توندوتیژیی خێزانیی هۆکارە بۆ بەردەوامییدان بە توندوتیژییەکانی سەر ژنان

ژنانی گەنج بەهۆی توندوتیژییە دەروونییەکانی ناو خێزان پەنا دەبەنە بەر پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و پاشان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، توێژەرێکی کۆمەڵایەتییش رایدەگەێنێت: بەردەوامیی توندوتیژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی خێزانی یەکەم.

“توندوتیژییەکان سەرەتا لە خێزانەوە دەستپێدەکات”

شۆخ ئیسماعیل – توێژەری کۆمەڵایەتیی لە چاوپێکەوتنێکیدا بە “ئاژانسی هەواڵی ژن”دا رایگەیاند: ژنانی گەنج ئەگەر لەناو خودی خێزانەکەی خۆی کەشێکی ئارامی هەبوو پەنا نابەتە بەر هۆکارەکانی دەرەوە بۆ دڵخۆشکردنی، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئـێمەدا زۆر جار بەهۆی ئەوەی خێزانەکان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی گەنج دەکەن، چی لە لایەن باوکەوە بێت یان برا، ئەمەش وا دەکات ژنان بیر لە کەسێکی دەرەوەی خێزانەکەیان بکەنەوە بۆ دڵخۆشکردنیان و زۆر جار پەنا دەبەنەبەر پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بۆیە توندوتیژییەکان سەرەتا لە خێزانەوە دەستپێدەکات کە توندوتیژی و جەستەیی و دەروونی دیارترینیانە.

“توندوتیژی ناو خێزان وادەکات ژنانی گەنج لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری بکەن”

شۆخ ئیسماعیل ڕوونی کردەوە، هۆشیاری کۆمەڵگەکەمان لە چاو پێشتردا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نییە تاکێک بنیاد بنێت پشتن بە خۆی و تواناکانی ببەستێت، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی پێویستە بە ئازادی هەردوولا بێت، بەڵام لە زۆربەی خێزانەکانی ئێستای کۆمەڵگەکەماندا کەمتر بە پێی ویستی تاکەکانە، بەتایبەتی ژنانی گەنج، کە زۆرجار بەهۆی ئەو بارودۆخەی خێزانەکەی بۆی ڕەخساندووە ناچاری دەکات کەسێکیتر هەڵبژێرێت بۆ ژیانی، زۆرجار بەهۆی پەلەکردنی لە هەڵبژاردن کەسێکی هەڵە هەڵدەبژێرن، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

وتیشی: هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ژنانی گەنج لە تەمەنێکی کەمدا ژیانی هاوژینی پێکبهێنن توندوتیژییە دەروونیەکەی ناو خێزانە، کە زۆرجار بە قسەی توند ئەم توندوتیژییە ئەنجام دەدەن و وا لە ژنان دەکەن هەست بکەن بارن بەسەر خێزانەکەیانەوە، بۆیە وا دەزانێت بە هاوسەرگیریکردن دەربازی دەبێت لەو ژیانە، بەڵام نازانێت دووبارە دەکەوێتە ناو زیندانێکی ترەوە.

“لە ئێستادا توندوتیژییە دەروونییەکان زیاترە”

شۆخ ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕابردوودا خێزانەکان توندوتیژی جەستەییان بەکاردەهێنا بەرامبەر ژنانی گەنج بۆئەوەی هاوسەرگیری بکەن، بەڵام ئێستا توندوتیژی دەروونی زۆر بەکاردەهێنن، بۆیە کاتێک ژنانی گەنج لەبەر ئەم هۆکارانە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، هاوژینەکەی زیاتر توندوتیژی بەرامبەر دەکات و دەزانێت خێزانەکەشی توندوتیژی بەرامبەر کردووە، بۆیە ئاسانتر دەتوانێت ئەو کارە بکات و پەسەندی توندوتیژی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وا باوە کاتێک ژ‌نێکی گەنج خوێندن تەواو دەکات، دەبێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە مەرج نییە، بەڵکو ژنی زۆر بەتوانامان هەیە و ئامانجی گەورەیان هەیە لە ژیانیاندا، ژنانیش کاتێک هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکەیان دەدەن وشەی قەیرەیان بەرامبەر بەکاردێت و پێیان دوترێت تەمەنی بەسەرچووە بۆ هاوسەرگیری، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ژنان بەجێدەهێڵێت.

“بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دەبێت خێزانەکان گرنگی بە منداڵەکانییان بدەن”

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە، هۆکارێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ زوو بڕیاردانی ژنانی گەنج لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بۆیە زۆربەی ئەو هاوسەرگیریانە ئەنجامەکەی جیابوونەوەیە، بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی سەرەتا دەبێت دایک و باوک کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکانی دابین بکات، نەک وایان لێ بکەن، چاوەڕێی گرنگیپێدان بکەن لەدەرەوەی خێزان، هەروەها هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە تا کۆمەڵگە بزانن تاکەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیان.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …