ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن ببینێت (٢٦) رێكه‌وتن ده‌ڵێت به‌ڕاستی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكێكی زیره‌كه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌و تازه‌ له‌ شكستی هه‌ڵبژاردن هاتوه‌ته‌ ده‌رێ‌ كه‌چی دێته‌ به‌غداو ئه‌و هه‌موو رێكه‌وتنه‌ ده‌كات و مه‌ودای زه‌مه‌نیشی بۆ داده‌نێت، له‌ هه‌ولێریش قه‌ڵای بۆ له‌ ئاڵای توركیا هه‌ڵده‌كێشن، به‌ڵام له‌ هه‌قیقه‌تا راستیه‌كه‌ شتێكی دیكه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌به‌غدا ئیشی زۆری به‌ هاوكاری توركیایه‌ له‌ بابه‌تی ئاو، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌چوه‌ ژێر ئه‌و باره‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئاودا دابنێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ ترین شكستی توركیایه‌ له‌ هه‌وڵه‌كه‌یدا، له‌ مێژه‌ توركیا وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری عیراقی ژێر پێ‌ ناوه‌و ٢٢ بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ عیراق ” سنوری هه‌ولێرو دهۆك ” هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ئاو له‌ به‌رانبه‌ په‌كه‌كه‌ دابنات، نزیكه‌ی هه‌موو ئامانجی هاتنه‌كه‌ ئه‌مه‌ بوو بۆ به‌غدا، له‌م پرسه‌دا ئه‌ردۆغان هه‌ر به‌ ملدانی به‌غدا سه‌ركه‌وتوونابێت، هه‌رچه‌ند به‌غدا زۆر ئه‌سته‌م به‌ ته‌واوی مل بدات، له‌م پرسه‌دا ئه‌مه‌ریكاو ئێرانیش هه‌ن، ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌ به‌غداو عیراق به‌ گشتی دوو ژماره‌ی قه‌به‌ن و هه‌ردوك لاش پڕۆژه‌و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه‌ با له‌ زۆرشتیشدا دژو نه‌یار بن، لێ‌ شتگه‌لیش هه‌ن پێكه‌وه‌ به‌رژه‌وندیه‌كانیان گرێده‌دات، نه ‌ئه‌مه‌ریكا ئه‌و زمانه‌ زبرو ناشرین و نادیبلۆماسیه‌ی ئه‌ردۆغانی ده‌رباره‌ی په‌یه‌ده‌و په‌كه‌كه‌و كورد له‌ ڕۆژئاوا قه‌بوڵه‌، نه ‌ئێرانیش رێگه‌ ده‌دات به‌غدا ته‌ڕو وشك بخاته‌ سه‌ر سفره‌ی توركیا ،هه‌زار رێگا هه‌یه‌ بۆ ڕێگری كردن و ستۆپكردن به‌ توركیا، هێشتا ده‌ست بۆ هیچێكیان نه‌براوه‌ .

ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا ئه‌ردۆغان هیچێكی ئه‌وتۆی ده‌ستنه‌كه‌وتبێت و ڕێكه‌وتنه‌كانیش گه‌وره‌ كرابن و میدیا بایه‌خی زۆری پێدابن كه‌ هه‌ندێكیان كاری نێوان دوو باڵیۆزی نێو دو وڵات كه‌متره‌و ده‌كرێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دو وه‌زاره‌تی هاوشێوه‌ پێی هه‌ستن، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر وێڕای واژوو نه‌كردنی هیچ رێكه‌وتنێك ئه‌ردۆغان وه‌ك شكۆدارێك ده‌ركه‌وت و ساتمه‌كه‌ی  به‌غدای بیر برایه‌وه‌ ، بوونی ئه‌و هه‌موو ئاڵایه‌ی توركیا ، سوركردنی قه‌ڵا به‌ ئاڵای توركیا ئه‌وه‌نده‌ی بێشكۆ نیشاندانی به‌غدا بوو ئه‌وه‌نده‌ كارێكی پڕۆتۆكۆلی نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ئه‌وه‌ كاری پڕۆتۆكۆلی بوو، كاری پڕۆتۆكۆلی زیاتر له‌ نێوان دو وڵاتدایه‌و ئه‌وه‌نده‌ش زیاده‌ره‌وی تیاناكرێت، ناكرێت ده‌وڵه‌تێك ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ وڵاته‌كه‌تا هه‌بێت به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ به‌ درۆن له‌ شارو ناوچه‌كانت بدات، فڕگه‌ی فه‌ڕمی یه‌كێك له‌ شاره‌كانی وڵاته‌كه‌ت دابخات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمه‌كه‌ت بكات تۆش فه‌رشی  بۆ ڕابخه‌یت و قه‌ڵای بۆ سور بكه‌یبابه‌ته‌كه‌ سه‌روه‌ریه‌ ، ئه‌مه‌ بۆ به‌غداو هه‌ولێریشه‌، گه‌رچی سه‌روه‌ری به‌ ته‌واوه‌تی شكێنراوه‌و مێژوه‌كه‌شی پێشتره‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر ویستیان ئه‌و هاتنه‌ وه‌ك هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی بایه‌خپێدانی توركیا نیشانبده‌ن، به‌ڵام هێشتان هه‌ولێرو به‌غدا لای توركیاو ئه‌ردۆغان به‌ یه‌كه‌وه‌ ناویان دێت و هێشتان به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وترێت، ئیداره‌ی باكوری عیراق، با ئاڵاكه‌شی به‌ته‌نیشت ئاڵای توركیاوه‌ دابنرێت، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غداو هه‌ولێر ئه‌ردۆغان داوای هاوكاری و پێكه‌وه‌ی ده‌كات بۆ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌و له‌هه‌ولێر وێڕای ئه‌و داوایه‌ داوای ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ توركمان بایه‌خی زۆریتریان پێبدرێت.

من بڕوام وانیه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌و هاتنه‌یدا به‌ تایبه‌ت له‌ بابه‌ت به‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی هه‌بووبێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراقی ئه‌گه‌ر حه‌زیشی به‌وه‌ بێت سوپا به‌رێته‌وه‌ بۆ چیاكانی كوردستان، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی ئێران و ئه‌مه‌ریكاش وه‌ربگرێت ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ پارویه‌كی ئاسان نابێت، له‌ ناو لایه‌نه‌كانی شیعه‌شدا زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌موو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكبه‌كه‌ون كه‌ ئه‌و كاره‌ بكرێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا په‌كه‌كه‌ هاوكارو پشتیوانێكی باشی عیراق و هه‌رێمیش بووه‌، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا ئاماده‌ییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا به‌ دیناكرێت بۆ ده‌رهێنانی په‌كه‌كه‌ له‌لیستی تیرۆر، كه‌ ئه‌مكاره‌ ئێستا له‌ هه‌ركات زیاتر جێی بیركردنه‌وه‌و خستنه‌گه‌ڕه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن فه‌ڕه‌نساو ئه‌مه‌ریكاوه‌ ، كه‌ یه‌كه‌میان توركیا له‌ ڕێگه‌ی جیاجیاوه‌ له‌ ناو خاكه‌كه‌یدا ده‌ستوه‌ردان ده‌كات و ئازادیخوازانی كورد تیرۆر ده‌كات و ئاژاوه‌ ده‌گێڕێت تێیدا، دوه‌میشیان تا ئێستا توركیا وه‌ك كوڕێكی له‌ به‌ردڵانی خۆی ده‌بینێت.

شكستی ئه‌ردۆغان له‌م هاتنه‌یدا داهاتوو زیاتر ڕونی ده‌كاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌رهه‌ر لایه‌نێك  به‌ پیر خواسته‌كانیه‌وه‌ بچێت و به‌ گوێره‌ی دڵی ئه‌و بكات، ئه‌وه‌ توشی شكست ده‌بێت بۆیه‌ كه‌س نایه‌وێت توشی شكست بێت، من بڕوا ده‌كه‌م پێشمه‌رگه‌و هێزی چه‌كداری پارتیش نایانه‌وێت شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن سه‌ركردایه‌تی پارتیش نایه‌وێت ڕوداوه‌ ناخۆش و خوێناویه‌كانی به‌رێ‌ دوو باره‌ بنه‌وه‌ ، به‌ڵام ناتوانێ‌ ڕون و ڕه‌وان ئه‌مه‌ به‌توركیا بڵێت، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌ كه‌ پارتی له‌ گه‌ڵ توركیا به‌ ناوی رێكه‌وتنه‌وه‌ واژوی كردووه‌، له‌ بابه‌تی رێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌و پرسی نه‌وت و گازو تا دوای.

له‌ هه‌موو بارێكدا هانی ئه‌ردۆغان بۆ به‌غداو هه‌ولێر نه‌فریای شكست و هه‌ره‌سی لیره‌ی توركی ده‌كه‌وێت، نه‌ده‌توانێ‌ ده‌نگی قرمژنی گوله‌ی تفه‌نگی ئازادی بێده‌نگ بكات، نه‌خواست و ویسته‌كانی بێ كه‌ندوله‌ند تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ئه‌ردۆغانێكی شكست خواردوی هه‌ڵبژاردن دوای زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ كه‌ڵاگایی و ملهوڕی، ده‌یه‌وێت وانیشان بدات ئه‌و هێشتا هه‌مان ئه‌و سوڵتانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ لیبیاو قه‌ته‌رو ئیمارات و ته‌نانه‌ت سعودیه‌و عیراق و ئه‌رمینیاو قوبرسیش  قسه‌ی زاڵی خۆی هه‌بێت، بێئاگا له‌وه‌ی زه‌مه‌نه‌كه‌ زۆر گۆِڕاوه‌و رۆژگاری به‌رێ‌ به‌سه‌ر چووه‌ .

هەروەها چێکی بکە

كاروبارە تەندروستییەكانی هەرێمی کورستان بووە بە بازرگانیی

ئەبوبەكر مەجید سیستەمی تەندروستیی بابەتێکی گرنگە بۆ مرۆڤ، بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لە گەڕاندابووە بۆ …