توندوتیژیی ناو خێزانی یەکەم؛ رێگەیەک بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان

ئەقڵیەتی پیاوسالاریی، دابونەریت و توندوتیژیی ناو خێزانی یەکەم (دایک و باوک) وای کردووە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان بەردەوام بێت و پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەم هۆکارانە جیابوونەوەکانی زیاتر کردووە.

 نیگار محەمەد، پارێزەر، ئاماژەی بە توندوتیژییەکان سەر ژنان دەکات و قسە بۆ ئاژانسی هەواڵی ژن دەکات و رایدەگەیەنێت: توندوتیژیە خێزانییەکان بەرامبەر بە ژنان چەندین جۆرن وەکو، بەزۆربەشوودان، جیابوونەوەی بەزۆر، خەتەنەکردن، سوکایەتیی پێکردن، هەڕەشە و جوێندان، ژنان لە هەمووتوندوتیژیەکدا بوونەتە قوربانیی، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ژنانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دێنە ناو دادگا و سکاڵا تۆمار دەکەن کە لەلایەن باوک، برا و هاوژینەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەو کەیسانەشی دێنە لای من و پارێزەرانی تر زیاتر توندوتیژیی پیاوانە بەرامبەر هاوژینە ژنەکانیان.

توندوتیژیەکان وا دەکەن ژنان پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن

نیگار محەمەد ئەوەشی روونکردەوە، ژنان دوو جار دەبنە قوربانی دەستی هاوژینەکانیان، ئەویش توندوتیژی و زەوتکردنی منداڵە لە ژنەکە، ڕوونە ژنان تەنها لەلایەن هاوژینەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر ناکرێت، بەڵکو زۆر جار لەلایەن خێزانی یەکەمیەوە وەک باوک، برا و مامەوە بەرامبەریان دەکرێت، زۆر جار ژنان بەدەست پیاوێکەوە گیرۆدە دەبن و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت، بۆیە ژنان لەبەر ترس و قسەی کۆمەڵگە لەو حاڵەتانەدا بێ دەنگ دەبن و لە دادگا سکاڵا ناکەن، چونکە لە گۆمەڵگەی ئێمەدا ژنێک کەیسێکی وای هەبێت بە چاوێکی ترەوە سەیر دەکرێت، هەبوونی ئەم حاڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لە ناو خێزانی خۆیدا توندوتیژی بەرامبەر کراوە و ویستویەتی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە کەسێکیتر بناسێت، زۆر جاریش ئەم حاڵەتانە وا لە ژنان دەکات پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن.

پاڵپشتی نەکردنی خێزانی یەکەم وا دەکات ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت

نیگار محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەنجامدانی کاری بەپەلە گونجاو نییە، بەتایبەتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بۆیە دەبێت خێزانەکان، کاتێک کچێکیان بە شوو دەدەن، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پیاوە بکەن بۆئەوەی لە دواڕۆژدا توندوتیژی بەرامبەر نەکات، کاتێک خێزانی یەکەم خۆی بە بەرپرسیار نابێنێت بەرامبەر کچەکەی، وادەکات لە دواتردا هاوژینەکەی بە ئاسانی توندوتیژی بەرامبەر بکات، چونکە دەزانێت هەرچی بەرامبەر بکات خێزانەکەی پاڵپشتی ناکەن.

وتیشی: لە ئێستادا خێزانەکان بە ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونی وا لە کچەکانیان دەکەن هەست بکەن زیادەن و بڕیارێکی بەپەلە بدەن و کەسێکی هەڵە هەڵبژیرن، بۆئەوەی ژیانی هاوژینی لەگەڵ پێکبهێنن، کە لە دواتردا ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە ژیانی دووەمیشیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.

توندوتیژیەکان هۆکارێکن بۆ زیادبوونی جیابوونەوەکان

نیگار محەمەد باسی لەوەشکرد، لە ئێشتادا حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پیاوان توندوتیژی بەرامبەر ژنەکانیان دەکەن، کە لە بنەڕەتدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توندوتیژیەی لە خێزانی یەکەمدا بەرامبەر ژنان کراوە و وای لێکردوون لەگەڵ پیاوێکدا ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ماددەی ٥٦ی ژمارە یەکی ساڵی١٩٩٢ کە هەموارکرایەوە بۆ یاسای ژمارە ٨ی باری کەسێتی ساڵی ٢٠١١، دەڵێت، تەمەنی ١٥ ساڵی دانراوە بۆ شووکردنی ژنان بە مەرجێک ئەگەر ئەو ژنە گەنجە پێشوەختە دووگیان کرابێت یان پەردەی کچێنی لەدەست دابێت، جگە لەو حاڵەتە، تەمەنی ڕێپێدراو  ١٨ ساڵیە بۆ شووکردن، بە پێی یاسای ٧ی خێزانی هەر تاکێکی خێزان توندوتیژی بەرامبەر بە هەر تاکێکی تری ئەو خێزانە بکات، سزا دەدرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە پێبژاردنێک لە یەک ملیۆن کەمتر نەبێت و لە ٣ ملیۆن زیاتر نەبێت.

نابێت ژنان بێ دەنگ بن لە ئاست توندوتیژیەکان

نیگار محەمەد دەشڵێت: هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان لەناو خێزانی یەکەم و دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دابونەریت، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هەڵسوکەوتی عەشایەرانەی عەشیرەتەکان هەر ماوە. کە بەزۆر کچەکانیان بدەن بە ئامۆزا و پورزا و ئەو کەسانەی خۆیان مەبەستیانە، لە ڕاستیدا ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە هەڵەن و زۆرجار توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە، بەشێکی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانەش دەگەڕێنەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە.

نیگار محەمەد لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە وتی: بۆ ئەوەی بڕیاردانی بە پەلەی ژنانی گەنج بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی کەم ببێتەوە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توندوتیژی خێزانی یەکەم، دەبێت دەزگاکانی ڕاگەیەندن هۆشیاری یاسایی بڵاوبکەنەوە لەناو کۆمەڵگەدا، وە پێویستە هەر ژنێک توندوتیژی بەرامبەر کرا، بێدەنگ نەبێت بۆئەوەی توندوتیژیەکان زیاتر نەبێت.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …