راپەرینی پێنجی ئاداری ١٩٩١ کەلە شاری رانیەی دەروازەی راپەرین و حاجیاوا و چوارقورنە بیتوێنی رەنگین بڵێسەیداو دەستی پێکرد لەماوەیەکی کورتدا هەمووکوردستانی گرتەوە شار بەشار ودێبەدێ تادەگاتە کەرکوک و حەمرین ئازادکرا و دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنی و سەربازیەکانی ئەورژێمە داپڵۆسێنەرە لەلایەن گەلەوە دەستیان بەسەرداگیرا، ئەو راپەرینەی بەدەست پێشخەری هێزی گەل دەستیپێکرد لەیەکەم هەنگاویدا سەرکەوت و بووە رچەرخانێکی مێژوویی و کاریگەر و دەرفەتی مەزن و بایەخداری بەدوای خۆیداهێنا، راستە لەوکاتەدا رژێمە خوێنرێژەکەی سەدام لەشەری کەنداودا بەتەواوی گۆشیرو گەمارۆ دراوبوو بەهۆی سیاسەتە شەرنگێزیەکانی رووبەرووی شکست وداروخانێکی گەورە ی سەربازی وئابووری ببۆوە بەڵام فاکتەری یەکەم و کاریگەر ئەو ئیرادەو یەکگرتوویەی سەرجەم چین وتوێژە کانی گەل بوو کەئەو رژێمە دکتاتۆرە کۆمەڵکوژەی بەچۆکدا هێنا کەبۆماوەی ٣٥ ساڵ بوو بە کوشتن ولەسێدارەدان وراگواستن وتەعریب وکۆمەڵکوژکردن بەدرندانەترین شێوە خۆی بەسەر گەلی کوردو گەلانی عێراقدا سەپاندبوو، راپەرین قۆناغێکی نوێی هێنایەکایەوە لەتێکۆشانی خەباتی ئازادی خوازانەی گەلی کورددا ، بەڵام مەخابن جۆش وخرۆشی ئەوسەرکەوتنانەی گەل هەر زوو کەوتە بەر زەبری دەسەڵاتخوازی و تاڵانکاری و دابەشکاری و ناوچەگەری حیزبە دەستدارەکان لەسەر حسابی رەنجی گەل و وخوێنی شەهیدەکان بەدەست هاتبوو، ئیدی ساڵ لەدوای ساڵ دەسکەوتەکانی راپەرینیان لەباربرد و ڕێبەرایەتیەکەیان لەدەستی گەل دەرهیناو کەوتە دەست ئەوحیزب و کەسانەی کە لەشاخەکانی کوردستانیش مێژوویەکی پر لە شەرو دووبەرەکیان هەبوو ، هەر ئەو عەقڵیەتە لەپێناو خۆسەپاندنی زیاتر کەوتنە ململانیی یەکتری و تاڵانکردنی سامانی گشتی و راکێشانی هێزی داگیرکەران بۆسەرخاکی کورردستان و دەر ئەنجام شەری ناوەخۆو شەری شۆرشگێران و تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی بەدواداهات بەکورتی ئەوەی دووژمنان پێیاننەکرابوو ئەوانکردیان، ئێستاش دوای ٣١ ساڵ لەحوکمرانیە و هاتنە کایەیی رووداو گۆرانکاری کاریگەر لەناوچەکەدا تادەگاتە رۆژی ئەمرۆ باشوری کوردستان نەبۆتە خاوەن دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کەجێی باوەری گەل بێت، دادگاکان و پەرلەمان پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتیانە بەهۆی ناپاکی و دەست تێوەردانی حیزبی بێرۆڵ کراون، بەپێچەوانەی ئامانجەکانی راپەرین بە سیاسەتێکی نادیموکراتی و وابەستە بەداگیرکەران بەردەوامیان بە قۆرخکاری دەسەڵات و گەندەڵی ونادادی و تاڵانی سامانی گشتی دا و بە شێوازی توندو تیژ روبەروی نارەزایەتی و داخوازی یەکانی کۆمەڵگا بووونەتەوە ئەوعەقڵیەتە دەسەڵاتدار و بەرژەوەند خوازە باشوری کوردستانی رووبەروی بێهیوایی و قەدەری نادیار کردۆتەوە پێشێلکردنی ئازادیەکان و سنوردارکردنی رایئازدو ناچارکردنی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و بڵاوبوونەوەی مەترسیداری مەوادی هۆشبەر وبێکاری هەژاری رەشەکوژی ژنان و کەمی خزمەتگوزاری ودەیان دەردی تر بەرۆکی خەڵکی گرتووە بوەتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، بۆیە لەوبۆنە مێژوویەدا کە بە یەکگرتووی هێزو ئیرادەی گەل راپەرینی تیاداسەرکەوت بەسەر ستەم و نادادی ودیکتاتۆریەتدا دەبێت بەهەمان روحیەتەوە راپەرینێکی دیموکراتیانە بەردەوامی پێبدرێت و دەسەڵاتداران ملکەچی داخوازیەکانی گەل بکرێن دەڤەری راپەرین هەمیشە لەپێشەوەی نارەزایەتیەکان بووە و لەوپێناوەدا هیچکات دوانەکەوتووە بەردەوام لەبەرامبەر ستەمکارو گەندەڵکاراندا راوەستاوەو سەری بۆ هیچ زاڵمێک نەوی نەکردووە بەکردەوەش ئەوەی سەلماندووە هەرلە هەڵوێستە نەتەوەیی یەکان و پشتیوانیەکانی لەخۆراگری رۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاو تیرۆرستە هاوپەیمانەکانی و هێرشەداگیرکاریەکان بۆسەر باشوری کوردستان و چالاکیە جەماوەری دیموکراتیەکان بۆ ئازادی رێبەرئاپۆ ، هەروەها نارەزایەتیە بەردەوامەکانی گەل بۆ ئازادی ودادپەروەری سەرچاوەکەی لەروحیەتی زیندوی راپەرینەوە سەرچاوی گرتووە ، ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەوگەلە هێزوو توانای ئەوەی هەیە رووبەرووی کیشەو قەیرانەکان ببێتەوە و سەرکەوتنیش مسۆگەربکات و بەهیزو ئیرادەی خۆی چارەسەری کێشەکانی بکات، لەسەر ئەوبنەمایە وەک تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەموو تواناو هێزی خۆمان دەخەینە خزمەت سەرخستنی ئامانجەکانی راپەرین و پێشەنگایەتی و راستەرێکردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی لەسەرئەوبنەمایە پابەندی خۆمان بەروحی شەهیدانی راپەرین و سەرجەم گیان بەختکردوانی رێگای ئازادی کوردستان رادەگەیەنین بۆئەوەش داوا لە تەواوی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگاو ژنان وگەنجان، کەسانی ئازادی خواز و وڵاتپارێزان دەکەین بەروحیەتی راپەرینێکی سەردەمیانەو ودیموکراتیانە و باوەر بەخۆ بوونەوە خۆیان رێکبخەن و بەرێبازو هزرێکی نوێوە پەرەبە تێکۆشانی دێموکراتیانە بدەن.
نەمری بۆ شەهیدانی راپەرین و سەرجەم گیان بەختکردوانی رێگای ئازادی. سەرکەوتوبێت خەباتی دیموکراتیانەو ئازدی خوازانەی گەلی کورد.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کەردستان
ئەنجومەنی هەرێمی ڕاپەرین
٤/٣/٢٠٢٢