هەڵبژاردنی پارێزگاکان و بنکەوتنی تاکڕەوی

سەردار ستار

تەواو بوونی هەڵبژاردنی ١٥ پارێزگەی عێراق بە کەرکوکەوە، هەمانکات راگەیاندنی ئەنجامەکانی، رووی زۆر راستی ئاشکرا کرد کە دەمێک بوو لە ژێر ناوی جۆراو جۆر خۆیان مەڵاسدابوو. بێگومان دوای ماوەی دە ساڵ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەروەها بەسەرچوونی ماوەی ١٨ ساڵی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکوک، لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک کەموکوڕی هێنابوو، لەبنەمادا رەوایەتی ئەو ئەنجومەنانەی خستبووە ژێر پرسیارەوە.

سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق دوای ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای فیدڕاڵی پارێزگاکان داڕێژراوە، بۆیە چەندەی ئەنجومەنی پارێزگاکان چالاکبن، ئەوەندە دیموکراتی پێشدەکەوێ و بەڕێوەبردنی دیموکراتیانە کۆمەڵگە دەتوانێ ببێتە هێزی بڕیار. ئەو شێوازەی بۆ هەڵبژاردن لە دەستوری عێراق دانراوە تائاستێک بنەمای چۆنیەتی بەڕێوەچوون و شێوازی خەباتی هەڵبژاردن لە رێگەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان روونتر کردۆتەوە. هەرچەندە زلهێزە هەژمونگەراکان و دەوڵەتە هەرێمیەکان بەشێوازی جیاجیا دەستوەردان بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، بەتایبەت ئەمریکا و تورکیا و ئێران.

 لەولاشەوە حیزبە هەژموونگەراکان ئەوانیش لە رێگەی هێز و پارەوە، بەردەوام دەیانەوێت هەڵبژاردن ببێتە کارێکی روواڵەتی و ئەوان بەردەوام مسۆگەری زۆرترین کورسی و دەسەڵاتی خۆیانی پێبکەن. ئەو رێکارانەی بەردەوام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەیانگرێتە بەر، بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن رەوایەتی خۆی لەدەستنەدات. بەتایبەتیش لە ئێستا کارتی بایۆمەتری و پەنجەمۆری ئەلکترۆنی، تا ئاستێک باوەڕی هاوڵاتیانی بۆ هەڵبژاردن گەڕاندۆتەوە، هەرچەندە ئەمجارەش تەنها %٤١ی خەڵکی عێراق بەشداریان لە هەڵبژاردنەکان کردبوو.

لە دامەزراندنی عێراقەوە تاکو هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، هەڵبژاردن زیاتر کارتۆنی بووە، واتا جێ پێی دەسەڵاتدارنی قایم کردووە. پارت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی دوای ٢٠٠٥یش ویستیان هەمان سیناریۆ بەردەوامبێ، بەڵام وادیارە لەپێناو ئەوەی پایەکانی دەوڵەتی عێراق بەشێوەی فیدڕاڵی بونیادبنرێنەوە، پێویست دەکات هەڵبژاردن تائاستێکی باش ببێتە سەنگی مەحک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان گەلی کورد زیاتر چاوی لەسەر هەرێمەکانی مادەی ١٤٠بوو، لەلایەک بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی لە دەستور سەبارەت بەم هەرێمانە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لەلایەکیتریش بەهۆی قوڵبوونەوەی چەمکی نەتەوەپەرستی و مەزهەبگەرایی و دروستبوونی ئەو پارچەگەراییەییە کە لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا دروست بووە. لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، عەرەبی سوونە کەمتر دەهاتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆیە کورد لەو هەرێمانە بەردەوام لە ئاستێکی بەرز دەنگی دەهێنا. لەوەتەی عەرەبی سونە رکابەریەکی توند دەکات، بۆیە بەردەوام دەنگی کورد لەو هەرێمانە تا دەچێ کەمتر دەبێتەوە.

هەڵبژاردنی ١٨-١٢-٢٠٢٣ لە هەریەک لە پارێزگاکانی مادەی ١٤٠ پارتیە کوردیەکان بەچەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو. ئەوا لە سێ هەڵبژاردن پەدەکە بەتەنها دەکەوێتە هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردوو بەهۆی لاوازی یەنەکە و لایەنەکانی تر، پەدەکە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست دێنا، لەگەڵ هەموو ئەو فرتوفێڵ و پارە بەخشینەوەو کڕین و فرۆشتن بە دەنگدەران، بەتایبەتیش بە بارمتە گرتنی خەڵکی ئاوارە کە لە کاتی دەنگداندا بەکاری دەهێنان .

پەدەکە دوای تێکشکانی لە ریفراندۆمی ٢٠١٧ و هەمانکات لەدەستدانی %٥١ لە خاکی باشوور و لەلایەکیتریش بوونە کەوا سوورەی بەر لەشکری تورکیا و سیخوڕی بۆ کردنی و رەوایەتیدان بە داگیرکاری لەسەر خاکی باشوور کوردستان و عێراق و بەردەوام هێرشکردنە سەر خەڵکی شەنگال و شەهید کردنی کچان و کوڕانی ئێزیدی. ئیتر کۆدەکانی دەستی پەدەکە هەمووی ئاشکرابوونە لەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای داگیرکار، لەدەرەوەی داگیرکاری و ماڵوێرانی و دزی و تاڵانی هیچ سوودێکی تریان نییە. بۆیە ئەوەی لەم هەڵبژاردنە ئاشکرا بوو ئەویش ئەو لووت بەرزی و خۆ بە زل زانیینەی پەدەکە سەرەو لێژ بۆتەوەو هێزەکانیتر ئەگەر لە دەوری یەکتر بە لیستی هاوبەش کۆببنەوەو پشتیوانی یەکتری بکەن، دێوەزمەی پەدەکە بەرەو رووخان دەچێت.

زهنیەتی نەتەوەپەرستی پاشڤەڕۆ کە پەدەکە لە کورد و بەرەی تورکمانی لە تورکمانەکان و هەندێک لە هێزە شۆڤینیستە سوونییەکانیش کە خۆیان کردۆتە کلکی ئەردۆغان نوێنەرایەتی دەکەن، ئەو مەیلە شۆڤینیستیەیە، دەبێ بگۆڕدرێت و ئەمەش پێویستی بە هێلێکی دیموکراتی هەیە بۆ ئەوەی هێزە دیموکراتەکان لەمەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردن دەرکەونە مەیدان. لەلایەک پێویست بە زهنیەتی دیموکراتیانە هەیە لەپێناو کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازە دیموکراتەکان، لەلایەکیتریش بە پرۆژە و پلانەکانیان بتوانن خزمەتی کۆمەڵگە بکەن. بۆیە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و دیموکراتیە کە ئەو هێز و لایەنانەی خۆیان بە دیموکرات و ئازاد و پێشکەوتنخواز دەزانن و دەیانەوێت کۆمەڵگەی عێراقی بە هەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاوە، بە ئاشتیانەو لەسەر بنەمای دیموکراتی و بێ دەستێوەردانی دەرەوە ژیانێکی شەرفمەندانە و پڕ لە خزمەت بەڕێوەبەرن، پێویستە لە هێز و خەتی نەتەوەپەرستی شۆڤینزمی کوردی و عەرەبی و تورکمانی رزگاریان ببێت، بۆ ئەمەش پێکەوە کارکردن و یەک لیستی و یەک هەڵوێستی هێز و لایەنەکانیتر بۆتە ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراو.

بۆ هێزە دیموکراتەکان لە کەرکوک و نەینەوا و شەنگال، بوو بە ئەزموونێکی نوێ کە دەکرێ یەک لیستی و یەک هەڵوێستی هەبێ و ئەنجامی باشتر لە هەڵبژاردنەکانیتر بەدەست بخرێن. لەلایەکیتریش دەکرێ لە دەرەوەی پەدەکە و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە یەکێتی و یەکڕیزی دروست ببێ، واتا پەدەکە ئەمجارە سنوری خۆی باشتر زانی، بۆیە هێز و لایەنە دیموکرات و ئازادیخوازەکان کە باوەڕیان بە هێڵی نەتەوەی دیموکرات هەیە، دەکرێ هەڵبژاردن بە رێبازی خۆیانی تێکۆشان و باوەڕی خۆیان بەڕێوەبەرن و ئەنجامی زیاتریش بەدەستبخەن، ئەگەر هەمان شێواز لە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدینیش بەڕێوەچووبووایە، دەبوو ئەنجامی زیاتر بەدەست بخرابووایە.

سەرکەوتنی کاندیدی پادێ و بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتیانەی شەنگال لەم هەڵبژاردنە ئەویش پەیامێکی روونمان پێدەدات، ئەویش کۆمەڵگەی ئێزیدی هەنگا و بەهەنگاو خاوەنداریەتی لەو رەنج و ماندووبوونە دەکات کە کوڕان و کچانی لەپێناو ئازادبوونی بەخشیویانە، هەروەها لەپێناو چەسپاندنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی شەنگال و هەبوونی نوێنەریان لە ئەنجومەنی پارێزگەی نەینەوا، ئیدی سەردەمی زیاتر خەبات و تێکۆشان و کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە دیموکرات و ئازادیخوازەکانی نەینەوا دەستپێدەکات لە سەربنەمای پەسند کردنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی شەنگال.

پەیامی کۆتای هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەویش، زەمینەسازی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیار وایە لە کۆتای مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێن. هێز و لایەنە دیموکرات و نەتەوەییەکان دەکرێ لەسەر بنەمای لیستی هاوبەشی کەرکوک و نەینەوا نزیکایەتی بکەن و هەتا لایەنی زیاتر بەشداری پێبکەن و بەبێ ترس لە داگیرکاری تورکیا و کۆنەپەرستی شۆڤینزمی پەدەکە و ئۆپۆزسیۆنی خۆهەڵکێش و بێ دەربەست لیستی خۆیان دروست بکەن، بەمشێوەیە دەکرێ ئەنجامی زیاتر بەدەستبخرێ. بەتایبەت لەپێناو ئەوەی نەتەوەو ئاینە جیاوازەکانی باشووری کوردستان لەیەکتری کۆبکرێنەوە، پێویستە بە زهنیەت و چەمکێکی فرەوانتر کە ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی بکەن نزیکبوونەوە بکرێت، واتا هیچ لایەنێک بە گەورەو بچوکەوە هەژموونی خۆی بەسەر لایەنی سیاسی و نەتەوەو ئاینەکانیتر نەسەپێنێ، پێکەوە لەپێناو راماڵینی داگیرکاری و دیموکراتیزەکردنی باشوور و خزمەتکردنی کۆمەڵگە دەست لەناو دەست بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێنن. ئەوکات جارێکیتر ئەی سەلمێننەوە کە یەک لیستی و پێکەوە کارکردن نیشانەی سەرکەوتنە، تاکڕەویی و خۆ بەزلزانینیش کۆتایەکەیان بنکەوتن و سەرەو ژێر چوونە.

هەروەها چێکی بکە

ماندێلا و ئۆجالان؛ شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادیی”

پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەمام لە وتارێکدا بە ناونیشانی “ماندێلا و ئۆجالان: شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی …