دەسەڵاتخوازی و نەشئەی سەرکەوتن

 

عادل عوسمان

 

لەمێژوی گەلی کورددا شایەدی زۆرێک لەنسکۆو سەرکەوتن و تێکشکانین. ھەموو ئەوانە لەبەردەوامی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورداندا، سەرلەنوێ سەرھەڵدانەوەی بەرگری و بەرخۆدانی زیندوو کردوەتەوە. بەھۆی زیندویی گەلی کوردەوە لەدوای ھەر نسکۆیەک ھەستانەوە بەباڵای تێکۆشانی گەلی کورددا بڕدراوە. بۆیە بەھۆی ئەوزیندوێتی و ھەستانەوەیەوە دوژمنان نائومێدبون لە سڕینەوەو کۆتایی ھێنان بەکورداندا. بەخەمێکی زۆرەوە ئەم بەرگری و ھەستانەوەیە نەبوەتە بزوتنەوەو تێکۆشانێکی نەتەوەیی و دیموکراتیک. چەمک و تێگەیشتنەکان لەدەوری سەرکردە، کاریزماو حیزب گرساوەتەوەو بەوە دوژمن توانیویەتی کاریگەری و ویستی خۆی لە تەسلیمیەت، ھێرش و تێکشکاندا بەدەست بێنێت. لەمێژوی سیاسی کورداندا شاھیدی پیلانگێڕی، نانەوەی ناکۆکی، تەسفیەو شەڕھەڵگیرسانی زورین، کەئەوە بوەتە ھۆکارێکی خراپ لەدژی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی کوردان.

دوبەرەکی خستنە نێوان ھێزەکان، کەسەکان و سەرکردەکان یەکێک لە پیلانگێڕیە بەرچاوەکانی دەستێوەردانی ھێزە دەرەکیەکان بوە. پارچەبونەکانی ناو پارتی دیموکرات، یەکێتی نیشتیمانی، حیزبی شیوعی، ئیسلامیەکان و چەپگەراکان ھەموی شاھیدی ئەو ڕاستیانەن کە لێدانی کوشندەیان لە سیاسەت و کۆمەڵگەداوە. نەیانھێشتوە و نەویستراوە کە سیاسەت دیموکراتیزە بکرێت و کۆمەڵگەش بەشدار بێت لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبەریدا. بۆیە ھەرشت پەیوەست کراوەتەوە بە حیزب و فیگەرە دیارەکانەوە. کەئەوەش بۆخۆێ کەشێکی نەخوازراوی دروستکردوە. کە ھەمیشە پەرەی بە ناکۆکی و شەڕو یەکتر سڕینەوە داوەو ئەوەی ھێزیشی لەدەستدابوبێت براوەبوەو لایەنی بەرامبەری بێکاریگەرو بچوک کردوەتەوە، کەلەکۆتاییدا یان ھەڵوەشاوەتەوە، وەک نمونەکانی پارتی گەلی، پاسۆک و ئاڵای شۆڕش و گۆڕانن. یان تەسفیە کراون و سڕدراونەتەوەو کۆتاییان پێھێنراوە.

ھەموو ئەو کارانە لەچەمکی دەسەڵاتخوازیەوە سەرچاوە دەگرێت، کەلایەنی براوە نەشئەی سەرکەوتن دەیگرێت و لەخۆبایی دەبێت. وەک نمونەی ٣١ئاب یان کارەساتی دوای ڕیفراندۆم. ئێستەش ھەلومەرجێک ھاتوەتە پێشەوە کە کێشەیەکی گەورە لەنێو ماڵی یەکێتی نیشتیمانیدا ڕویداوەو پێویست دەکات بە حیکمەتەوە بەگوێگرتن لە ئازاری دڵ و دوبارەنەبونەوەی مێژوی کۆندا نەڕوات. نەشئەی سەرکەوتن، لایەنی براوە نەگرێت و تەڕو وشک پێکەوە نەسوتێنن. لەودیو سنوری ڕوداوەکەوە ھێڵێکی ھێرشبەری داگیرکاری خۆی حەشارداوەو دەێەوێت ئاگری شەڕێک ھەڵگیرسێنێت کە تەواوی دەسکەوت و ھەبونی کوردان بسوتێنێت. بۆیە ئاگاداربون لەدۆخێکی لەوشێوەیە و ھەرچی زیاتر کارکردن لەسەر دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و بەشداری کردنی کۆمەڵگە لەبەڕێوەبەریدا کێشەکان بە ئاراستەی چارەسەری باشتردا دەبات و ڕێگە لە گورگە خۆحەشارداوەکانیش دەگرێت کە دەستێوەردانی دۆخەکە بەئاراستەی خراپدا ببەن.

هەروەها چێکی بکە

ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات   حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *