ئەمیر ئەحمەدی
شەهێن جیهانی، ژنە شۆڕشگێڕێک کە بووە نموونەیەکی ژنی ئازاد بۆ کۆمەڵگای کوردستان و لە ژیانی شۆڕشگێڕیدا بە هەموو شتێک قەناعەتی دەکرد، بەڵام قەت ڕازی نەبوو بەوەی کە هەیە، بەڵکو بەدوای گەشە و بەرەوپێشچووندا دەگەڕا، بووە ژنێک کە لە ناخیدا نیشتمانێکی لە حەز و عەشق بە ئازادی گەورە کرد.
عەشق بە ژیانێکی ئازاد ڕێگای گەیشتنە بە حەقیقەت، ڕێبوارانێک کە لە پێناو ئازادی و ژیانێکی ئازاددا گیانیان بەختکردووە، هەمان ئەوکەسانەن گەیشتوونەتە واتای حەقیقەت وبوونەتە بەشێک لێی.
عەشق بە ئازادی نیشتمان لەوانەیە خولیای زۆرکەس بێت، بەڵام کەمن ئەوانە بۆ ئەم عەشقە ئامادەبن هەموو شتێکیان ببەخشن و خۆیان بخەنە ناو ئاگری حەقیقەتەوە و ببنە خوداوەندی جوانی بۆ نیشتمان.
یەک لەو کەسانە کە سات لە دوای ساتی ژیانی پڕبوو لە عەشق وخولیای ئازادیی و بەمەشەوە نەوەستا و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بێ ئۆقرە تا گەیشتن بە حەقیقەت بەدوایدا گەڕا، ژنێکی تێکۆشەر کۆڵنەدەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهین جیهانی، ناسراو بە نیشتمان پەیوەندە.
بە قاڵبوونەوە لە ژیانی دایە نیشتماندا گۆشەگەلێک لە تامەزرۆیی ئەم ژنە تێکۆشەرە بۆ گەیشتن بە ئازادی دەخەینە ڕوو.
شەهێن جیهانی لە داییکبووی ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر لەسەرەتای ژیانییەوە بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵ دەبێت و بژێوی ژیانیان لەم بوارەدا دابین دەکات، بەم بۆنەشەوە دەبێتە یەک لە بەناوبانگترین جووتیارەکانی ناوچەی نارنج و موچشی سەر بە شاری سنە، دواتر وەکوو کارناسێک پرۆژەی کشتوکاڵییەکەی گەورە دەکات و شانبەشانی کرێکارەکانی لە ناو زەوینەکانیدا بۆ گەشەدان بە بواری کشتوکاڵ کار دەکات، بەبۆنەی سەرکەوتنی لەوبوارەدا لە هەرێمەکەی خۆی نازناوی ئەندازیاری کشتوکاڵی پێدەبەخشرێت و بە ئەندازیار شەهێن بانگ دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئیشی کشوکاڵ دەست بە پرۆژەی ئاژەڵداریش دەکات و لە ناوچەی مووچش بۆ یەکەمینجار پرۆژەی ئاژەڵدارییەکی پێشکەوتووی هاوچەرخ بۆ بەرهەم هێنانی گۆشتی زۆر ڕێکدەخات و لەو بوارەشدا سەرکەوتن بەدەستدێنێت، بەم شێوازە وەک ژنێک دەستڕەنگینی خۆی لە ئابووریدا دەنوێنێت و دەبێتە ژنە ئافرێنەرێک کە بۆ ژنانی هەرێمەکەیان ڕۆڵی پێشەنگیی دەگێڕێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا، هەر لە سەرەتاوە شەهێن لەگەڵ کار و خەباتی ڕێکخستنیدا ئاشنابوو بە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی مەکتەب قورئان دەست بە کاری ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگا دەکات و لەماوەیەکی کەمدا دەبێتە متمانەپێکراوترین ژن لە سنە و ناوچەکانی نیوان سنە – کرماشان، بەتایبەتی ناوچەی نارنج و مووچەش و لە چوارچێوەی ئەو هزرەدا دەست بە پەروەردەکردنی ژنان دەکات، ئەگەرچی خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام توانی لە بواری وتووێژ و تێگەیاندی بەرامبەردا گەشە بەخۆی بدات و ببێتە مامۆستایەک بۆ ژنان.
هاوشێوەی ئەو وتەی ڕێبەر ئۆجالان کە دەڵێت “بە بێ ڕێکخستن، گەڵای دارێک ناشەکێتەوە”، هەر لە سەرەتای ژیانەوە لەگەڵ ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگادا ئاوێتە دەبێت و دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیان و خەباتیدا هەتا کاتێک کە شەهید دەبێت.
دایە نیشتیمان بۆ بەرەوپێشبردنی کلتور و زمانی کوردی خزمەتێکی زۆر دەکات و یارمەتییەکی زۆری دارایی پێشکەش بە شوێنە پەروەردەیی و کلتوورییەکان دەکات.
دایە نیشتمان دەستپێکردنی شۆڕش لە ناو خانەوادەکەی خۆیەوە دەستپێدەکات و لەگەڵ هەموو شوێنەکانی دیکە گرنگیەکی تایبەت بە بنەماڵەکەی خۆی دەدات، بەم شێوازەش لە پەیوەند و بازی کوڕییەوە دەستپێدەکات، بۆ خۆی پەروەردەیان دەکات و دەبێتە هاندەرییان تاوەکو دوای زاست و خۆێندن بکەون، دواتر بەهەمان شێوە خزم و کەسوکاری بەڕێکخستن دەکات.
هۆگریی بۆ نیشتمان و زۆرداری و چەوساندنەوەی ڕژیمی ئێران وا دەکات لە دایە نیشتمان و هاوسەرەکەی، کە ببنە ئەندامی ڕێکخستنی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و لەو چوارچیوەشدا دەست بە خەبات دەکەن، لە چوارچێوەی لێگەڕین بە دوای ئامانجەکاندا ئەمە بە تێرکەر نابینن و پەیوەست دەبن بە ڕێکخستنی حیزبی دیموکراتەوە کە ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم وازلێدێنن و دایە نیشتمان یەکەم کەس دەبێت لە ناو خانەوادەکەیاندا، کە ئاشنای تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و ئەویش بە ڕێگەی بەشداربوون لە ناو ئەو کەمپەینەی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان و کەمپەینی خۆپاکردنەوە لە ماددەهۆشبەرەکان کە لە ژێر ڕێکخستنی تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریان دەکرد، بەم شێوازەش لە وازهێنانی چەندین کەسایەتی دیار و هونەرمەند لە ماددە هۆشبەرەکان دایە نیشتمان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ئەو کاتەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەگەڵ ئاشنابوونی بە تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵات لە ساڵی ٢٠٠٣، بنەماڵەکەشی لەگەڵ ئەم هزرەدا ئاشنا دەکات و دەست بە پەروەردەکردنیان دەکات، بەم بۆنەیەشەوە باز کۆڕە بچووکەکەی بەشداری ناو ڕێزەکانی گەریلا دەکات و دوا بەدوای ئەمەش دەبێتە هاندەری پەیوەند، کوڕە گەورەکەی کە زانکۆدا دەیخوێند تا بڕواتە شاخ و بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا ببێت، بەو پێەش هەردوو منداڵەکەی بەشدار دەکات، چەندین کچ و کوڕی دیکە لە بنەماڵەکەی خۆیان بەشداری ڕێزەکانی گەریلا دەکات و بەم شێوازە ماڵی خۆیان دەکاتە شوێنێکی باوەڕپێکراو بۆ کۆمیتەکانی ڕێکخستنی ناوشار و ئەو گەریلانەی کە دەگەڕانەوە بۆ خەبات و چالاکی.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١ بەهۆی هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژیمی ئێران لەسەر خانەوادەکەی، دایە نیشتمان لەسەر ناوی گۆڕینی گۆڕەپانی خەبات نەک پەنابەری، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەگەڵ هاوژینەکەی دێنە باشووری کوردستان و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە باشوور خەبات دەکات.
خەباتکردن وەک وڵاتپارێزێکی چالاک و کادێریکی هەرێمی نەیتوانی تینویەتی دایە نیشتمان و تاسەی بۆ گەیشتن بە ئازادی بشکێنێت، بۆیە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵوومی هاوژینیدا پێکەوە بڕیار دەدەن بەشداری ناو ڕێزەکانی گەریلا ببن و بە شێوەیکی پرۆفشناڵ بۆ ژیانێکی ئازاد تێکۆشان بکەن.
دوابەدوای بەشداربوونی هەڤاڵ نیشتمان دەبێتە یەکێک لە کادرە چالاک و لێهاتووەکان کە بە ڕۆحێکی گەنجانەوە بەشداری خەباتی ڕێکخستنی کۆمەڵاتی بووبوو، لەو پێناوەشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان لە ناو گەلدا خەباتی کرد، وێڕای خراپبوونی باری تەندروستیشی، بەڵام ئەمە ڕێگرنەبوو لەوەی بە شێوەیەکی فیداییانە بەشداری خەباتبێت، تا ڕۆژی ٢ی مانگی ٥ی ئەمساڵ بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی، لە پاش ململانێیەکی زۆر پەیوەست بوو بە کاروانی نەمرانەوە.
تایبەتمەندییەک کە لە کەم کەسدا هەبووبێت لە ژنە شۆڕشگێڕ هەڤاڵ نیشتمانیشدا بە ڕەنگێکی زۆر بەرچاو زەقبوو و دەبینرا، ئەویش ئەوە بوو کە هەمیشە بە هەموو شتێک قانع بوو، بەڵام قەت ڕازی نەبوو بە دۆخەکە و لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێت بەردەوام لەگەشەدا بیت و خۆت و دەوروبەرت بەرەو پێش ببەیت، ئەمەش وایکرد کە لە هەموو بوارەکاندا ببێتە کەسێکی لێهاتوو و سەرکەوتوو لە خەباتی خۆیدا و بە ژیان و خەباتی خۆی لە ناخیدا نیشتمانێکی ئافراند بۆ دەوروبەری و بووە نموونەیەک لە ڕاستی ژنی ئازاد بۆ گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.