عادل عوسمان
لەمشەوی ١٧ی٤ی٢٠٢٢وەوە ھێرشێکی نوێی دەوڵەتی تورک بەھاوکاری پەدەکە، بۆسەر باشوری کوردستان و داگیرکردنی بەبیانوی ھیزەکانی پەکەکەوە، دەستی پێکر. ئەم ھێرشە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت لە ئاڵوگۆڕی ھاوکێشەکانی ھێزو دەرخستنی ھێزە کوردیەکان و جێگەو پێگەیان لەناو تێکۆشانی نەتەوەیی کورددا. ئەم شەڕە لەئاستی ھەڵوێستدا دەرخەری ھیچ پێگەو جێگەیەک نیە، بەڵکو نیشاندەری پێگەو بەشداریە لە لایەنەکانی ناوشەڕەکەدا. بەتایبەت ئەم ھێرشەی ئەم دواییە، ھەرکەس و لائەک پەیوەنداردەکات. شەرمنانە نزیک بونەوە لێی پاڵت پێوە دەنێت بۆ باوەشی ھێزە داگیرکەرەکان و لەبەرەی گەل و تێکۆشانەکەیدا ناتھێڵێتەوە.
ھێرشەکان دەرخەری حەقیقەتی تەماعکاری و داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بەکارھێنانی ھێزەکانی ھاوکاریەتی. ھیچ ھاوسەنگیەک، بەرژەوەندیەکی وەک یەک لەم پرسەدا نیە. جگە لەبەکارھێنان و بەکرێگیراوێتی و لەکۆتاییشدا گەیشتن بەچارەنوسی حەسەن خەیریەکان بۆ ھێزە کوردیەکان، باھیچ ھێزێک دەم گەرمی بەسەر گەلی کوردەوە نەکات. ئەم ھێرشە لە کات و ساتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە جاڕی دەسپێکی شەڕی جیھانی سێھەم لێدراوەو ھێزەکانی جیھانی و ناوچەیی بەگوێرەی ھاوکێشەکان و بەرژەوەندیەکان و پێگەیان دابەش دەبن. پرسی شەڕی ئۆکرانیاو کاردانەوەکانی لەسەر وزەو دابەشکردنەوەی نەخشەی جیھانی کاریگەری گەورەی ھەیەو پەیوەستە بە ھەموو کونج و شوێنێکی گۆی زەویەوە. نمایشی سەربازی جەمسەرەکانی باکور بەبێ ڕوسیا و دەستێوەردانی بەریتانیا و چالاکبوونی لەسیاسەتی جیھانیدا ھەڵگری ئەو پەیامەیە. کە لایەنە زلھێزەکانی پڕ لەقەیرانی پارێزوانی سیستەمی دابەشی کۆن لەقەیراندان و نایەنەوێت پێگەی کۆنیان لەدەستبدەن. بۆیە جیھان بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەر پاڵپێوە دەنێن.
پێشکەوتنە تەکنەلۆجیە سەربازیەکان و لێدان لە کەشتی دەریایی مۆسکۆڤای ئەتۆمی ڕوسیا لەدەریای ڕەش و ژێرئاوخستنی و بوێری ئەو لێدانە کارێکی لەخۆوەو بێ بڕیارو بەتواناکانی ئۆکرانیا ناکرێت و نەکراوە. بۆیە ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیانەی بواری سەربازی وای کردوە گۆڕەپانی شەڕەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و چاوتێبڕینەکان فراوانترببن. خاڵی لاواز لەکوێ بوو، ھێرشی داگیرکاری لەوێ دەبێت. ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕی وزەو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی گڵۆپی سەوزی بۆ دەوڵەتی تورکیا ھەڵگیرساندوە کە بۆ پڕکردنەوەو دەستبەسەرداگرتنی ئەوروپای کۆندا، تورکیا تەماعی دەستگرتن بەسەر باشوری کوردستاندا لەبەردەم خۆی دابنێت و لەڕێگەی حکومەتی ھەرێم و پەدەکەوە ئەو ئامانجە پێکبێنێت.
بێگومان دەرھاویشتەو لەمپەرەکانی ئەم پرسە بەئاسانی تێناپەڕێت. لەلایەک ڕوسیا، چین، ئێران و ھاوپەیمانەکانی ھەیەو، لەملاشەوە کوردانی ئازادو تێکۆشانە دیموکراتیک و ھەستاوەکەی ھەیە کەبوەتە ھێزێکی کاریگەری سیاسی، سەربازی، پاراستنی و کۆمەڵایەتی و دبلۆماسی. بازرگانی و بازاڕکردنی سەرچاوەکانی وزە ھەم ھی کوردستانەو ھەم بەخاکی کورداندا تێدەپەڕێت. ئەگەر تادوێنێ بەناوی گەمارۆی کوردستانەوە نیشانەی بێھێزی و تەسلیمیەت بەسەر کورداندا دەسەپێنرا. ئەوا ئەمڕۆ بەھۆی پێگەی جوگرافی و خاوەنبوونی وزەو ڕاگوزەرەکانی گەیاندن و بازرگانی پێگەیەکی بەکوردو کوردستان داوە کەبەئاسانی ڕاگوزەر بەلایدا تێنەپڕێنرێت.
لەھاوکێشەی ئەمجارەدا کوردان نابێت بەدەردی ڕابردوو بچن. ھێزە سیاسیەکانی کورد پێویستە لەبری پارەو بەرژەوەندی تایبەت ئاوێزان و تێکەڵی سروشت، خاک و کۆمەڵگەی کوردی ببن و لەدەرەوەی ئەو ھیچ جۆرە سیاسەتێکی تر قبوڵکراو نیە. لەبەرامبەر بێھێزیدا پەیوەستبوون بەھێڵی تێکۆشانی گەل و خۆبە بەشێک زانین لەو تێکۆشانە ھەم بەھێزت دەکات، ھەم لەبچوکی و گرگنی بەردەم داگیرکەران ڕزگارت دەکات. بێگومان بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان بۆ ئاستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، یەکلاکەرەوەی ھاوکێشەو ھێرشی داگیرکاری دەبێت. پێویستە ھێزە کوردیەکانی باشور، بەتایبەت خاوەن ھێزە چەکداریەکان بەزەردو سەوزەوە، بەبۆرو مۆرەوە نەک ڕێگر بەڵکو ھاوکارێکی بێ چەندوچونی تێکشکاندنی ھێرشی داگیرکاری تورکیابن و خۆیان لەبەرپرسیارەتی لانەدەن. چونکە مێژوو گەل لادان لەھیچ کەس، ھێزو لایەنێک قبوڵناکات.
شەڕی ئەمجارە خاڵی وەرچەرخانی گەورەو مێژوویە، چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی، چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی نێو نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. بۆیە سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە، پارچەگەری و شەڕی کورد بەکورد بەکوشتدان خزمەت بەکوردان ناکات و قبوڵکراویش نیە. بەوھۆیەوە پێویستە کوردستان، بە شارو دوندو شاخ و داخیەوە ببێتە گۆڕەپانی شەڕی شۆڕشگێری گەلەری، دیموکراتیک، یاسایی و دبلۆماسی. لەھەربوارێکدا ھەرتاکێک، پارتێک و ھێزێک چی پێدەکرێت بۆ تێکشکاندنی ئەم شەڕەو ڕێگری لەھێڵی خیانەت و داگیرکاری کەمکاری نەکات و ساردی نەنوێنێت.
لەم ھێرشەی ئەمجارەشدا ئەرک و بەرپرسیارەتی دەکەوێتە سەرشانی گەل وحکومەتی عیراق و ھێزە عیراقیەکان. پێویستە لەبەرامبەر پێشێلی یاسایی و سیاسی سنورەکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەرپرسیارەتی خۆی پێکبێنێت و بەناوی کێشەی کوردو خراپ بەکارھێنانی ئەودۆزە لەلایەن پەدەکەوە بەخراپی و خراپی دۆخی عیراق خۆیەوە چاو دانەخات و نەبێتە ھاوکاری داگیرکاری. چونکە ئەوداگیرکاریەی بەشێک لەعیراق کوشندە دەبێت. لەبەرئەوەی خاکێک لەعیراق دادەبڕێت لەڕوی جێۆپۆلەتیک و جێوئیکۆنۆمیک و سروشت و ژینگەییەوە بۆ عیراق ژیانیە. لەھەمانکاتدا تێکشکێنەری ئاشتی و ئارامی و تەبایی نیشتیمانیە. بۆیە گرنگە لەچوارچێوەی خەمخۆری بۆ چارەسەری پرسی پێکەوەژیانی گەلانی جیاواز لەعیراق و دیموکراتیزەکردنی عیراقدا ھەلسوکەوت لەگەڵ پرسی گەلی کورد بکرێت، کەخاوەن ماف و نوێنەرایەتی نوێی تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازادە، نەک ھێزە کۆمپلۆگەرو پیلانگێڕەکانی شەڕخوازو دەسەڵاتخوازی بەرژەوەندپەرست.
بێگومان پێویست دەکات ھەردوو گەلی کوردو عەرەبیش لەعیراقدا بەخۆدا بێنەوە ڕێگە لە خراپ بەکارھێنانی پێگەی عراق بگرن بۆ خزمەتی مشتێک بەرژەوەندپەرستی تێکدەرو گرێدراو بە ھێزو بەرژەوەندیە دەرەکیەکانەوە. پێویستە عیراق لەسەرپرسی دیموکراتیزەکردن، پێکەوەژیان و ئابوریەکی خۆژین و خزمەتکار ئاراستەو بنیات بنێینەوەو بۆ ئەو مەبەستە لەتێکۆشانی پڕ زەحمەتیدابین.