رۆیتەرز: دانەغاز بڕی ١٠١ میلیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە

 پاتریک ئۆڵمان وارد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەغاز، راگەیاند؛ کۆمپانیاکەیان، بڕی ٨٠ میلیۆن دۆلاری وەکو شاییستەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئاشکراشی کردوە کە بەم دواییانە بڕی ١٠١ میلیۆن دۆلاری دیکەی لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی، بەیاننامەیەکی بە ناوی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکەیەوە بڵاوی کردەوە؛ ڕایگەیاند ٨٠ ملیۆن دۆلاری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەوەش شاییستەی دارایی کۆمپانیاکەیە لای هەرێم کە ماوەی یەک دەیەی تەواوە تێدەکۆشێت لە کاتی خۆیدا شاییستە داراییەکانی وەربگرێت.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ کۆمپانیای (پێرڵ پێترۆلیۆم) کە گرووپێک کۆمپانیایە و زۆرینەی لەلایەن دانەغازەوە خاوەندارێتیی دەکرێت؛ بەم دواییانە بڕی ١٠١ ملیۆن دۆلاری دیکەی لە هەرێم وەرگرتووە، ئەوەش سەرباری هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی لە ناوخۆی عێراقدا هەن، کۆمپانیاکە ئاشکراشی کردووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەردەوامن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا شاییشتە داراییە نەدراوەکانی دیکەشی وەربگرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەوەش کۆمپانیاکانی نەوت و حکوومەتی هەرێمیشی تووشی تەنگژەیەکی گەورە کردووە، بە تایبەتیی کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت حکوومەتی ناوەند ئامادە نییە بچێتە ژێر باری پێدانی شاییستە داراییەکان بەو کۆمپانیایانەی حکوومەتی هەرێم یەکلایەنە گرێبەستی لەگەڵ کردوون، هەروەها ئاشکراشی کردووە کە دەبوو حکوومەتی هەرمی کورستان لە کۆتایی مانگی شەش بڕی ٩٧ ملیۆن دۆلار شاییستەی دارایی بداتە کۆمپانیا ئیماراتییەکە.

ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاو کردۆتەوە کە قازانجی کۆمپانیای دانەغاز، لە نیوەی سەرەتای ئەمساڵدا بە ڕێژەی ٢٥% کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ ٣٠٤ ملیۆن درهەم (٨٣ ملیۆن دۆلار)، ئەوەش بە هۆی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت و داشکاندنی نرخ بۆ ئەو لایەنانەی لە ناوخۆی هەرێم نەوتیان پێ دەفرۆشێت، چونکە کۆمپانیاکە بە هۆی سزاکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریسەوە ناتوانێت ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت لەڕێی بۆرییەوە هەناردە بکات

پاتریک ئۆڵمان وارد، لەو ڕاگەیەنراوەی کۆمپانیاکەدا ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئەو پێشهاتانەی پەیوەستن بە نرخ و ڕاگرتنی هەناردەکردنەوە کۆمپانیاکەیان بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە و تێچووەکانیشیان کەم کردۆتەوە، هاوکات لە هەوڵدایە حکوومەتی هەرێم شاییستە داراییەکانی لە کای خۆیدا پێ بدات.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …