تەڤگەری ئازادیی: بڕیارەکە سیاسییە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە

تارا حسێن هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی  کۆمەڵگەی کوردستان رەخنەی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق گرد و  ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و تانەی لێ دەدەین و بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە دراوە و دەستی دەرەکیی و خیانەتی لە پشتە.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بە هەڵوەشاندنەوەى سێ حیزبی کوردیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، هەریەك لە (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی) هەڵدەوەشێننەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دژی ئەم بڕیارە،  بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان سەلام عەبدوڵا و تارا حسێن  و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی، لە نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

تارا حسێن  لە گۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسیی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە کاتێکدا لە ١٧ـی ١٠ـی ٢٠١٤ وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوەبردووە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسیی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بووین.

وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هیچ ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییەکمان بۆ نەهاتووە، وەک دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگریکردن لە خۆمان پێ درابێت، ئەم بڕیارە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر دادگاکانی عێراق، ناکرێت هێزێکی سیاسیی فەرمیی، کە بەهیچ جۆرێک کاری نایاسایی نەکردووە و ئەندامانیشی لە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییدا بەشدار نەبووە و بچووکترین لادانمان نەبووە، بڕیارێکی وای لە دژ دەربکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و پێمانوایە ئەم بڕیارە یاسایی نییە و بە پێشێلکاری گەورەی سیاسیی و یاسایی لە قەڵەمی دەدەین، بۆ ئەمانەش بەڵگەمان هەیە و هیچ بەڵگەیەک لە دژمان نییە.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی جەختی لەوەکردەوە: تەڤگەری ئازادیی پارە و سەرچاوەی دارایی لە هیچ هێز و گرووپ و لایەنێک وەرنەگرتووە، جگە لە هاوکاریی گەل و ئابوونەی ئەندامانی، کە ساڵانە یەک مانگ تەرخان دەکەین بۆ وەرگرتنی هاوکاریی لەگەل، تەنانەت تاکە حزبین کە سەرچاوەی داهاتمان ئەوەندە شەفاف بێت، ئەو بڕیارە لە دژی پڕەنسیپ و بڕیار و مەبدەئی ئێمەیە، ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، ڕووی دەممان دەکەینە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادیی کارێکی نایاسایی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هێزێکی مەدەنیی و دیموکراتی و خاوەن مۆڵەتین و ئامادەین لە بارامبەر هەر تۆمەتێک کە ئاڕاستەمان دەکرێت ڕووبەڕووی ببینەوە بە یاسا لە ڕێی پارێزەرانمانەوە.

تار حسێن، بانگەوازیی، لە هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم کرد، کە ئەم پڕۆسەیە مەترسییدارە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری سیاسییە و داواکارین هەمووان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچوونێکی وردی بۆ بکەن، چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە دراوە و دەستی دەرەکیی و خیانەتی لە پشتە.

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …