“ڕووفاتی ئەنفالکراوان لە مەترسیدایە و پەلە بکەن لە هێنانەوەیان”

چالاکوانان و کەسوکاری ئەنفال داوا دەکەن پەلە بکرێت لە هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان چونکە پێشنیارێك بۆ بەخاكسپاردانیان لە شاری بەغدا لە ئارادایە.

 ئەمرۆ دووشەممە، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، لە رۆژی جیهانی دادپەروەری کوردستان، ژمارەیەک لە ڕێکخراوی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال لەگەڵ نوێنەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی هۆشداری دان لەسەر مەترسی دواخستنی گێڕانەوەی ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست، کە تیدا داوایان کرد پەلە بکرێت لە هێنانەوەی ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان، و دەشڵێن لەئیستادا، ” پێشنیارێك بۆ بەخاكسپاردانیان لە شاری بەغدا لە ئارادایە”.

 هێمن کامیل کەسوکاری ئەنفالکراوان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا بەناوی ٢٠٠ کەس لە کەسایەتی، ڕۆشنبیر، چالاکوانی بواری ئەنفال و جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان، لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەیاننامەیەکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد کە تیدا هاتبوو: “بانگەوازێك بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق و ھەرێمی کوردستان، ٢١ی ئابی ٢٠٠٦، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەدام حوسێن و سەرانی رژێمی بەعس لە عێراق لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە دەستی پێکرد و دوای ٦١ دانیشتنی دادگا، لە بڕیاریی کۆتاییدا دادگای باڵای تاوانەکان، شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ وەک تاوانی جینۆساید ناساند و تاوانباران و بکەرانی ئەو تاوانە لە سەرانی رژێمی بەعسی سزادا.

 ئەم رۆژە، بۆ گەلی کوردی قوربانی تاوانەکانی جینۆساید، رۆژی دادپەروەرییە لە کوردستان و بەم بۆنەیەوە وەک کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و نووسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسایەتی و لایەنەکان، داواکارین پەلە بکرێت لە گەڕاندنەوەی ١٧١ ئێسک و پروسکی ئەنفالکراو، کە ماوەی چوار ساڵە بەبێ نازی، رووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵدراونەتەوە.

ئەو روفاتانە، کە ئەنجامی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە لە باشوری عێراق دۆزرانەوە، رووفاتی (١٧١) ئەنفالکراوە، کە سەرجەمیان لە ژنان و منداڵانی ئەنفالکراو پێکهاتبوون و ناسنامەکانیان ئاشکراکراوە و دوای دەرهێنانیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە پزیشکی دادی بەغدایە.

بەداخەوە دوای چوار ساڵ، تائێستا هیچ هەنگاو و هەوڵێك نابینین بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان بۆ کوردستان. ئەمەش کەمتەرخەمی و بێباکی حکومەتی ھەرێم دەردەخات لە بەرامبەر ئەم پرسە.

 مانەوەی روفاتی ئازیزانمان لەمە زیاتر؛ نا ئارامی بە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەخشیووە، چونکە هەمان ئەو مەترسیانە بە یادی هەمووان دەھێنینەوە، کە بەسەر روفاتی ئەنفالکراوانمان لە ساڵی ٢٠١٣ـدا ھات، کاتێك بەهۆی شۆرتی کارەباوە، بەشێکی پزیشکی دادی نەجەف سوتاو بەهۆیەوە روفاتی ئەنفالکراوانمان لەو شوێنە سوتا.

ئەمەش بە بەڵگە و نوسراوی فەرمی لای حکومەتی عێراق و رێکخراو ICMPـی نێودەوڵەتی تۆمارکراوە.

 لەم رووەوە ئێمە وەك ئامادەکارانی ئەم داخوازینامەیە، کە پێکهاتووین له ژمارەیەك لایەن و کەسوکاری ئەنفال و رێکخراو و نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئۆباڵی ئەو بێباکیە لە ئەستۆی ئەواندایە. 

هاوکات داواکارین لە سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا و نوێنەرانی کورد، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن، تا لەوە زیاتر هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانی ئازیزمان دوانەحرێت، بە تایبەت کە دۆخی شاری بەغدا بە هۆی ئاڵۆزییە سیاسیەکان، رۆژ لە دوای رۆژ لە خراپیدایە.

 هاوکات ئەوە دەخەینەڕوو، ئەگەر پاساو بۆ دواخستنی هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان بێت، ئەوە چەندین رێگا چارەسەر هەیە، لەوانە وەرگرتنی سامپڵ لە رووفاتەکان و بارکۆدکردنی سامپڵ و گۆڕی رووفاتەکان، تا ئەوەی لە هەر کاتێکدا ویسترا بە بەراوردکردنی بە سامپڵ (نموونەی خوێن)ـی کەسوکاری ئەنفالکراوان بناسرێنەوە. 

 ئەم بانگەوازەی ئێمە لە کاتێکدایە، خانەی پزیشکی دادی بەغدا، رێکارەکانی پشکنین و تەرقیمی ئێسک و پروسکەکانیان تەواو کردووە و داوای چارەسەرو گواستنەوەی روفاتەکان دەکەن و لە حاڵەتی دواخستنی هێنانەوەیان، ئەوان واتا (پزیشکی دادی بەغدا) بەنیازی بە خاکسپاردنی روفاتەکانن بە ئامانەت لە گۆڕستانێکی شاری بەغدا، ئەمەش بە واتا دووبارە گۆڕ غەریبکردنی ئازیزانمان.

 ئێمە ئەم رێگایە بە باشترین و خێراترین رێگا دەبینین، بە پێچەوانە هەر رێگایەکی تر بۆ ئەم پرۆسەیە تەنها و تەنها دەبێتە هۆکاری زیاتر دواکەوتنی هێنانەوەی رووفاتەکان”.

  جێگای باسە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا شەش داواکاری ئاڕاستەی هەردوو حکومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان کرا کە بریتیبوون لە:-

یەکەم/ دەست بکرێت بە وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە کوردستان لەلایەن وەزارەتی شەھیدان  بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی.

دووەم: کار بکرێت بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان و گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تر لە باشورو ناوەڕاستی عێراق.

سێیەم/ له پرسی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و هەڵدانەوەی گۆڕ غەریبانی ئەنفالکراوانمان، گوێ لە ویستی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بگیرێت بەبێ جیاوازی و  کەسوکاری قوربانیان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و نوسەران و توێژەران و چالاکوانانی ئەم بوارە، لەگەڵ بە پەلە هێنانەوەی ١٧١ ئێسک و پروسکە بێ ناز کەوتوەکەی ئەنفالکراوانمانن.

چوارەم/ داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق بە ژمارە (٥)ـی ساڵی (٢٠٠٦)، که بە یاسای ژمارە (١٣) ساڵی (٢٠١٥) هەموارکراوەتەوە، بچن لە فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە بەغدا داواکاری بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان تۆمار بکەن، چونکە یاسای ئاماژە بۆ کراو، ئەولەویەتی داوە بە داوای کەسوکاری جینۆسایدکراوان.

پێنجەم/ حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هاوشانی دۆسیەکانی بودجە و نەوت، بکەنە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراق.

شەشەم/ تۆمەتبارانی داواکراو لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە راپێچی بەردەم دادگا بکرێن.

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …