نەورۆز محەمەد
ئەگەرچی گەشەی ئیسلام وەک دینێک لەهەرکوێی دونیا ڕۆڵێکی تایبەت بەخۆی و شێوازی سیاسەتی بڵاوبوونەوە و ڕێکخستنی خەڵکی بە ئیمان و عەقیدە کردوە، هەوڵی گەشەکردنی دینی ئیسلامی داوە و بەدرێژایی مێژوو کاری لەسەر ئەکات و بەردەوام ڕەوت و بزووتنەوە و گروپی بچوک و گەوره دێنە بوون، بەڵام سەیرترین ئەوەیە بۆچی ئەم بزوتنەوە و ڕەوتانە لە باشوری کوردستان، دابڕاون لە نیشتمانپەروەریی و نەتەوە پارێزیی، بەواتایەکیتر جۆری دیندارییە کەیان خزمەت بە ئەجندای دەرەکیی ئەکات. لە چوارچێوەی نەتەوە و خاک و کولتور و زمان و مێژووی خۆی دووردەکەوێتەوە و شانازیی بە نەتەوە و کولتوری داگیرکەر ئەکات. کە هەمیشە ئەو سەردەستیی و باڵادەستییە بەسەر گەلەکەمانەوە درێژەی هەیە و مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماندوە، ئالێرەوە چی تێ ئەگەین، لە ڕەووتە ئیسلامییەکانی باشوری کوردستان.
گەشەکردنی ڕەووتە ئیسلامییەکانی باشور، بەتایبەت سەلەفیی و ئیخوانیی لەژێر کاریگەریی و هاوکاریی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، هاندراون و ڕێکخراون. بە کاریگەریی قازانج و دەستکەوت و دەسەڵات لەنێو کایەکانی بەڕێوەبەریی هەرێم و زەمینە خۆشکردن بۆ گەشەی ئەم ڕەووتانە لەنێو کۆمەڵگەدا، لەئەنجامی فەشەلی حکومەتی هەرێم و ئەحزابی میللیگەرا و پاوانخواز بە داگیرکەرانەوە، لە کۆی سیاسەتی پاراستنی هەرێم لەڕووی سیاسیی و ئابوریی وکۆمەڵایەتییەوە، ئەمەش وایکردوە ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوەی خۆی گرێدراوی دوژمنانی گەلی خۆیبێت، هەربۆیە ملکەچی داخوازیی دەرەکیی ئەبن بە چاونوقان لە پێشکەوتنی ئەو ڕەووتە ئیسلامییانە. چونکە داگیرکەران لەڕێگای ڕەووتە ئیسلامییەکانەوە، ئەتوانن گەلی باشور بهێننە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ مۆدێلی نیقابی ژنان و ڕیشی درێژی تایبەت و شەڕواڵی کورت کە ئەمانە هێمای سەلەفیەتن، کە هێزێکی ئاماداکراون بۆ ڕۆژی پێویست کە بتوانن بێنە دەسەڵاتەوە، ئالێرەوە ئەبێت باش بزانین چ ڕۆژگارێکی ڕەش چاوەڕێی باشوری کوردستانە.
ئەمڕۆ بەڕوونی دەرکەوتووە، ئەم ڕەووتانە گیانی نیشتمانپەروەرییان تێدا نییە، بەڵکو گیانی ئینتمایان بۆ کەسایەتییەک هەیە کە ڕێبەریان ئەکات و دژی هەموو شتێکیتر ئەوەستنەوە، ئیتر ئەبێت بزانین کەسایەتیی یەکەمی ئەم ڕەووتە سەلەفییە بۆچی داوا ئەکات دایک بەزمانی عەرەبیی قسەبکات، یاخود حکومەت باوکە نابێت کەس دژ خۆپیشاندان بکات.
ئەوا تێئەگەین چۆن گرێدراوی دەسەڵات و میللیگەرا دەسەڵاتخوازەکانن و هاوکاریی و هەماهەنگییان لە ئاستێکی بەرزدایە، ئیتر ڕوونە ئەم ڕەووتانە لە پێناو پاراستنی سیستەمی حاکمییەت گەل دەکاتە قوربانیی و نیشتمان ئەکاتە خۆڵەمێش و هەیمەنەی داگیرکاریی ڕێکدەخات و باڵادەستیان ئەکات.
ئەم جۆرە لە سیاسەتی ڕەووتە ئیسلامیەکان، ڕێگەخۆشکەرە بۆ پارچە بوونی کۆمەڵگە تاڕادەی ئەوەی شەڕی نێوخۆ دێنێت و دونیای ئازادیی و پێکەوەیی و بەختەوەریی قڵپ ئەکاتەوه. ئیتر هیچ بەهایەک بۆ ژیان جێگای باس نابێت و گەڕانەوە بۆ سەدان ساڵ دەبێتە واقعێکی سەلمێنراو.
ئەم ڕەوتە ئیسلامییە وابەستانە بە داگیرکەر، زهنییەتی دەسەڵاتخوازییان هەیە، نەک خزمەتکردن بە ئیسلام و خودا، چونکە ڕێکخستنی بەمشێوازە تایبەتی خۆی هەیە، لە کۆکردنەوەی وزە و هێزێکی زۆری گەنجان کە سبەینێ وەک حەجاج بن یوسف ئەلسەقەفی بەشێوازێکی زۆر خوێن ڕێژانە هاووڵاتییان بکەنە موسوڵمان، وەک ئەوەی ئێستا گەلی کورد موسوڵمان نەبێت، کە ئەمەش خزمەتێکی زۆر بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ئەکات. مرۆڤایەتی لە باشور توشی شکستێکی گەورە ئەکات، وەک ئەوەی بینیمان لەم جۆره ڕەووتانە لە میسر و جەزائیر و ئەفغانستان چیانکرد.
ئەگەر دادپەروەریی و یەکسانیی، پێکەوەیی لە ئیسلامەوە سەری هەڵدابێت، ئەوا ئەم ڕەووتانە دادپەروەر و یەکسانییخواز ئەبن؟ هەرگیز نابن، بەڵکو دەسەڵاتخواز و سەرکوتکاریی کۆمەڵگەی باشور ئەکەن و دژبەرە ئازادییخوازەکان ڕاودەنێن و بێسەروشوێنیان ئەکەن، لێپرسینەوە و دادگای شەقام و لێدانی شەڵاق مودلێکی مەیدانییان ئەبێت، وەک ئەوەی لەبیاره بینیمان، ئەمەش خزمەتێکی گەورە بەداگیرکەرانی کوردستان ئەکات و کۆمەڵگە ژێردەستەی خواستەکانی سوڵتانەکانیان ئەکات.