- هیوا ئەحمەد
“نابێت خۆڵ بەچاوی گەلدا بكەن. رەوایەتیدان و بەرگری یاسایی لەبەر كارێكی نایاسایی كێشەكان قووڵ و تەمەنی دەسەڵات درێژ و گەل بێ باوەڕتر و ماڵوێرانتر دەكات”.
دوو رۆژ لەمەو پێش دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستانی دەرچواند. دادگا دووای چەند جارێك لەدواخستنی دانیشتن لەسەر دۆسیەكە، لەدەرئەنجامدا بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەو دانیشتنانەی لەو ماوەی درێژكردنەوەی پەرلەمان دەركراون یاخود دەرچواندنی هەر یاسایەك لەلایەن ئەو پەرلەمانەوە بەنایاسایی و بەتاڵ هەژماری كرد. هەر زوو راگەیاندنەكانی دەسەڵات وەكو پیشەی هەمیشەییان كردیانە هەرا و هات و هاوار، یەكیان بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیان بە دژایەتی كردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان و بەبڕیاری سیاسی لەدژی گەلی كورد ئەژماری كرد و ئەوی دیكەش بە سەركەوتن بۆ گەل و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ لای كۆمەڵگە و ئەوەكەی تریش بەجۆرێكی تر شەن و كەوی بڕیارەكەی دادگای باڵای عێراقیان كرد. هەرچەندە بەتەواوەتی ئاگاداری جووڵەكانی دوای ئەم بڕیارەی دادگای باڵا نیم.
بابەتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی هەرێم بەنایاسایی لەم سی ساڵە و هەر شەش خولەكەی پەرلەماندا بووەتە كلتورێكی سەقەتی لەیاسا بەدەر و میراسێكە كە زوو زوو ناتوانن دەست بەرداری بن. لەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش ئەوانەی لەپەرلەماندا تەمەنی خۆیان درێژ كردەوە، هەم وەكو فراكسیۆن و هەمیش وەكو ئەندام پەرلەمان بەلای هەموو خەڵكی هەرێمەكەمانەوە ئاشكرا و شاراوە نەبوو و نییە. ئیدی دەرچواندنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەو كەسانەی رێككەوتن و تەمەنی خۆیان درێژكردەوە شاگەشەكە ناكات و ئەگەر هەر لایەنێكیش شاگەشكەی پێ بێت یا بەجۆرێكی تر بەسیاسی و دژبەهەرێم و مافەكانی گەل بیخوێنێتەوە بەبڕیارەكە زویر بێت ئەوەش هەر موزایەدەیە. موزایەدەی سیاسی لەبنەمادا بۆ خۆڵ كردنە چاوی خەڵك”گەل” و بەلارێدابردنی رای گشتی و پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەكانە.
بەهەر حاڵ رێككەوتن و درێژكردنەوە و ئامانجی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان بۆ ئەوە بوو كە پەرلەمان و كۆمیسیۆن و هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەن، ئەوەش بەزەبر و هەڕەشە و گوشارەكانی هێزە نێودەوڵەتیەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرەكەیان لەهەرێم و عێراقدا بوو. ئەگەر ئەوەش نەبووبا كەس خۆ باوەڕی بەدیموكراسی یا خود هەڵبژاردن نییە و دەیانەوێت بەزەبری هێز رەوایەتی بەمانەوەی خۆیان بدەن لەسەر دەسەڵات، بەتایبەتی پەدەكە. پەدەكە هێزی چەك باڵاتر لەهێزی دیموكراسی و یاسا بەركارەكان دەزانێت، ئەوەش چەمكێكە لەسەری راهاتوون و باوەڕیان پێیە.
بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردن، هەر لایەنێك بە چەند شەرت و شروتێكی تایبەت بەخۆی چەند جارێك كۆبوونەوە تەنانەت نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادە دەبوو، ئەو شەرت و شروتانەش”مەرج و پێش مەرج”انە زیاتر بەهۆی ترس لەئەنجامی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بوو، نە پاك و خاوێنی یاخود دیموكراتیانە بوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش بابەتێكە كە بەلای كۆمەڵانی گەلی كوردستانەوە مەشهودە.
بەهەرحاڵ دوابەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان؛ سەرۆكی هەرێم رۆژ و بەرواری بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دەبوو دیاری بكات و پەرلەمانیش لەسەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و سەرلەنوێ پێداچوونەوە و جێگوڕكێی ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردكانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردن و پرسی كۆتاكان كە وەكو خاڵی جێ ناكۆكی نێوان لایەنەكان بوو چارەسەر بكات و كۆمیسیۆن دەست بەئامادەكاریەكان بۆ هەڵبژاردن بكات. بەڵام بەهۆی بێ متمانەیی و تاكڕەوێتی و بەرژەوەندی پەرستی حیزبیەوە تا پێش هەفتەیەك لەمەوپێش ئەو ناكۆكی و ئامادەكاریانە پێكنەهات، بۆیەش پەدەكە هەفتەی رابردوو بەبێ گوێدان بەهاوبەشی و رێككەوتنەكان و بەبێ ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان و بەپاڵپشتی كورسی كۆتاكان و چەند ئەندام پەرلەمانتارێكی تر لایەنەكانی دیكە و بەناو سەربەخۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیان كارا كردەوەو زۆرینەی پەرلەمانی بەكارهێنا. لێرەشدا راگەیاندنەكان هات و هاوار و بەرێگەی كەناڵە فەرمی و نافەرمیەكان و پەیج و تۆڕەكانی ئینتەرنێت و سێبەر هەرلایەنەو كەوتنە وێزەی یەكترەوە و ترس و دڵەڕاوكێیان خستە نێو ریزەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە.
جارێكی تر با بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەسڵی بابەتەكە و ئەو خاڵانەی جێ ناكۆكی لایەنەكان و چۆنیەتی بڕیارەكەی مەحكەمەی فیدراڵ راوەستە بكەین. خاڵە ناكۆكەكانی نێوان لایەنەكان بریتی بوون لە؛ میكانیزمەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، گۆڕینی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم و ژمارەیان، كورسی كۆتاكان، ئیحسایەی دانیشتوانی هەرێمی باشوری كوردستان و چەند بازنەیی بوونی یاسای هەڵبژاردنەكان بوو. بەڵام بە پێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ رەنگە تەنیا كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەو راستیەی كە پرسە ناكۆكەكان چارەسەر كراون.
بەداخەوە رۆشنبیران و رووناكبیران و خەمخۆرانی گەل و كۆمەڵگەش و سیاسیەكان و یاساناسانیش بەسەر حیزبەكاندا دابەش بوون و ئەوەی بەبێ لایەنی ماوەتە ژمارەیان زۆر كەمە و مرۆڤ دەتوانێت بەژمارەی پەنجەكانی دەست بیانژمێرێت. ئەم كەسایەتیانە بەهۆی بڵاوبوون و نەبوونە خیتابێكی بەهێز و بەرێكخستنكراو، نابنە هێزی گوشار بۆ سەر دەسەڵات و دەسەڵاتیش بەچاوسوركردنەوە و ترس و توقاندن ئەو دەنگە پەرتەوازانە كپ دەكات. هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێت هەوڵەكانی ئەو كەسایەتیانەش بەنەبوون هەژمار بكات. بەڵام بەهۆی ئەو كەم و كوڕیانەوە باسمان لێیانەوە كرد كاریگەریەكی ئەوتۆ نە لەسەر دەسەڵات و نە لەسەر ئاراستەكردنی كۆمەڵگە نابێت.
وەكو تاكێك كە خۆم بەخەمخۆری مافە رەواكانی گەل و كۆمەڵگە و ژنان وگەنجان دەزانم؛ هەست بەموزایەدەیەكی گەورە دەكەم لەم بڕیارەدا بۆیە وەكو ئەركێك گومانەكانی خۆم لەسەر بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەكان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەكەمدا بخەمە بەرباس و گفتوگۆوە. ئەگەر بڕیارەكە بەمەبەستی موزایەدە و پەردەپۆش كردن و كپ كردن و بەلارێدا بردنی ئەسڵی قەزیەكە بێت ئەوا بێگومان گەل زەرەرمەندی سەرەكی دەبێت و پرۆسەی دەستاودەست كردنی ئەرك و دەسەڵات و هەڵبژاردنیش فۆرماڵیتە دەبن. نابێت خۆڵ بەچاوی گەلدا بكەن. رەوایەتیدان و بەرگری یاسایی لەبەر كارێكی نایاسایی كێشەكان قووڵ و تەمەنی دەسەڵات درێژ و گەل بێ باوەڕتر و ماڵوێرانتر دەكات.
گەل لەكوێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵدایە؟!!
سەیركەن بڕیارەكەی مەحكەمە راستە بەرگێكی یاسایی بەبەر نایاسایی بوونی بڕیارێكدا كردوە، نزیكبوونەوەی وەها بەتەواوەتی سیاسییە و لەقازانجی گەل و بەرژەوەندی گەل و پرۆسەی دیموكراسی بوون و بەدامەزراوەیبوون نایەت، ئەزموونی سی ساڵ حكومەت”دەسەڵاتداری” لەهەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ گەل روون كردۆتەوە كە بڕیارە سیاسیەكان تەنیا لەخزمەت دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئەواندا بووە. بۆیەش لەم بابەتەشدا دەبێ نە زوو شاگەشكە بین و نە زوو زەویر و بەحەماسەت و هەستەوە بنوارینە بابەتەكان. دەبێت زیاتر لەناوەڕۆكی بڕیارەكە رژد ببینەوە و ئەوە بوروژێنین كە ئەم بڕیارە چەندێك لەقازانجی گەل و كۆمەڵگەدایە. ئەگەر بڕیار بێت تەنیا بەهۆی ئەو بڕیارەی دادگای باڵاوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ناوەند بەرێوەچوونی پرۆسەكە بگرێتە ئەستۆ و ناكۆكیەكانی تر لەژێر پەردەی بڕیارەكەدا بشارێتەوە ئەوا زەرەرمەندی ئەساسی لەبڕیارەكەدا گەل دەبێت و ئەوەشی قازانج بكات لەپلەی یەكەمدا پەدەكە و پاشان حیزبەكانی دیكە دەبن. بەتایبەتی ئەگەر بەیاسا كۆنەكەی هەرێم هەڵبژاردنەكە بەڕێوە ببەن كە سیستەمێكی یەك بازنەییە و پرسی كۆتاكانیش وەك خۆی بمێنێتەوە یاخود ئەو ئەحسایە بەگوێرەی ئەژمارەكانی بەغداد بێت یا هەرێم، بڕیارەكە و ناوەڕۆكە ئەساسیەكەی دەگۆڕدرێت. بەڵام ئەگەر ئەم بابەتانەی ئاماژەم پێ كرد بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ناوەند بێت و پرسی فرەبازنەیی و ژمارەی ئەحسایەكە و پرسی كورسی كۆتاكان یەكلایی كرابێتەوە ئەوە شتێكی تر و ئەو قەوانەی من لێمداوە، بەتاڵ دەبێتەوە، ئەگەر نا لەبەرامبەر بەبڕیارێكی وەها رەنگە لایەنەكانی تر كە تەمەنی پەرلەمانیان درێژ كردوەتەوە لەبەرچەند پۆست و پلە و پایەی جیاواز یاخود سۆزی هەندێ شتی نوێ درابێت، گومانەكانمان تۆختر دەكاتەوە و دەبێت گەل و كۆمەڵگە لەم بابەتە هۆشیار بن، و بەموزایەدەی سیاسی حیزبەكان تاوێك شاگەشكە و تاوێكی تر وەكو هەورە بروسكەی بەهاری هەڵنەچن.