هیوا ئەحمەد
“ئاخۆ ئەو بەڵێنانەی ناتۆ بەدەوڵەتی توركی فاشیستی داوە دەبێت چی بن، بۆ ئەوەی لەپاكتاوكردن و تەسفیەكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستاندا هاوكاری زیاتری دەوڵەتی تورك بكەن”.
هاوپەیمانی وڵاتانی ئاتلانتیكی باكوور ناسراو بەناتۆ لەساڵی ١٩٤٩ی زاینی دوا بەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی دامەزرا. ئەركی سەرەكی ئەم رێكخراوە پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوە، رێگری كردن لەبەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هزر و بیری سۆسیالیستی و بزوتنەوە رزگاریخوازە نەتەوەییەكان بوو. وارشۆ هەر زوو لەبەرامبەر بەناتۆ لەلایەن وڵاتانی دژبەرەوە دامەزرا و بەهەمان لۆژیك رێكخراوی وارشۆ هەڵوێستێكی هاوشێوەی لەبەرامبەر بەو وڵاتانە كە بەهاوپەیمان یا خود وڵاتە سەرمایەدارەكان بەناو دەكران وەرگرت.
ناتۆ نزیكەی سەدەیەكە گەورەترین پیلانگێڕی، تیرۆر، گرتن و ئەشكەنجە و بێ سەرۆشوێن كردنی جەنگاوەران و سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕانیان لەسەڕانسەری وڵاتان بەڕێوە بردووە و هەموو ئەو پێوان و پرەنسیپ و نۆرمانەی وڵاتانی هەردوولا بەناوی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ماف و ئازادی باسیان لێوە دەكرد، وەكو شوێنی تەڕاتێن و مانۆڕی خۆیان دەخستە ژێر پێ و سڵیان لەهیچ نەكردەوە بۆ سەركۆتكردن و بێ كاریگەرهێشتنەوەی ئەو بزاڤ و بزوتنەوە و رێكخراو و پارت و كەسایەتیانەی هەڵوێستێكی ئازادیخوازانە یا خود ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر بەهەر جەمسەرەكەی سەرمایەداری و رئاڵ سۆسیالیزم نیشان بدایە. دەربڕین و بوونی بچووكترین هەڵوێستی ناڕەزایەتی سزایەكی هاوشێوەی مردن، دوورخستنەوە و زیندان و ئەشكەنجەدان، تیرۆری شەخسیەتی و پیشەیی و كۆمەڵایەتی بەدوایدا هاتووە.
رێكخراوی ناتۆ بەشێوەیەكی ئاكتیڤ تا هەڵوەشاندنەوەی بلۆكی رئاڵ سۆسیالیزم ئەركی خۆی جێبەجێ كرد و بەهەڵوەشاندنەوەی رئاڵ سۆسیالیزم لە 1987دا ئێدی ناتۆ كەوتە خۆ لەپێگەی شەڕی ساردی چەندین دەیە، وەكو ئەوەی كە گۆڕەپانەكە جیهانیەكە هەموو بۆ ئەو ئاوەڵا كرابێت، دەستی بەداڕشتنی ستراتیژیەتی شەڕێكی هەمەلایەنە كرد بەتایبەتی لەبەرامبەر بە پاشماوەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و بزوتنەوە كەلتورییە ئاینیەكان لەحەقیقەتدا، ناتۆ بەستراتیژی هێرشكردنە سەر ئەو بزاوت و بزوتنەوانە هەوڵی پاكتاوكردنی تێكۆشانی چەپگەرایی لەجیهاندا خستە بواری كردارییەوە.
تیرۆری سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەیی گەلی ئەفغانستان، تیرۆری یاسر عەرەفات سەرۆكی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی فەلەستین، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بەرێبەر ئاپۆ لە 1998ەوە تا رفاندنی لە 15ی شوباتی 1999 بەشێكی ئەو هەوڵانەی رێكخراوەی ناتۆ بوو كە بەهاوبەشی ژمارەیەك لەوڵاتانی ئەندام لەرێكخراوە و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی ئەمریكا، ئیسرائیل، ناتۆ بەرێوە دەبران. لەگەرمەی ساڵانی شەڕی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان”پەكەكە” لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری توركی فاشیست و دیكتاتۆر لە 1986 بۆ ئەوەی بەتیرۆر ناساندنی كاروخەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان لەوڵاتانی ئەوروپا قەدەغە بكەن، ئیستخباراتی هەردوو وڵاتی توركیا و سۆید پیلانی كۆشتنی سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی سۆیدیان داڕشت و ئەو تیرۆر و كردەوە دژە ئینسانیە خستە ئەستۆی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان، واتە دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئیستخباراتی سۆید ئەم پیلانەیان راستەراست لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان داڕشت و بزوتنەوەی پەكەكەیان كردە ئامانج. دادگای باڵای سۆید دوای چوار دەیە ئەمساڵ سەلماندی كە پەكەكە لەو دۆسیەدا بێ تاوانە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەت و بەرپرسانی سۆید داوای لێبوردن لەپەكەكە و گەلی كورد بكەن و دان بەو تاوانە مێژووییە لەبەرامبەر بەپەكەكە و گەلی كورددا بنێن وەكو بەرزەكی بانان خۆیان لەراستی و حەقیقەتی بابەتەكە دزییەوە و تەنیا بەبێ تاوان نیشاندانی پەكەكە لەو دۆسیە كۆتاییان بەدۆسیەی كۆشتنی ئۆڵف پاڵمەدا هێنا و دۆسیەكەیان داخست. سەیر لەوەدایە دوای نزیكەی پێنج دەیە لەو پیلانگێڕیە هاوبەشەی دەوڵەتی توركی فاشیست و ئیستخباراتی سۆید جارێكی تر، سۆید بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ ملكەچی هەموو داواكاریە چەپەڵەكانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك بوو بەتایبەتی لەبابەتی دژایەتی كردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گەلی كورد و ئەم هەوڵەشیان لە دواكۆبوونەوەی ناتۆ لە ویلنیوس پایتەختی لیتوانیا یەكخست.
ئەردۆغان لەكۆبوونەوەكەی رێكخراوی ناتۆ كە لەلیتوانیا بەرێوەچوو، بۆ ئەوەی سۆید بەشداری ناتۆ بێت سێ مەرجی دانابوو؛ یەكەم؛ دەبێت ئەمریكا فرۆكەی شەڕكەری ئیف ـ 16 بداتە دەوڵەتی تورك. دووەم؛ كردنەوەی دەرگاكانی چوونی توركیا بۆ نێو یەكێتی ئەورورپا كە ماوەی پەنجا ساڵە چاوەڕوانە و سێیەم؛ دەبێت دەوڵەتی سۆید لە دژایەتی كردنی ئەو بزاو و بزوتنەوە و كەسایەتیانەی دەوڵەتی تورك ئەوانە وەكو تیرۆریست بەناو دەكات، هاوكاری راستەوخۆی دەوڵەتی تورك بكات.
هەر زوو مەرجی یەكەم و سێەم لەلایەن سۆیدەوە پەسەند كران. تەنانەت وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی باسی لەداگیرساندنی گڵۆپی سەۆزی بایدنیش كرد لەوەی كە فرۆكەی شەڕكەری ئیف ـ 16 بە توركیا بدەن.
ناتۆ هەر زۆر گۆشاریشی لەدەوڵەتی سۆید كرد كە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژ بەتیرۆری وڵاتەكەی هەموار بكاتەوە. ئەو بوو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەو یاساییە لەچەند مانگی رابردوودا گۆڕی و داواكاری ئەردۆغان و ناتۆی لەو رووەوە جێبەجێ كرد.
وڵاتی یونان كە لە 2016ەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی تورك تەگەرەیان تێكەوتبوو لەكۆبوونەوەكەی ناتۆدا، هەردوو سەرۆكوەزیرانی توركیا و یونان” ئەردغان و میتسوتاكیس” لەیەكدی نزیككرانەوە و و هەردوولا كەیفخۆشی خۆیان لەمەڕ نزیكبوونەوەی هەردوو وڵات نیشاندا و جەختیان لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەكانیان كردەوە و ئەوەشیان وەكو هەلێكی مێژوویی بۆ هەر دوو وڵات بەناو كرد، بەڵام لەسەر حیسابی كێ و چۆن؟!.
رێبەر ئاپۆ دوای پیلانگێڕییە نێونەتەوەیەكە لەبەرامبەری بەرێوەچوو، راستەوخۆ ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم پیلانگێڕیە لەلایەن ناتۆ، ئەمریكا و ئیسرائیلەوە پلانی بۆ داڕێژراوە و بەهاوكاری ژمارەیەك لە وڵاتانی تر پلانەكەیان خستە بواری جێبەجێكردنەوە. لەنێو ئەو وڵاتانەدا شوێن پەنجەی دەوڵەتی سۆید پێشتر بەتیرۆری ئۆڵف پاڵمە دیار كرابوو و ناتۆش بەهەمانشێوە لە ١٩٩٩ی زاینی بەڵێنی هاوكاری بە یونان دەدات كە لەچارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی توركدا هاوكاریان بێت، بۆیەش یونانیش بەشێوەیەك لەشێوەكان لەپیلانگێڕییە نێونەتەوەیی دژ بەرێبەر ئاپۆ و گەلی كورد جێگای خۆی گرت.
ناتۆ لەبەرامبەر بەچی ئەردۆغان و دەوڵەتی توركی رازی كرد!!
رێكخراوی جاڵجاڵوكانەی ناتۆ بۆ دڵخۆشكردن و رازیكردنی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان بۆ هاتنە ناوەوەی وڵاتانی سۆید و نۆروێژ بۆ نێو ناتۆ، چەند بەڵێنێكیان بەدەوڵەتی توركی داگیركەر و فاشیست دا، بەتایبەت لەدژایەتی كردنی زیاتر و هەوڵە پاكتاوكاریەكان دژ بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان”پەكەكە” و رێبەر ئاپۆ. بەڵام ئاخۆ ئەو بەڵێنانەی ناتۆ بەدەوڵەتی توركی فاشیستی داوە دەبێت چی بن، بۆ ئەوەی لەپاكتاوكردن و تەسفیەكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستاندا هاوكاری زیاتری دەوڵەتی تورك بكەن. لێرەدا تەنیا ئاماژە بەچەند خاڵێكی تایبەت بەكوردان دەكەین و تێپەڕ دەبین.
ناتۆ پێش هەر شتێك بەڵێنی بەدەوڵەتی تورك و ئەردۆغان داوە كە سیاسەتی دابڕاندنی یەكجارەکی رێبەر ئاپۆ لەدنیای دەرەوە بەردەوام و تا دوایی پشتگیری لەو سیاسەتە و سەپاندنی دەكەن و بەرێگەی گۆشارخستنە سەر سی پی تی و كۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا لەو بابەتەدا هاوكاریان بن و دەوڵەتی تورك لەو رووەوە بپارێزن. ئەوەتا خۆی لەخۆیدا ماوەی بیست و نۆ مانگە”29″ بەهیچ جۆرێك رێگە بەدیداری پارێزەران و بنەماڵەی رێبەر ئاپۆ نادرێت چاویان پێبكەوێت و بەو شێوەیەش هەم رێبەر ئاپۆیان بەتەواوەتی ئیزۆلە و دابڕێندراوە لەدنیای دەرەوە و هەم گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان لەتەندرۆستی و پاراستنی گیانی رێبەر ئاپۆ بێ ئاگان و ئەمەش نیگەرانی زۆری لای هەردوولا درۆست كردوە.
بەڵێنێكی تری ناتۆ بۆ دەوڵەتی توركی داگیركەر و فاشیست، رادەستكردنی فرۆكەی ئیف ـ 16ی ئەمریكی بوو بە دەوڵەتی تورك كە ترامپ لەو كاتەی سەرۆكی ئەمریكا بوو، بڕیاریدابوو دەوڵەتی تورك لەو جۆرە فرۆكانە بێ بەش بكات، بەڵام هەردوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەی ناتۆ لەلیتوانیا كە لەهەشتسەد كیلومەتری روسیاوە بەرێوەچوو، وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی باسی لەهەڵكردنی گڵۆپی سەۆزی بایدن بۆ رادەستكردنی فرۆكەی شەڕكەری جۆری ئیف ـ 16 بەدەوڵەتی تورك كرد.
لەهەمانكاتدا، ناتۆ لەو كۆبوونەوەیەدا بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی ناتۆی دژ بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركەوە ئەرێ كرد، هەرچەندە ئەو چەكە قەدەغەكراوانەی ناتۆ ماوەی پەنجا ساڵە لەدژی گەریلاكانی كوردستان بەكار دەبرێن، بەڵام ئەمجارە ناتۆ بۆ ئەوەی دەوڵەتی توركی داگیركەری رازی بكات لەوەی كە هاتنە ناوەوەی سۆید و نۆروێژ بۆ نێو رێكخراوەكە قەبوڵ بكات و دڵی دەوڵەتی توركی فاشیست و دیكتاتۆر خۆش بكەن، بەكارهێنانی ئەو چەكە قەدەغەكراوانەیان بەتایبەتی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی ـ تاكتیكی بەقەبارە و هێزی وێرانكاری زیاتر دژ بەگەریلاكانی پەكەكە لەئاستێكی بەرزتردا ئەرێ كرد. بۆیەش هەر لەم مانگەدا”مانگی حەوت”، بەتایبەتی دوابەدوای كۆبوونەوەی ناتۆ چەندین جارە ئەم چەكە كۆشندەیە لەبەرەكانی بەرخۆدانی گەریلا بەتایبەتی لەگردی”ئیف ئیم” لەبەرامبەر بە گەریلا ئازادیخوازەكانی كوردستان بەكارهێنراون و تەنانەت دەنگی بەكارهێنانی ئەو چەكانە لەزۆربەی شارەكانی باشوری كوردستانیش بەئاسانی هەستی پێكراوە. واتە بەكارهێنانی راستەوخۆی ئەو چەكە قەدەغەكراوانەی ناتۆ دژ بەگەریلا لەلایەن ناتۆوە ئەرێ كراون، ناتۆش بەڵێنی بەدەوڵەتی تورك داوە كە لەبەرامبەر بەبەكارهێنانی ئەو چەكە قەدەغەكراوانەش بێدەنگ بێت و رێگە نەدا ئەو بابەتە ببێتە رۆژەڤی رای گشتی و نێودەوڵەتی و دامەزراوەكانی داژیەتی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو. بەهەمانشێوە ناتۆ بڕیاری داوە كە تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی شەڕ لەبواری پەرەپێدان و پێشخستنی فرۆكەی سیخۆری و بێ فرۆكەوان و چاودێری هاوكاری زیاتری دەوڵەتی تورك و ئەرتەشی تورك و لەو بوارەشدا هەموو هاوكاریەك پێشكەشیان بكەن.
بەڵێنێكی تری ناتۆ بۆ دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان رازی كردنی سەرۆكوەزیرانی دەوڵەتی یونان”میتسوتاكیس”بوو بۆ رواندنەوەی ناكۆكیەكانی نێوان هەردوو وڵات و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بوو. بۆیەش هەر زوو ئەردۆغان و میتسو تاكیس هاتنە لای یەكدی و كۆبوونەوەكەی ناتۆیان بەدەرفەتێك بینی بۆ سەرلەنوێ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات. كەچی كۆبوونەوەكەی ناتۆ كۆتایی پێ نەهات، لەوڵاتی یونان، هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە پەلاماری كەمپی پەنابەرانی كورد لەلاڤررۆڤیان دا و نزیكەی پەنجا پەنابەری كوردیان دەستبەسەر كرد.
هەرچەندە لەكۆتایی كۆبوونەوەكەی ناتۆ، چین وەكو گەورەترین مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و كۆبوونەوەكەش گۆایە بۆ پاڵپشتی زیاتری ئۆكرانیا لەشەڕی دژ بەروسیا و بەرفراوانكردنی رێكخراوی ناتۆ بەناو كرا، بەڵام ئەوەی راستی بێت لەژێر پەردە و لەپاش پەردەی ئەو كۆبوونەوەی ناتۆ لەلیتوانیا، بڕیاری پاكتاوكردن و تەسفیەكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گەریلای ئازادی كوردستان وەرگیراوە، ئەمەش نیشانەی بەردەوام بوونی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بەرێبەر ئاپۆ و گەلی كوردستان و مرۆڤایەتی پێشكەوتووخواز و ئازادیخوازە لەسەر ئاستی جیهان.