دەبینە بوکەڵەکانی کۆمپانیا ڕیکلامیەکانی بازرگانی بە جەستەی ژنەوە.

لێرەوە دەچمە سەر ئەو لایەنەی کۆمەڵگە کە لەدژی ئەو بەکاڵا کردنەی ژنەوە دەوەستێتەوە، کە دوو ڕەهەندی هەیە:

یەکیان؛ وەستانەوەی کۆمەڵگەیە بۆ بەرگری لە بەها ئەخلاقیەکانی ژنی سرووشتی.

دووەمیان؛ پەرەپێدانی شەڕی داگیرکاری و تایبەتە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی ژن.

ناڕەزایەتیەکی زۆر لە دژی ئەو وێنەیەی کە گوایە پێیان نەزانیوە و وەک “ژن و مێرد” دەردەکەون دەرکەوت. زۆرێک لەوانە ئەو ناڕەزایەتیەیان بە کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانە ناساند و هەندێکیش بەناوی ئازادی تاک و جەستەی خۆمەوە پشتیوانیان لێکرد.

لە ڕاستیدا زۆرینەی کۆمەڵگە وەک سرووشتی کۆمەڵایەتی لەدژ وەستانەوەکەیان دیوی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتیە جوانەکانی هەیە، کە ئەو شێوازە دورە لە ڕەووشتە جوانەکانی کۆمەڵگەیەکی پێکەوەیی و دور لە بەرژەوەندی بازرگانی و پارە پەیداکردن. بۆیە بە سرووشتی خۆی پاراستنێکی مۆراڵی بەها کۆمەڵایەتیەکانە. ئەم کۆمەڵگەی کوردیە سرووشتیە بەرامبەر بەژن هێندە داخراوو کۆنەپەرستانە نەبووە، کە ژن ڕابکات و بچێتە ئەو ناوەندەی وەک تەنافی جاڵجاڵۆکە چێنراوە بۆ خراپکردن و لێدان لەژن و کردنی بەکاڵا و هۆکاری هەڵوەشانی خێزان و بەها پێکەوەییەکانی خێزانێکی سرووشتی.

ناکرێت هەر ناڕازایەتیەکی کۆمەڵگە بۆ بەرگری لە بەها کۆمەڵایەتیەکان بە کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی بچوێنرێت، دەکرێت کەمووکوڕی هەبێت و هێزەکانی فشار خراپ وێنای بکەن، بەڵام ئەرکی تێکۆشەرانی ئازاد ئەوەیە:

کە لە قووڵایی هێرشی ناوەندەکانی شەڕی تایبەت تێبگەن و بە هوشیاریەوە نەهێڵن فشارە نەرێنیەکانی ڕەخنەی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی بەها ئەخلاقیەکان بەلاڕێدا ببردرێت و بکرێتە شەڕی نێوان پێکهاتە و بەشەکان و پارچەکانی کوردی و کۆمەڵگە. ئازادی جەستە خراپترین گورزی نیولیبراڵیزمە بۆ لێدان لە ئازادی ژن! بەڵام لەولاوە کار لەسەر لێدان لە هەوەسبازی پیاو و سیکسواڵێتی ناکات. بەڵکو جەستەی ژن دەکاتە کاڵای شوێنە جیاوازەکانی نرخ جیاواز بۆ پیاوان و لە جەستە و ڕۆحی ژنی پێ دەدات.

لە ئازادی جەستەدا، حسابێک بۆ ڕۆحی ژن ناکرێت، بەڵکو لە ڕووی نرخەوە مێشکی ژنیش بەستراوەتەوە بە پارە و دەسکەوتەوە. “هەریەک لە ئەندامەکانی جەستەی ژن، دابەشی جۆر و کاتی چێژ بە پیاو کراوە و نرخەکەشی بەگوێرەی کات و جۆری جەستە و لەزەت دیاریکراوە” بۆیە ڕۆحی ژن، ڕۆحێکی مردوو، کاڵایەکی کەوتوو لەبەردەستی پیاو و چیژەکانیەتی.

لێرەوەیە چەندە ڕۆحی ژن چ سرووشتی، چ هووشیار بکوژرێت، ئەوەندە کۆمەڵگە دەمرێت و دەکوژرێت و بەوەش سیستەمە داگیرکاریەکان، قازانجپەرستەکان و بازرگانیەکان بە ئامانجی داگیرکاری و لێدان لە بەها کۆمەڵایەتیەکان دەگەن. 

لە کوردستاندا شەڕێکی بە بەهای ڕەگەزی لەدژی داگیرکاری، پیاوسالاری و کۆیلەکردنی ژن،بە پێشەنگی ژنی ئازاد و ئایدۆلۆژیای ژنۆلۆژی بەڕێوەدەچێت و لە ژێر گوتاری “ژن، ژیان، ئازادی” دا مۆری خۆی لەسەردەم داوە و پێویستە هوشیاری کۆمەڵگەی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستانیش لە ئاستی بەرپرسیاری ئەو تێکۆشانەدا خۆی بەڕێکخستن بکات و ببێتە کۆمەڵگەی ژنی ئازاد و ئەو ناوەندانەی شەڕی ڕەگەزی سووک و ڕسوابکات. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی پارچە و بەشەکانی کوردستان نەکەونە داوی شەڕە جۆراوجۆرەکانی تایبەتەوە و یەکیەتی و یەک پارچەیی تێکۆشانی ئازادی بە هوشیاریەوە بڵند بکەن و پارێزگاری کە بەهاکانی خێزانی بە ڕێکخستن کراوو هوشیار و کلتوری بکەن.

 

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …