لە کۆنفرانسی گەنجان لە پاریس چیم بینی؟

مەحمود بێباک

لە سێ تاکو پێنجی نۆڤەمبەر وەکو نوێنەری گەنجانی هەرێمی کوردستان و تاکە گەنج لە باشووری کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسی جیهانی گەنجان بووم لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا. من پێش چوونم بۆ کۆنفرانسەکە، جگە لەوەی کە ئەمزانی کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی ‘گەنجان مێژوو دەنووسنەوە’ و ئەوەی کە زیاتر لە ٣٠٠ گەنج لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و ئەو پێشەکییەی کە لە ناساندنی کۆنفرانسدا دانرابوو، زانیارییەکی ئەوتۆی ترم نەبوو. نەم ئەزانی ئاخۆ کێ ئەبینم و کێ ئەناسم و کۆنفرانسەکە بۆ من چۆن ئەبێت. من ڕۆژی دووی نۆڤەمبەر گەیشتمە پاریس، هەر ئەو ڕۆژە ئەو هەڤاڵانەی هاتبوون بەشووێنمدا بۆ فڕۆکە خانە بە میواندۆستی و ڕووحی بەرخودانیان پێشانیاندام کە بە بەشداریم لە کۆنفرانسی گەنجان بەشێکم لە ئاگرێکی پڕ گڕوتینی ئازادی و دیموکراسی، ئاگرێک کە لە بەرخوداندا دەبێت تاکو تەواوی جیهان ئازاد دەکات.

 ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانس هەر لەسەرەتاوە بەشێک هاوڕێ و هەڤاڵی دڵسۆزم ناسی لە بەشە جیاوازەکانی جیهاناوە، لەوانە ئەرجەنتین و بەلوچستان و چیلی و ناوخۆی ئەوروپاوە.

لێرەدا من ئەمەوێ باسی کارنامەی سێ ڕۆژی کۆنفرانس بە کورتی و گەنجانی بەژداربوووی کۆنفرانس بکەم.

ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانس بە ناساندێکی کۆنفرانس و باس کردنێک لە ئامانجی کۆنفرانس دەستی پێکرد. دروشمگەلی وەکو “ئەگەر ئێمە نا، ئەی کێ؟ ئەگەر ئێستا نا ئەی کەی” و “بەگەنجی تێدەکۆشین و بەگەنجی سەردەکەوین” و “ژن، ژیان، ئازادی” هێندە بڵند دەگوترانەوە، لە شەقامەکانی پاریس دەنگیان دەدایەوە. ئێمە هەموومان لەوێ بووین چونکە ئازار و بەرخودان کۆی کردبووینەوە. جیاوازیمان زۆربوو، ڕەگەز و فیکر و ڕەنگ و نەتەوە و چەندان جیاوازیتر هەبوون کە وامان لێبکات جیاوازبین، بەڵام خاڵێک کۆی کردبووینەوە. هەموومان ویسمان هەبوو و هەیە بۆ ئازادی و هەموومان بۆ ئازادی دەجەنگین. هەموومان درکمان بەم سیسیتەمە سەرمایەداریە کردبوو کە کار لەسەر جیاکردنەوەمان ئەکات و ئەیەوێت دیموکراسی، بەو واتاییەی کە یەکتر قبوڵ کەین و هەوڵ بۆ ئازادی یەکتر بدەین بێ گوێدان بە جیاوازییەکانمان، لە ناوبەرێت، بەڵام ئێمە نەک تەنها ئەوەی کۆڵنادەین بەڵکو یەکڕیز دەبین و لەهەرکوێ ئەم سیستەمە ئازار وئەشەکنجەماندات، ئێمە لەوێ ئەبینە یەکێتییەکی ئازادی خواز و تێدەکۆشین بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە. ئێمە دیموکراسی و ئازادی ئینسانماندەوێت.

بەشی دوەمی ڕۆژی یەکەم پانێڵێک بوو کە چوار گەنجی لە چوار بەشی جیاوازی جیهانەوە کۆکردبووەوە بە ئامانجی ئەوەی پەنجە بخرێتە سەر ڕگی کێشەکان. باسی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست کرا، باسی جیهان بەگشتی کرا، و باسی ئەو کێشە و ئاستەنگانە کرا کە ڕووبەڕووی گەنج دەبنەوە.

ڕۆژی دووەم بشی یەکەمی وۆکشۆپی جیا جیا بوون کە هەریەکە و باسێکی جیاواز تەوەریبوو. من لە وۆرکشۆپی ‘ڕۆژەهەڵاتی ناوڕاست و ئاستەنگییەکانی گەنجان’ بووم. هەلم بۆ ڕەخسا باسی باشووری کوردستان و کێشەکانی گەنجان بکەم. گرنگتیش، هەلم بۆ ڕەخسا باسی تێڕوانینی ئەو گەنجانەی باشوور بکەم کە ئەبوایە لەگەڵما بوونایە لە کۆنفرانس بەڵام سیستەمی سەرمایەداری جیهانی پێی ڕەوا نەبینین. بەشی دووەمی ئەو ڕۆژەش زیاتر لەسەر ئەو وۆرکشۆپانەبوو کە باسی نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکانی جیهاندەکات و لە پاڵ گوێگرتن لە گەنجانی ڕەسەنی چیلی، بە بەشێک لە کولتور و هونەری ئەوانیش ئاشنابووم.

ڕۆژی سێیەم بەشێکی لەسەر پرسی ژن و ئازادی و پرسی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بوو، و بەشێکی لەسەر بەیانامەی گشتی گەنجانی کۆنفرانس و دووپاتکردنەوەی بەڵێندانی گەنجانبوو بۆ بەرخودان بۆ ئازادی. لە کۆتایشدا دواکردن بوو بۆ ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان.

جوانترین بەشی کۆنفرانس بۆ من بینینی و ناسینی گەنجانی بەشەکانیتری جیهانبوو کە هەستی ئەوەیان پێبەخشیم ئێمەی گەنجانی باشوور بەتەنیانین لە تێکۆشانمان بۆ ئازادی. من پێش کۆنفرانس، لام وابوو هەرجارێک کە دەڕۆمە وڵاتێکی جیاواز ناچاری ئەوەم بۆ دروست ئەبێت کە ڕوونیکەمەوە ئێمەی کورد کێین و ئەو کێشە و ئاستەنگیانە چین کە ڕووی تێکردووین. لە کۆنفرانس دەمبینی گەنجی ئەرجەنتینی و ئەڵمانیای ئاشنای فیکری ڕێبەر ئاپۆن، ئاشنای شەهید ژینا ئەمینین، و ئاشنای پرسی کوردن. زۆرجار بۆ من دەمایەوە کە پێویستکات ئاشنای کولتور و پرسی ئەوانبم، نەک پێویستکات من پرسی گەلی خۆم بناسێنم.

کۆنفرانس هەستێکی لا دروستکردم کە من و گەنجانی باشوور تەنیانین، ئێمە ئەگەر سیستەمی دەسەڵاتداری ناوچەکەش بییەوێ ئەوە نەبینین، بەڵام تەنیانین، هەزاران و ملیۆنان گەنج هەن لە جیهان کە ئاگاداری پرسی ئێمەن. ئەوان بە چاووی شۆڕشگێڕ لە ئێمە ئەڕوانن. ئێمە بۆ ئەوان ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانانەین کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگێکان، دەڵێین ‘بڕووخێ سیستەمی داگیرکەر’ و ڕەتی دەکەینەوە واز لە تێکۆشان بێنین. ئەوان زۆر بە پەرۆش بوون تا زیاتر لەوەی کە ئەیانزانی بزانن لەسەر ئێمە، تاکو بتوانن لە وڵاتانی خۆیانەوە پەیوەندیان لەگەڵ گەنجانی ئێمە هەبێت و بەشداربن لە بەرخودان و تێکۆشانەکانی ئێمە و ئێمەش بەشداری بەرخودان و تێکۆشانی ئەوان بین. ئەوان ئێمەیان لا قارەمان بوو، چونکە قارەمانی دەوێت لەناوجەرگەی جەنگێکی فیکری و فیزیکیدابیت و کۆڵنەدەیت لە تێکۆشان. ئێمە سەرچاوەیەکی وزەبووین تا ئەوانیش بەردەوامبن و ئەوانیش بەلایانەوە گرنگ بوو کە ئێمە ئاگاداری ئەوەبین کە ئەوان هەردەم هاوکار و هاوسۆز و هەڤاڵی ئێمەن، و هەرکات ئێمە بەرخودان کەین، ئەوانیش هاوکارمانن.

 

هەروەها چێکی بکە

كێ وای كرد ڕۆح لە باشوردا نەمێنێ؟

تارا حسێن شەهید لە دوای شەهید کەسانی سڤیل و بێ چەك، گوندنشین، هەنگەوان، دوكاندار، جوتیار …