سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان دەڵێت” دەسەڵاتدارانی هەرێم بێدەنگن بەرانبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و هیواداریشم قسەکەی بارزانی لەسەر حەرامکردنی شەڕی کورد بە کورد بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت و هەروەها دەشڵێت: ئەگەر یەکڕیز و تەبانەبین، پەرلەمان و حکومەت نامێنێت، هەرچی یاساش دەربکرێت کاری پێناکرێت، پێشمەرگەش نامێنێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، بۆیەکەمجار کۆمەڵک پرسی هەستیاری تایبەت بە ناوخۆی یەکێتی و کۆنگرەی یەکێتی و پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی دەوروژێنێت.
جەمیل هەورامی، لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بە دۆخی ئابووریی پێشمەرگە دێرینەکان دەکات و دەڵێت: دۆخی پێشمەرگە دێرینەکان لەئاستێکی زۆر خراپدایە و چەندین جاریش سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانمان کردووە تائێستاش هیچمان بەکردار بۆ نەکراوە، هەندێکیان بەهۆی نەخۆشیی و کرێ خانووەوە دۆخیان هێندەخراپە، هەندێجار لەنێوان خۆماندا هاوکاریی کۆدەکەینەوە بەمەستی هاوکارییکردنی ئەندامەکانمان.
“ئیدانەی هێرشەکانی تورکیامان کردووە”
سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی تورکیا و ڕۆڵی پێشمەرگە دێریەنەکان باس لەوەدەکات، کە لە بەیانی کۆنگرەکەیاندا، داوای یەکڕیزیی و ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کردووە، بەنیازیشن جارێکی ترسەردانی حزبەکان بکەنەوە بۆ ئەو مەبەستە، جەختدەکاتەوە لەوەی، مەبەستیانە بە یەکهەڵوێستیی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، ئەزموونەکە بپارێزن.
“یەکڕیز نەبین، پێشمەرگەش نامێنێت”
سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان وتی: یەکڕیز و تەبانەبین نەک مافی پێشمەرگە پەرلەمان و حکومەتیش نامێنێت، هەرچی یاساش دەربکرێت کاری پێناکرێت، نەک مافی پێشمەرگە پێشێل دەکرێت پێشمەرگە خۆشی نامێنێت.
“پەیوەندیی پارتی ویەکێتی و پارتی و گۆڕان بەرەوخراپی دەڕوات”
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی یەنەکە و پەدەکە و ڕوونیکردەوە، هەڵوێستی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بەرامبەر بە وەزیرەکەی گۆڕان و یەکێتی و دواتر بەشداریینەکردنی هەردوو وەزیرەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، دەلالەتە لەوەی پەیوەندیی پارتی ویەکێتی و پارتی و گۆڕان بەرەوخراپی دەڕوات.
“پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیی خراپە”
وتیشی: پارتی کۆنگرەی یەکێتی پێ باش نەبووە، چونکە ئەنجامەکەی ئەوەبوو بە پارتی بڵێن نا، تائێستاش پارتی پیرۆزبایی لێ نەکردوون، ئەمە یەکەمجارە کۆنگرە ببەسترێت و پیرۆزبایی نەکەن، دەبوو کاک مەسعود وەک مامێک و برایەکی گەورەیان، ڕێنمایی بکردنایە و دەستخۆشی لێ بکردنایە، نەک پیرۆزبایشییان لێ نەکات، هاوسەرۆکانی یەکێتی یەک سیاسەتیان هەیە، ئەو نوێبونەوەیەش پارتی پێی باش نەبوو، بۆیە پەیوەندیەکانی ئێستای پارتی و یەکێتی خراپە.
لەبارەی پەیوەندیی بەرپرسانی یەنەکە بە پەدەکەوە دەڵێت: برادەرمان هەبووە مرونەتی هەبووە بۆ پارتی باش دڵی لای یەکێتیی نەبووە، زۆرینەی مەکتەبی سیاسی ئەوسا وەک ئێستا بیریان دەکردەوە، بەڵام چەند کەسێک بوون مورونەتیان لە گەڵ پارتی هەبوو، سیاسەتی ئێسای یەکێتی لە ناوەڕۆکدا هەمان سیاسەتی پێشترە، تەنها دەموچاوەکان گۆڕاون
پەیوەندیەکانی یەکێتی و پەکەکە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژنیوزبوو لەگەڵ جەمیل هەورامی و لەو بارەیەوە وتی: یەکێتی لەڕووی مادیی و مەعنەوییەوە هاوکارییەکی باشی پەیەدەی کردووە، بەڵام یەکێتی هاوکاریی پەکەکەی نەکردووە، پەکەکە ئەمەی پێویست نییە و خۆی توانایەکی باشی هەیە، ئەندامەکانی لە دەرەوە هاوکارێکی باشین، وەک ئەندامەکانی حزبەکانی ئێرە نین هەردەست پانکەنەوە بۆ پارە، ئەوان پارە پەیدا دەکەن بۆحزبەکەیان لەبەرئەوە پێویستیان بە ئێمە نییە .
“تەسەور دەکەم پەکەکە لەڕووی سەربازییەوە لە ئێمە بەهیزتر بێت”
هەروەها وتیشی: من تەسەور دەکەم لەڕووی سەربازییشەوە لە ئێمە بەهێزتربن، ئەوان خاوەنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانن لەدژی تورکیا بەکاری دەهێنن، ئێمە حکومەتیشین و خاوەنی وەزارەتی پێشمەرگەشین و هاوپەیمانانیش هاوکارمانن، تائێستا نەماتوانیوە ئەوە بکەین، هەرچەند کۆمەڵێک چەکی تازەیان پێداوین، بەڵام پەکەکە خۆیان ئەو توانایەیان هەیە وپێویستیان بەهاوکاریی ئێمە نییە، ئەوان زیاتر پێویستیان بەهاوکاریی مەعنەوییە، گەریلاکان لەئێمە شەڕکەرترن، وەک ئەوسای ئێمە، بەڵام ئێمە ئێستا وەک ئەوسا نەماوین، ئەوان تەنها پشتیوانی مەعنەویی و سیاسییان دەوێت، لای خۆشمەوە هاوسۆزیانم .
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بیێدنگی حکومەتی هەرێم، تەوەرێکی تری چاوپێکەوتنەکەبوو، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان دەپرسێت، بۆبێدەنگن؟ دەشڵێت: هەق وایە ڕاگەیاندنەکان لە حکومەت بپرسن، پەکەکە خۆی توانیویەتی لە ئەوروپا پشتیوانیی و دۆست بۆخۆی دروست بکات، کۆنگرەی نەتەوەییش ڕۆڵی خۆی هەبووە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەوروپاوە هاتن کورد و غەیرە کورد هاتنە هەولێر بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا و گیراوانی بادینان، هەرچەندە لە هەولێر ڕێگەیان نەدان و گەمارۆیاندان و هەتا لێشیان دەستگیرکرا
“دەبێت لێیان بپرسین بۆ بێدەنگن”
“لەدەرەوە جموجوڵ لەدژی تورکیا هەیە و دەچنە سەر سەفارەتەکانیان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەپەرلەمانی ئەوروپی و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی، بۆیە هەقە لێرە بە حکومەت بوترێ هەرچی من دەیڵێم ڕەئی پێشمەرگە دێرینەکانە و تەنها هی یەکێتی نییە و هی هەموحزبە بەشدارەکانی کۆمەڵە کەیە، بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم خراپە و ئەوبێدەنگیەیان نیشانەی پرسیاری لەسەر دادەنرێت، بۆچی ٧٠ پایەگای دووژمنێک و داگیرکەرێکی کوردستان هاتووەتە ناوخاکەکەتەوە تۆقسە ناکەی؟، دارت دەبڕن بێدەنگی، هاوڵاتیت دەگرن و شەهیدی دەکەن بێدەنگی ئەوە سەیرە، دەبێت لێیان بپرسین بۆ بێدەنگن” جەمیل هەورامی وای وت.
هەروەها، هۆشدارییدا لەوەی، ڕیزی بارودۆخی کوردستان لە هەموو کاتێک و تەنانەت لە سەردەمی چاڵدێران مەترسییدارترە، کە کوردستانی تیادا دابەش کرا بە سەر دوو ئیمپڕاتۆریەکەدا، هەروەها لەسایکس بیکۆ و وتیشی: ئێستا میللەت لە مەترسییدایە، تەجروبەکەمان و ڕەنجی سەدان ساڵەی میلـلەتەکەمان لەخەتەرایە دوای ئەوهەموو شەهیدە، ئێستا تەجروبە کەوتووەتە خەتەرەوە، کوردستان داگیر دەکرێت دەیانەوێت کورد لەناو بەرن بەتایبەت تورک .
جەختدەکاتەوە، تورکیا ئامانجی پەکەکە نییە و بەپێی نەخشەکەی پشتەسەری ئەردۆغان نەخشەی ئیمپڕاتۆری عوسمانییە و هەندێ وڵاتی تیانیە بۆنمونە بۆسنە و هەرسک، ئەو بەشەی ئەوروپای تیا نییە، هەتا قوبرسیشی تیا نییە، کە تورکیا خۆی کردوویەتی بەدەوڵەت، بەڵکو سوریا و بەشێکی عێراقیشی هەنێک جار تێدا نییە، بە ئاشکراش دەڵێن ویلایەتی موسڵ و کەرکوکیش هی ئێمەیە، بودجەیەکی تایبەتیشیان بۆویلایەتی موسڵ داناوە و خەرجی دەکەن بۆ شەڕ و داگیرکردنی کوردستان
سەبارەت بەسەردانەکەی مەلابەختیار بۆلای مەسعود بارزانی، سەرۆکی کۆمەڵەی پشێمەرگە دێرینەکان، کە دەوترێت، گوایە بارزانی وتویەتی، شەڕی وکرد و کوردی حەرام کردووە، جەمیل هەورامی وتی: ئاگام لەوسەردانە نییە، ئەگەر کاک مەسعود شتی وای وتبێت شەڕی کورد بە کوردی حەرام کردبێت، پشتیوانیی دەکەم بە مەرجێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت.
هەروەها، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی، بۆچی حکومەتی هەرێم وعێراق بێدەنگن لەدەستدرێژیەکانی تورکیا پێ داناگرن لەسەر ئەو داگیرکارییە و وتی: ڕێککەوتنی سەدام و تورکیا بۆڕێگەدان نەبووە بە مانەوەی تورکیا لە خاکی عێراق، باشیک ٤٠ کیلۆمەتر دوورە لە سنووری تورکیا، قەڵادزێ و گەڵاڵە و کونەماسی و ئەزمەڕ ئەمە ٤٠ کیلۆمەترە، سەرم لە هەردوولا سوڕماوە نەعێراق بەرگریی لەسیادەی خۆی دەکات، نە هەرێمیش دەنگدانەوەیەکی ڕاگەیاندنی وای دروستکردووە ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، حکومەتی هەرێم هیچ کارێکی نەکردووە هەندێک حزبیش ڕەنگە شتێکی کەمیان وتبێ ئەویش ئەوە نییە .
جەمیل هەورامی، پێیوایە، ئەوحزبانەی بەشدارن لە حکومەت، لەم هەڵبژاردنەدا باجی بێدەنگییان دەدەن بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا، خەڵک دەنگیان ناداتێ و باسی لەوەکرد، تۆ ئامادە نەبی بەرگریی لە هاوڵاتیان وڵات وخێروبەری بکەیت، ژینگەی وڵاتت وێران بکەن تۆقسە نەکەیت، چۆن دەنگت دەدەنێ؟.