په‌رەسه‌ندنی هێرشه‌كان و هه‌ڵوێستی پێویست

سه‌ردار ستار

 

ماوه‌یه‌كه‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا زۆر زیادی كردووه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی هێرشه‌كانی، له‌ لایه‌ك له‌ هه‌ولێر ده‌ست له‌ملانێی ده‌كردن له‌لایه‌كیتریش به‌ درۆن هێرشیان ده‌كاته‌ سه‌ر. ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ناسینی دوژمنایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌و سه‌د ساڵه‌ی رابردوو زۆر به‌ تایبه‌تیش له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كه‌په‌ – مه‌هه‌په‌ نه‌بان بكات، ئه‌و یان ده‌بێ گێل بێ یان غافڵ یان خائن، چونكه‌ مناڵێكی ناوبێشكه‌ش ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك و كوردستانیشی وه‌ك وڵات لا په‌سەند نییه‌، هه‌مان كات وه‌ك دوژمن بۆ خۆی ڕاگه‌یاندوون‌.

هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌شی ده‌زانی ئه‌گه‌ر چوارباره‌ ئه‌كه‌په‌ و ئه‌ردۆغان بێنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌ڕ و كوشتن و ماڵوێرانی هیچیتری پێ نییه‌ بۆ گه‌لی كورد و گه‌لانی تری ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ نه‌فامی به‌ناوی حیزبی ئیسلامی، هه‌ندێكیش به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، هه‌ندێكیش به‌ناوی په‌یوه‌ندی ستراتیژیی و سه‌ربازیی و بنه‌ماڵه‌یی، نه‌ك ته‌نها حه‌زیان ده‌كرد ئه‌ردۆغان و ئه‌كه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ و هوداپار “حیزب و كۆنتڕا” ببنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌تا به‌شه‌و و رۆژ ریكلام و پڕوپاگه‌نده‌ و شه‌ونوێژیان بۆ ده‌كردن و له‌ نزا و پاڕانه‌وه‌ دابوون، موژدانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانیان بڵاو ده‌كرده‌وه‌!!!

له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو گه‌لی كورد هیچ كاتێك بڕیاری شه‌ڕی نه‌داوه‌ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا، به‌ڵكو له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی له‌ناوبردن و نكۆڵیكردن و ئاسیمیله‌كردن و تواندنه‌وه‌ی، به‌رگریی له‌ خۆی كردووه‌. له‌ ئێستاشدا كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌ده‌كه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌ڵێن، شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی تورك و په‌كه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ شه‌ڕی له‌ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌ڵگیرساندووه‌، یان ده‌ڵێن، په‌كه‌كه‌ بۆچی شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كات!!! بێگومان ئه‌و جۆره‌ وتاره‌ بۆ سه‌ر لێشێواندنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌ به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تیش باشووری كوردستان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد به‌ پێشه‌نگایه‌تی په‌كه‌كه‌ خۆی نه‌پارێزێت، ئه‌ی چی بكات، وه‌ك ئه‌وان كه‌ڕامه‌ت و شه‌ره‌ف و ژیان و ئاو خاكی خۆی راده‌ستی داگیركه‌ریی توركیا بكات؟؟

له‌ یه‌ك رۆژدا واتا ١٨-٩-٢٠٢٣ هێرش بۆ سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردستان “كه‌نه‌كه‌” لە هەولێر و هه‌مان كات هێرش كردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆی یه‌نه‌كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت، هه‌مان ئه‌و رۆژانه‌ش هێرش كردنه‌ سه‌ر چیای شنگال و رۆژئاوای كوردستان له‌ منبج و قامیشلۆ، هه‌روه‌ها هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی له‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا. ئه‌و هێرشانه‌ جارێكیتر دوژمنایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیامان بۆ هه‌زارپات ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی ناكۆكیه‌، هه‌ڵوێست و بێده‌نگی په‌ده‌كه‌ و هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامییه کە كه‌وتوونه‌ته‌ پاڵ داگیركه‌ریی‌ به‌بێ شه‌رم و بێ سڵكردنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ تاكه‌ی له‌و گێلی و نه‌فامی و خیانەته‌ به‌رده‌وام ده‌بن؟؟

سه‌رۆكایه‌تی په‌ده‌كه‌ له‌ رێگه‌ی مه‌سروره‌وه‌ هاواریان لێ هه‌ڵساو نامه‌ی پاڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا نووسی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان نه‌ڕووخێت، بۆ ئه‌مه‌ش به‌بێ هیچ پێشینه‌یه‌ك باوه‌شیان به‌ باڵای حه‌قان فیدانه‌وه‌ كرد و، ڕایان كرده‌وه‌ به‌غدا، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ڕایان كرده‌وه‌ تاران تاكو  هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات ئه‌وانه‌ی ٢٠١٥ هێنابوونیانه‌ سه‌ر سنووری پیرانشار و شنۆ، له‌ بازاڕێكی تاریكدا جارێكیتر له‌ كونجی كامپه‌كانیان توند كردنه‌وه‌. دیار نییه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌م هێزانه‌ ده‌توانن له‌ سنووره‌كانی عێراق بمێنه‌وه‌، یان وه‌ك مجاهیدین خه‌لقیان لێ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و وڵاتی سێیه‌م دووریان ده‌خه‌نه‌وه‌؟؟

سه‌رۆكایه‌تی په‌ده‌كه‌ ده‌ڵێت، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌م ده‌ڕووخێت، به‌ڵام به‌ سه‌دان تانك و تۆپ و ده‌بابه‌ و زریپۆش و به‌ هه‌زاران چه‌كداری خۆی و ئه‌وانه‌ی وه‌ك (چەتەی رۆژ) له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی گه‌ریلا و بۆ پاراستنی سه‌رباز و مۆڵگه‌كانی سوپای توركیای له‌ زاپ و مه‌تینان و بارزان مۆڵداوه‌، هه‌مان كات ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌كیشه‌ به‌ ناوی هێزی پاراستنی سنووری عێراقی كه‌وتۆته‌ پێش سوپای عێراق، ده‌یه‌وێت شه‌ڕێك له‌ هه‌رێمی برادۆست له‌گه‌ڵ گه‌ریلا هه‌ڵگیرسێنێت، ئه‌گه‌ر تا ئێستا شه‌ڕ درووست نه‌بووه‌ ئه‌وا له‌به‌ر جموجۆڵی خوێن سارد و به‌رپرسانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردنی گه‌ریلای ئازادی كوردستانه‌. واتا بۆ شه‌ڕ و ململانێ و له‌ناوبردنی هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان په‌ده‌كه‌ پاره‌ و چه‌ك و لۆجستیك و هه‌موو شتێكی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌ و یه‌كێتی و یه‌كریزیی نه‌ته‌وه‌ی له‌سه‌ر لێواری له‌ناوچوونه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ڵێن، بانێكه‌ و دوو هه‌وا.

له‌گه‌ڵ هێرشی درۆنی سه‌ر عه‌ربه‌ت، هه‌موو به‌رپرسانی یه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌یان پشتڕاست كرده‌وه‌ گووتیان؛ ئه‌و هێرشانه‌ به‌ چاوساغی سیخوڕ و به‌كرێگیراو و نۆكه‌ر و خۆفرۆشان ئه‌نجامدراوه‌. ئه‌مه‌ وه‌ك خاڵی یه‌كه‌م دانپیانانێكی ڕاست و له‌جێی خۆیدابوو. ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكرێ، ئه‌وانه‌ی سیخوڕی ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ی كام هێز و ده‌زگاوه‌ ڕێنوێنی ده‌كرێن و كێ پاڵپشتیان ده‌كات، ئایا به‌ڕاستی میتی توركیا ده‌ستی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌، یان ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی ئه‌ندامه‌كانی خۆی خستۆته‌ خزمه‌ت میتی توركیا‌وه‌؟ هه‌مان كات له‌ رێگه‌ی كێوه‌ هه‌واڵ و زانیاریی و ژماره‌ی مۆبایلی خەڵکی نەتەوەیی کۆ دەکەنەوە و مۆڵه‌تی چه‌ك هه‌ڵگرتنیان پێدراوە و لە شارەکان ته‌راتێن دەکەن و به‌ ئازادی لە بازگه‌كان تێدەپەڕن و له‌ به‌رده‌م كامێرا چاودێریه‌كان به‌بێ ترس دەسوڕێنەوە‌؟

له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانه‌ی بتوانن به‌ توانا و رێكاره‌كانی خۆیان سیخوڕی بۆ میت بكه‌ن له‌ ئاستی نه‌بوودایه‌، چونكه‌ ده‌زگا هه‌واڵگری و ئاسایشیه‌كان تا ئه‌و ئاسته‌ خۆیان به‌جێكردووه‌، سه‌رجه‌م كون و كه‌له‌به‌رێكیان ته‌نیوه‌، له‌ ٢٠١٧ وه‌‌ ئاشكرا بووه‌ كه‌ ده‌زگای میت و ده‌زگای پاراستنی په‌ده‌كه‌، مانگانه‌ له‌ ئاستی ژوور كۆبوونه‌وه‌ و پلانسازی ده‌كه‌ن لە دژی شۆڕشگێڕان و خەڵکی وڵاتپارێز، كاتێك حه‌قان فیدانیش له‌گه‌ڵ بارزانیه‌كان لێدوانیدا گووتی؛ سوپاسی بارزانییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بوونه‌ و تا ئێستا كاری باشمان پێكه‌وه‌ كردووه ‌و له‌مه‌و به‌دواش كاری باشتریش ده‌كه‌ین!!! واتا ده‌بێ براده‌رانی یه‌نه‌كه‌ بزانن كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا و په‌ده‌كه‌ هیچ هاوبه‌ش و دۆست نین و باوه‌ڕ به‌ باوه‌ش و پێكه‌نینه‌ ده‌ستكرده‌كانیان نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان یه‌نه‌كه‌یان وه‌ك دوژمن ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌یانه‌وێت یه‌نه‌كه‌ له‌ یه‌ك كه‌وچك ئاودا بخنكێنن، ئه‌مه‌ له‌به‌ر په‌یوه‌ندی یه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ و په‌یەده‌ نییە، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێت یه‌نه‌كه‌ به‌بێ مه‌رج خۆی ڕاده‌ست بكات و هه‌مان خۆفرۆشیەکانی په‌ده‌كه‌ بۆ توركیا بكات. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ڕاستینه‌ی یه‌نه‌كه‌ و مێژووه‌كه‌ی نایه‌ته‌وه‌.

باشووری كوردستان دوو سه‌د ساڵه‌ له‌ناو به‌رخودان و قوربانی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ریدایه‌، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و كۆڕه‌ویش‌ لوتكه‌ی قوربانییه‌كان بوون. به‌ڵام ٣٢ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردی كه‌سایه‌تی كوردی له‌ باشوور داڕماند و ئه‌مڕۆ دوای ٣٢ ساڵ و له‌ سه‌ده‌ی ٢١ به‌بێ سڵكردنه‌وه‌ و به‌ڕووێكی قایم هه‌ندێك كه‌سایه‌تی نه‌فس نزم و ناكه‌س به‌چه‌ و كۆیله‌، سیخوڕی و نۆكه‌رایه‌تی بۆ داگیركه‌ر ده‌كەن و برای خۆیان ده‌فرۆشن بۆ چه‌ند دۆلارێك. باشه‌ بۆچی دوای ڕووبارێك له‌ خوێن و فرمێسك جارێكیتر مرۆڤی كورد له‌ باشوور ببێته‌وه‌ به‌ جاش و خۆفرۆشی بۆ داگیركه‌ر بكات؟؟ له‌ لایه‌كیتر په‌ده‌كه‌ بۆچی ڕه‌وایه‌تی ده‌داته‌ ئه‌و داگیركه‌ریی و سیخوڕایه‌تیه‌یی كه‌ ڕێكخستنه‌ هه‌واڵگریی و ئاسایشیه‌كه‌ی خستوونیه‌ته‌ خزمه‌ت میت. ئایا به‌مشێوه‌یه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی باشوور ده‌پارێزێت، یان له‌ناویان ده‌بات و بانگی شكست و ڕووخانی خۆی ده‌كات؟ به‌ واتایه‌كیتر بزماری دوایی له‌ تابووتی خۆی ده‌دات.

به‌بێ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌ریه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا هیچ هه‌ڵوێستێك ناتوانێت ڕۆحی شه‌هیدانی عه‌ر‌به‌ت و هه‌ولێر و شه‌نگال و رۆژئاوا ئاسوده‌ بكات، چونكه‌ داگیركه‌ری توركیا سوێندی خواردووه‌ سه‌رجه‌م كوردان له‌ناو ببات به‌بێ جیاوازی. ئه‌و كات پێویسته‌ گه‌لی كوردیش به‌بێ جیاوازی هه‌ڵوێست له‌ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا وه‌رگرن و په‌ده‌كه‌ش له‌و غه‌فڵه‌ت و خیانه‌ته‌ بگێڕنه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ قووڵی تێیكه‌وتووه‌.

هەروەها چێکی بکە

بۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ مامۆستا شەماڵ

سەید خالید سەرەتا لە کەسەیەتی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بەرێزو وەفادارییەوە سەرجەم شەهیدانی رێی ئازادیی کوردستان، …