دژی هێرشەکە دەوڵەتی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٣/٤/١٠ لە شاری ڕانییەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، كۆمەڵێك كەسایەتی و مامۆستا و چالاکان و هاوڵاتیانی سنورەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامداو ئەو ئەو هێرش و پەلاماردانەیان بۆسەر فڕۆخانەی مەدەنی سلێمانی شەرمەزار کرد.
دەقی راگەیاندراوەکە:
بۆ گەلی كورد.
هێز و كەسایەتییە سیاسیەكان.
دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.
نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگای نێودەوڵەتی.
لای هەمووان ئاشکرایە کەوا ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، ڕێكەوتی ٧ی نیسانی ٢٠٢٣، دەوڵەتی فاشیستی توركیا دوور لەهەموو بەها ئەخلاقی و ئایینی و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە درۆن هێرشی كردە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. لێرەدا ئێمە وێڕای ئیدانەكردنی ئەم دەستدرێژییە و تەواوی تیرۆر و پێشێلكارییە جۆربەجۆرەكانی دەوڵەتی تورك و داگیركەرانی کوردستان، پێمان وایە كە
بۆردومانی فڕۆكەخانی نێودەوڵەتی سلێمانی، پێشهاتێكی مەترسیداری دوژمنكارانە و پێشێلكردنی یاسا هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانە و وەك تیرۆری نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێت بەپێی یاسا.
هەربۆیە ئێمە داخوازی لەكۆمەڵی نێودەوڵەتی و دادگا نێودەوڵەتییەكان دەكەین بە بایەخەوە لێكۆڵینەوە لەم ڕووداوە بكەن و بكەرانی ئەم دەستدرێژییە سزا بدەن. هەروەها بانگەوازی لە هەموو كوردێكی خاوەن شەرەف و شكۆ دەكەین لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانەدا، كە دوژمن لە هەموو شوێنێك ئێمە بە ئامانج دەگرێت و جیاوازی لە نێوانماندا ناكات، كەواتە ئێمەی کورد پێویستمان بە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییە لە هەمبەر فاشیزمی دوژمن و داگیركاراندا.
هەروەها داواكارین حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك دامەزراوەی نیشتمانی مامەڵە بكەن و پارێزەری شكۆی كورد و كوردستان بن لە هەموو جێگەیەك و بەرەنگاری هەر دەستدرێژیەكی دوژمنكارانە ببنەوە و سكاڵا لە ناوەندە هەرێمی و جیهانییەكان تۆمار بكەن.
سەركەوێ خەباتی ڕەوای كوردان.
نەفرەت لە فاشیزمی داگیركەران و جاشیزم.
كۆمەڵێك لە كەسایەتی و مامۆستا و چالاکان و هاوڵاتیانی دەروازەی ڕاپەڕین.
ـــ ١٠/ ٤/ ٢٠٢٣ـــ