ئەمڕۆ شەممە، لە شاری سلێمانی_ ئوتێل داوا، بە بەشداریی ژنانی سەرجەم ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بە دروشم و پەیامی”ژن، ژیان، ئازدی” و “تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی پێکهاتە و باوەڕییەکان زامنی کۆتایی هێنانی کۆمەڵکوژییەکانە، هەنگاونانە بەرەو بونیادنانی سیستمێکی دیموکرات” دەستیپێکرد.
وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنان ئێزیدی(تاژێ) خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، ٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان تێدەپەڕێت و تا ئێستا برینی ئێزیدییەکان ساڕێژ نەبووە، هەزاران ژن ڕفێندران و کۆمەڵکوژکران، ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون پێش کۆمەڵکوژییەکە، شەنگالیان بە تەنها بەجێهێشت، ٣٥٠٠ ژن کەوتنە دەستی داعش و لە بازاڕی کۆیلایەتییدا فرۆشران، تا ئیستاش ١٣٠٤ ژنی دیلکراو لە دەستی داعشدا ماونەتەوە، بە داخەوە تا ئێستا کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێنراوە و داعش و هاوکارەکانی دادگایی نەکراون، ئەمەش مایەی شەرمەزارییە.
وتەبێژی تاژێ وتیشی: بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژییەکی دیکەی سەر ژنانی شەنگال بەردەوام نەبێت، ژنان لەدوای فەرمان خۆیان بە ڕێکخستن کرد و هێزی پاراستنی جەوهەریی خۆیان بە ناوی هێزەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشەیان دامەزراند و لە چوارچێوەیەدا تێکۆشانیان کرد، چونکە بە ئامانجکردنی ژنان و کۆمەڵکوژکردنیان لە هەر شوێنێک بێت هاوشێوەیە، لە باشووری کوردستان ئەنفال بە هەزاران ژنی کۆمەڵکوژ کرد، جگە لە شەنگال هەموو پێکهاتەکانی وەک، کاکەییەکان، زەردەشتییەکان و هەموو باوەڕییەکانی دیکە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی هیچ ئایین و باوەڕیی و پێکهاتەیەکی دیکە ڕووبەڕووی زوڵم و لەناوبردن نەبنەوە، تێکۆشانی بنچینەیی بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک دەبێتە لە پێشینە و بە هیواین ئەم کۆنفرانسە بتوانێتە هەوێنی گەشکردنی تێکۆشانی ژنان.
کۆنفرانسەکە لە دوو پانێل پێکهاتووە، پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی “ڕۆڵی ژنان لەناو گەل و پێکهاتە و باوەڕیە دێرینەکان” کە لەلایەن شەهێن محەمەد بەڕێوە دەبرێت و هەریەک لە سوهام شەنگالی، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی تاژی، ئەسرا محەمەد، ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ، د. نازدار قودرەت، چالاکوانیی کاکەیی، بابەتی تایبەت پێشکەش دەکەن.
پانێڵی دووەم بە ناونیشانی “چۆن ژنان لە خۆڵەمێش خۆیان و گەلان بونیاد دەنێنەوە، ئەرکی ژنان لە پاراستن و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک و هاوچەرخ” لەلایەن ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان بەڕێوەدەبرێت و هەریەک لە زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، ڤەژین شەنگالی، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، فەلەکناس ئوجە، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، بەباتی تایبەت پێشکەش دەکەن.