لاوازیەكانی روسیا لە جەنگی ئۆكراین

 

ڕەنج نەوزاد

 

ڕووسیا و ئۆكرانیا ئەگەر نەگەنە ڕێككەوتن و، ڕووسیا هەر بیەوێت بچێتە ناو شارە گەورەكان و كێیەڤ داگیر بكات، ئەوا ئەمرۆ بێت یا سبەی هەر داگیری دەكات. بەرخودانی ئۆكرانیا كاتی داگیركردنە دوا دەخات و زیانی زیاتر لە ڕووسیا دەدات، بەڵام ڕووسیا هەر داگیری دەكات. چونكە لەم چەن رۆژە ڕووسیا هەموو هیزەكەی سەر سنوور دەنێرێت و كاولكاری زیاتر دەنێتەوە. ئیتر دوای داگیر كردن چی ڕوودەدات ئەوە دەبێت چاوەڕوان بین.
بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت، ئەوەیە ڕووسیا لە پێناو داگیركردنی ئۆكڕانیا پێگە و هێزی خۆی بەرەو لاوازی دەبات. تا ئەم دۆخە بەردەوام بیت، ڕووسیا زیانی گەورەتر دەكات، چونكە سزاكان جارێ لە سەرەتایە و كاریگەری درووستكردوە لەسەر ناوخۆ و ئابووری ڕووسیا، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و زیاتر درێژبوونەوەی ماوەی جەنگەكە كاریگەرییەكانی زیاتر و گەورەتر دەبن بۆ سەر ئابووری و پێگەی ڕووسیا.

خاڵێكی تر كە لەم جەنگەدا مایەیی سەرنجە، دەركەوتنی لایەنی لاوازی هێزی سەربازی ڕووسیا بوو. لە سەر ئاستی پلانی سەربازی، كە ڕووسیا داینابوو بە دوو یا سێ رۆژ جەنگەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبێنێت، لە ئەمریكا باس لە چوا ڕۆژ دەكرا بۆ كەوتنی كێیەڤ (هەر چەن ئەمە لەوانەیە فێڵێكی هەواڵگری ئەمریكا بێت بۆ هاندانی ڕووسیا بۆ تێوەگلانی زیاتر لەو جەنگە)، بەڵام وا هەفتەیەكە و ڕووسیا نەچووەتە ناو كێیەڤ. لاوازی و هەڵە لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ دۆخی ناو ئۆكرانیا لە لایەن هەواڵگری و راوێژكارەكانی پوتین، كە چاوەڕوان نەبوون ئۆكڕانیا بەو سەختیە ڕووبەڕووبێتەوە. هەڵە تێگەیشتن لە هەڵوێستی ڕۆژئاوا، كە چاوەڕوان نەبوون بەو شێوەیە كاردانەوەیان هەبێت. باشترین بەڵگە ئەو هەڵچوون و توڕە بوونەی پوتین بوو كە هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی خستە ئامادە باشی، جگە لە توڕە بوون و هەڵچوون هچی تر نەبوو.

هەروەها باس لەوە دەكرێت سوپای ڕووسیا لە ڕووی لۆجیستیەوە كێشەی گەورەیان هەیە، تەنانەت هەندێ لە چاودێرە ڕووسەكان ئەوە ناشارنەوە، كە ڕووسیا كیشەی گەیاندنی سووتەمەنی و خواردنی هەیە بۆ ئەو هێزەی كە لە ناو ئۆكڕانیان. ڕازی بوونی ڕووسیا بە دانوستان، كە سەرەتا باسیان لە مەرج دەكرد بۆ دانوستان.

ئۆپراسیۆنەكانی پێشووی ڕووسیا لە جۆرجیا، سووریا و ئۆكڕانیا لە ٢٠١٤ هەمووی ئۆپراسیۆنی سنوردار بوون، یا پشتی بە هیزی ئاسمانی و مووشەك دەبەست، یا ئۆپراسیۆنی خێرا بوون بۆ ناوچەیەكی دیاریكراو، یا داگیركردنی ناوچەیەكی بچوك. ئەمە یەكەمجارە ڕووسیا جەنگێكی سەرتاسەری و فراوان ئەنجامدەدات، تا ئێستا ئەوە دەركەوتووە ڕووسیا و سوپاكەی باش ئامادە نین بۆ ئەر جۆرە جەنگانە. ئەوەش زیاتر بۆ پێگەی ڕووسیا دەگەڕێتەوە كە هاوپەیمانی كەمە و زۆربەشیان لاواز و پڕ قەیرانن، بۆیە وا دەردەكەوێت كەمترین پشتگیری هەیە. هەر وەها سوپای ڕووسیا زیاتر بایەخیان بە چەكی ستراتیژی و تۆقێنەر و كاریگەر بۆ بەرپەرچدانەوە داوە، بەكارهینانی ئەو جۆرە چەكانە بۆ ئەم جۆرە جەنگانە گونجاو نییە. ئەوەی باسدەكرێت ئەوەیە كە تانك و فرۆكەكانی ڕووسیا لەم جەنگەدا، تا ئێستا ئەوەیان ئەنجامنەداوە كە چاوەڕوان دەكرا.

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *