خیانەتی ٣١ ی ئاب لە ڕوانگەی مام جەلالەوە

 بۆتان چیا

سکرتێری کۆچکردووی یەنەکە، ڕەحمەتی مام جەلال، لە کتێبی “دیداری تەمەن”، لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ٣١ ی ئابدا، ئاماژە بەوە دەکات، سەرکردەیەکی باڵای پەدەکە لەوکاتەدا گوتویەتی: “تەنها تانکەکانی ئەبو عودەی کێشەکان چارەسەر دەکەن”.

سکرتێری کۆچکردووی یەنەکە، مام جەلال، لە کتێبی “دیداری تەمەن”، لەمیانی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکدا نرخاندن بۆ خیانەتی ٣١ ی ئاب دەکات. تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی پەدەکە و بارزانی لەگەڵ ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن، ڕۆڵی ئەمریکا لە ٣١ ی ئاب، هەروەها هاوکاری دەوڵەتی تورک بۆ پەدەکە لەوکاتەدا.

سەرەتا، تاڵەبانی باس لەوە دەکات، پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ سەدام حوسێن ڕوون بووە، بۆیە ئەم ڕووداوە تاڕادەیەک چاوەڕوانکراو بووە، سەرکردایەتی پەدەکەش بەردەوام ئەو هەڕەشەیەیان کردووە. کاتێک هانی فکێکی بە سەرکردەیەکی باڵای پارتی دەڵێت، با نێوانگیری بکرێت لەنێوان ئێوە و یەنەکە، ئەو سەرکردەیە لە وەڵامدا دەڵێت: ” تەنها تانکەکانی ئەبو عودەی کێشەکان چارەسەر دەکەن”.

هەروەها دەڵێت: “پارتی دەمێک بوو لەگەڵ عێراق پەیوەندی باشی هەبوو، بۆ سەپاندنی دەسەڵات لە هیچ شتێک نەدەسڵەمییەوە، جارێک ئێرانی هێنایە سەرمان، جارێک سوپای تورکیا، جارێک سوپای عێراق، ئەوان دەڵێن: پارتی وەسیلە نییە، هەدەفە”.

تاڵەبانی دەڵێت، پێش هەفتەیەک دەمانزانی بارزانی لەگەڵ سوپای عێراق دێت، بەڵام ئێمە لە هێزی پارتی سڵمان نەدەکردەوە. چەند جار هەوڵیدا بە تەنها هەولێر بگرێت، بەڵام شکستی هێنا. پاش نائومێدبوون بەهۆی ئەم شکستانەوە. بارزانی نامە بۆ دەسەڵاتدارانی بەعس دەنێرێت و داوای هاوکاری دەکات. تارق عەزیز لە کتێبەکەیدا دەڵێت: “مەسعود داوای لێکردین و وتی هەولێر لەژێر دەسەڵاتی ئێرانیەکانە، جەلال و ئێرانیەکان هەوڵی لەناوبردنی من ئەدەن، منیش داوای یارمەتیتان لێ دەکەم”. هەروەها بارزانی بە ڕژێمی بەعسی ڕاگەیاندبوو، ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە هەولێر کۆبوونەتەوە و پیلان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەتان دادەنێن.

ڕۆڵی ئەمریکا

تاڵەبانی باس لەوە دەکات، پێش هێرشی سوپای عێراق لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەیان کردووە، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندوون، ئەگەر عێراق هێرش بکات، وەڵام دەدەنەوە و هاوکاریان دەکەن. بۆیە ئەوانیش پیلانی شەڕەکەیان و هێڵی بەرگریان بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئەمریکا داڕشتووە. هەروەها دەڵێت، چاوەڕێی ئەوە بووین ئەگەر ئەمریکا بە فڕۆکە لێیان بدات، ئێمە نەوەک هەر براوە دەبین، بەڵکو چەکەکانیشیان هەڵدەگرین و مەخمور و هەندێک شوێنی تریش دەگرین.

تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، هەڵەی ئەوان لە شەڕەکەدا ئەوە بوو، پشتیان بە هاوکاری ئەمریکا بەست، ئەگەری ئەوەیان دانەنابوو ڕەنگە ئەمریکا بەڵێنەکەی نەباتەسەر. ئەگەر وەها نەبوایە، دەکرا پیلان و هیڵەکانی شەڕ بەجۆرێکی تر دابڕێژن و بەرگرییەکی باشتر بکەن. تاڵەبانی دەڵێت: “ڕۆژێک پێشتر قسەم لەگەڵ ڕۆبێرت پێلترۆ کرد، گوتی: “دڵنیابە لێیان دەدەین و ئاگامان لێیانە”. تاڵەبانی باس لەوە دەکات، تەنانەت ڕۆبێرت پێلترۆ لەوەش زیاتر چووە، پێی گوتم، پێت خۆش بێ ڕژێمی بەعس بەشداری شەڕەکە دەبێت، ئەمە هەلێکە بۆ ئەمریکا تا گورزی گەورەی لێ بدات. تاڵەبانی لە درێژەدا، چەندین بەڵێنی هاوشێوەی ئەمریکییەکان دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەوە بوو، ئەمریکا بەشداری شەڕەکەی نەکرد، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر ئەنجامی شەڕەکە.

هاوکاری دەوڵەتی تورک بۆ پەدەکە

سەرەتای تشرینی دووەمی ١٩٩٧، یەنەکە هێرشێکی گەورەی بۆ سەر پەدەکە دەستپێکرد بەناوی “گەردەلولی تۆڵە”، ئەو پیلانەی دایاننابوو بە کاتژمێرێک جێبەجێکرا، تا کەپکی حەمەد ئاغا و سەفین گیران کە لە تەنیشت سەرکردایەتی مەسعود بارزانییەوە بووە.

تاڵەبانی لە وەڵامی ئەوەی بۆچی ئەم هێرشەیان تەواو نەکردووە، ئاماژە بە دەستوەردانی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ هاوکاری بارزانی و پەدەکە. دەڵێت، پاش گرتنی سەفین، بەتەمای گرتنی سەری ڕەش بووین. بەڵام ئەمریکییەکان داوایان لێ کردین نەچینە پێشەوە.

تاڵەبانی ئاشکرای دەکات، ئەوکات حکومەتی عێراق پێیان گوتین: “مەسعود بارزانی دەخیلی سەرۆک بووە [پەنای بۆ سەرۆک هێناوە]، سەری ڕەش هی ئێمەیە، سەرۆک تکاتان لێ دەکات مەچنە سەری ڕەش و سەری ڕەش مەگرن، چونکە لەوکاتەدا سەرۆک ناچارە بەرگری لە سەری ڕەش بکات، ئێمە ئەمجارە نامانەوێت بەشداری شەڕبین لە دژتان، چونکە ئێوە بەرامبەر تورکیا وەستاون، بۆیە تکاتان لێ دەکەین مەچنە سەری ڕەش”.

تاڵەبانی لە درێژەدا باس لەوە دەکات، بەهۆی فشاری دەوڵەتی تورک و تکای ئەمریکا و داوای عێراقەوە، هەڵوەستەیەکمان کرد کە لەڕووی سەربازییەوە هەڵە بوو، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ناچاربووین بەهۆی ئامادەبوونی ئەو هەموو هێزانە بیکەین. باس لەوە دەکات، لە سێیەم ڕۆژدا، فڕۆکەی دەوڵەتی تورک هاتنە شەڕەکەوە و لە خەلیفان زیانی گەورەیان بە هێزەکانمان گەیاند، هەموو ڕۆژێک فڕۆکەی تورک دەهاتە سەرمان و لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان دەکردین و ئۆتۆمبێلەکانیان دەسوتاندین تا نزیکی سەری ڕەش نەبینەوە. ئەگەر ئەم هێرشانەی فڕۆکەی تورک نەبوایە، پەدەکە شەڕەکەی دەدۆڕاند و خۆی ڕانەدەگرت.

تاڵەبانی لە باسی هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ پەدەکە و بارزانی لە درێژەدا باس لەوە دەکات. دەوڵەتی تورک، بە فڕۆکە و تۆپ و تانک و کاتیۆشا و هێزی کۆماندۆ بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانیان. دەڵێت، ئەوە پەدەکە نەبوو، بەڵکو تانکی دەوڵەتی تورک بوو کەپکی حەمەد ئاغا و هیرانی لە دەستی هێزەکانی ئەوان سەندۆتەوە. تانکی تورک گەیشتە دۆڵی سماقۆڵی و هەموو جێگەیەک، تەنانەت تانکە تورکییەکان ڕەواندزیشی لە بندەستی یەنەکە دەرکرد.

هەروەها چێکی بکە

لەبەردەم سیاسەتی عێراقی فیدراڵدا شوک دەبین

لەبەردەم سیاسەتی عێراقی فیدراڵدا شوک دەبین نەورۆز فازڵ دۆخی باشوری کوردستان و تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادییخواز …