کامیار سابیر
١- مەعلومە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق(بە هەرێمیشەوە)، هەموویان دز و مافیای سیاسیی و تاڵانچیین لە هەمبەر ئابووریی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقدا، بەڵام ئایا بایکۆتی(بۆیکۆت) هەڵبژاردن، هیچ پەیامێکی سیاسیی، بە رای گشتیی عێراقیی و جیهانیی ئەدا؟
٢- بەشێکی زۆری ئەوانەی داوای بایکۆت ئەکەن بە بیانووی ئەوەی بەدییلی سیاسیی نییە و هەموویان دزن و بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکەیاندا گاڵتەجاڕییە! بەڵام ئەوەی کە حیزبێک نییە یان کۆمەڵێ کاندیدی باش نیین، هەر خەتای دەسەڵات و سیستەمەکە نییە، خەتای خۆیشمانە کە نەمانتوانیوە لە ماوەی ٣٠ ساڵ شکست و دزیی و چەتەگەریی ئەمانەدا، دەروویەکی سیاسیی لە خۆمان بکەینەوە.
٣- بایکۆت سلبییات و ئیجابییاتی هەیە، ئەگەر لە ئاستی عێراقدا بکرێ و مونەظەم بێت و زۆربەی شارەکانی عێراق بگرێتەوە، دەنگ و ئەکتەکە جێکەوت ئەبێ و ئیجاببییە بەڵام لۆکاڵیی بێت و زیاتر لە رانییە و قەڵادزێ، یان هەڵەبجەو گەرمیان، یاخود چەمچەماڵ و سلێمانیی بێت و لە هەولێر و بادینانیش، حیزبی رەسەنی کوردایەتیی، بە ئارەزووی خۆی تەزویر بکات، هەروەها مولحەقەکانی پارتیی لە زۆنی سەوز، تەزویری خۆیان باشتر بکەن، ئەوە عوذرەکەی لە قەباحەتەکەی خراپترە.
٤- هەندێ کەس و حیزبی بچووک و ئایدیۆلۆژیی هەن، بە شیعار سیاسەت ئەکەن، سیاسەت بە رەشوسپیی ناکرێ، دێمۆکراسیی وێڕای ئەوەی خراپیی زۆرە، بەڵام لە هەموو بەدییلەکانی تر گونجاوترە، ئەوەی لەناو ئەو هەموو هێزە طائیفیی و قەومیی و ئایدیۆلۆژییەدا، هێزێکی کەمێک باش نییە دیفاع لە عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بکات، فەشەلی هەموو نوخبەی سیاسیی و رۆشنبییریی و کۆمەڵایەتیی تەواوی عێراقە، بایکۆت، دڵدانەوە و خۆخوساندنەوەیە لە خەیاڵاتی سیاسییدا و تەنیا و تەنیا، ویژدانی شەخصیی کەسی بەشدارنەبوو، بیمار ئەکات و کاتییشە.
٥- هەڵبژاردن هەر ئەکرێ، دز و مافیا گەورەکان و حیزبەکانیان، بە پارە و تەزویر، کاندیدەکانیان، دەرئەچێنن، چوار ساڵی تریش هەر ئەبێ بیخولێنینەوە و بە دیار دەوڵەتی کوردیی و خورافاتەکانی پارتیی و یەکێتییەوە، دانیشین، لەناو ئەو هەموو خراپانەدا، خۆ ئەکرێ دەنگ بە هەندێ کاندید بدرێ لە هەندێ بازنەدا کە لای کەم سەرئێشە بۆ دزەکانی کوردایەتیی، لە بەغداد دروست بکەن.
٦- هەرکەس بایکۆت ئەکات، ئازادە و ئەبێ تەقدیری رایەکەی بگیرێت، هاوکات نابێت تەخویینی ئەوانە بکرێ کە دەنگ ئەدەن. من ئەگەر دەنگم بدایە، لە هەر بازنەیەکدا بوومایە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دیینداریی، بێ دیینیی، ئینتیمای سیاسیی ئەم حیزب و ئەو حیزب، یان ئەوانەی سەربەخۆن و لە لیستدا نیین، دەنگم بەو کاندیدانە ئەدا کە ئەم خاڵانەیان تێدا بێت:-
ئەلف- نەتەوەیی و نەژادیی نەبێت و باسی فشەفشی یەکڕییزیی دزەکانی کوردایەتیی نەکات و باوەڕی تەواوی بە سیادەی تەواوی عێراقی فیدراڵ هەبێت(بە هەرێمی مافیاکانی پارتیی و یەکێتییشەوە) و باوەڕی بە لێسەندنەوەی مەلەفی نەوت لە دزەکانی کورد، هەبێت.
بێ- طائیفیی نەبێت و رقی کوردی نەخۆشی سوننیی، بەسەر عەرەب و تورکمانی شیعییدا نەڕێژێت و خزمەتی ئەجێندا طائیفییەکانی حیلفی سوننیی-عەرەبیی-تورکیی-ئیخوانیی نەکات.
ج- عیزەتی نەفسیان بەرز بێت و خۆیان بۆ پارە و پۆست و صەفەقات نەفرۆشن(نە بە حیزبە کوردییەکان و نە بە حیزبە عێراقییەکان).
د- لە بەغداد، دژایەتیی سیاسەتی چەتەگەریی دوو فاشیلتریین بنەماڵەی سیاسیی کورد(بارزانیی و تاڵەبانیی) بکەن و فەضیحەتە سیاسیی و ئابووریی و موخابەراتییە ئیقلیمییەکانیان، ئاشکرا و فەضح بکەن.