سیاسەتی پاکتاوو قڕکەر

عادل عوسمان

سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کورد، سیاسەتێکە سیستەمی جیھانی لەدوای شەڕی جیھانی یەکەم و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی دوای شەڕو کۆتایی ھاتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ئاواکردنی کۆماری تورکیا، بڕیاری لێداوەو جیبەجێکردنیشی بەتورکیاو سێ دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەری کوردستان سپاردوە. تورکیا بەڕێوەبەرو سەرکێشی ئەو سیاسەتە دەکات و کەمی نەکردوە. لەگەڵ تورکیاشدا ھەرسێ دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، سوریا و ئێران بەشدارو بەڕێوەبەربوون. لەدوای ئەو نەخشەوە شەڕ بەرۆکی کوردانی بەرنەداوە. ھیچ ڕۆژو ساتێک نیە کە دەوڵەتە داگیرکەرەکان ھێرشیان نەکردبێتە سەر کوردان.
کوشتار، مەرگی بەکۆمەڵ، زیندەبەچاڵ کردن، لەسێدارەدان، کیمیاباران و سود وەرگرتن لە ئایینی ئیسلام بۆ ناوی ھێرشە شەڕانیەکانیان سوتاندنی گوند و شار، ڕاگواستن، دەستدرێژی و تاڵانی کاری ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەبوە بەرامبەر بە گەلی کوردو خاکی کوردستان. ئەم دەوڵەتانە، بون و مانیان بە بەردەوامی شەڕو پاکتاوی گەلی کوردەوە گرێدراوە. ھەروەھا ھێزیان لە بڕیارو سیاسەتی نێو دەوڵەتیەوە، وەرگرتوە. ئەوان ھیچ کات ھێزی بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە سیاسەتەیان بەھێزی خۆیان نەبووە، ھێزیان لەدەوڵەتە زلھێزەکانی ڕۆژئاوایی وەرگرتوە.
لەوانەیە بپرسن، بۆچی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بڕیارێکی لەوشێوەیە دەدەن و ھاوکاری ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە دەکەن لە ھێرش کردنە سەر گەلی کورد؟
کاتێک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆتایی ھات، ناوەندی بڕیاردان لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەوتە دەست ڕۆژئاواییەکان. ئینگلیزەکان کە چاویان بڕیبوە ناوچەکەو دەوڵەمەندی کوردستانیان دەناسی و کوردەکانیشیان دەناسی کە تەسلیمی ملکەچی و ژێردەستی نابن. بۆیە بڕیاریاندا لەڕێگەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ گەلانیتری وەک عەرەب، تورک و فارس سیاسەتی تێکدانی مۆزائیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبەرن و لەسەر تەرمی لەناوبردنی کوردان سیستەمەکەیان دامەزرێنن.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە مێژوویەکی لەبێ ڕەحمی و کوشتاری بەکۆمەڵ و سڕینەوەدا ھەبوە، بۆ ئەو کارە شیاو بینراوە. چونکە مێژوی دەوڵەتی عوسمانی و تورکەکان لەسەر پاکتاوی، یۆنانی، بێزەنتی، ڕۆمانی، ئەرمەنی، چەرکەس، عەرەب و کوردەکان دەمەزراوەو ژیاوە. بۆیە گەلێکی بێ ناونیشان لەڕێگەی دڕندەییەوە بوەتە خاوەنی ناسنامەو ناونیشان و پێگە. لەشەڕی جیھانی یەکەمیشدا بەدەردێک چوو کە لەکۆتاییەکانی نزیک دەبویەوە. بۆیە لەسیستەمی نوێی ناوەندی ڕۆژئاواییدا بە کۆماری تورکیا ڕازی بوو. بەڵام ئەمجار بۆ کارکردن بۆ مۆدێڕنیتەی ڕۆژئاوایی لەسەر پاکتاوی گەلی کورد.
لەوێ ڕۆژەوە ئەو شەڕانە بەردەوامەو نەوەستاوە. لەکۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا گەلی کورد بەخۆداھاتەوەو تێگەیشت لەو سیاسەتەی کەلەسەری بەڕێوەدەبرێت، بۆیە کەوتە خۆ ڕێکخستنێکی ھوشیارانەو پێشکەش کردنی ڕێگە چارەی دیموکراتیکی کێشەکە، بەو دەستپێشخەریە. سیاسەتی داگیرکاری و پاکتاو تەنگاوبوو، خۆیان بۆ لەناوبردنی ئەو تێکۆشانە ئامادەکردو بە ھەرە شێوەی دڕندەیی کەوتنە ناو شەڕو ھێرشەوە لەسەر گەلی کورد.
ھۆکاری ھێرشەکان و بڕیاری سیستەمی ناوەندی تەوەر ڕۆژئاوایی، دەوڵەمەندی ناوچەکەو زۆری سەرچاوەی وزەو ئاوی شیرین بوو. بۆئەوەی تەواوی ئەو دەوڵەمەندیانە بۆخۆیان ببەن و دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و ھەرگیز ناوچەکە لەناو ئاشتی و ئارامیدا بەڕێوەنەچێت. سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کوردیان پەیڕەو کردو بۆئەوەش سیستەمێکی تایبەت بەخۆیان بۆ دامەزراندو بەدەزگاکرد.
لەم سەردەمەدا، کەتواناکانی خۆڕێکخستن و شۆڕشی گەلی کورد بەئاستێکی مەزن گەیشتوەو وەک فیگەرێکی کاریگەری بەرخۆدان و تێکۆشان، لەسیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیدا کاریگەری پەیداکردوە، بەوە سیستەمی داگیرکاری تووشی شڵەژان و بەیەکداچوون کردوەو دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەو بەتایبەت دەوڵەتی تورکی تەنگاوکردوە. بۆیە دەوڵەتی تورک لەترسی پێگەی خۆی ھێرشی دڕندانە دەکاتە سەر ھەرھەبونێکی کورد و زلھێزانیش ھاوکاری دەکەن.
لەھێرشەکانی ئەمجارە، چنگی ھەڵۆ تا چنگی قفڵ تێکشکاوەو ئامانجە ستراتیجیەکانی بەدەست نەھێناوە، کەبەناوی پشتێنەی پاراستنیەوە سەر ڕێی خستوە، کەلە کۆبانیەوە بەقوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر تا دواخاڵی سنوری باشوری کوردستان دەست پێدەکات. سەرنەکەوتنی لەو ھێرشە داگیرکاریانەدا، ژیانی بون و مانی حکومەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دیاری دەکات و سیستەمی جیھانیش تووشی ھەڵوەشان و ناچاری ناسینی ناسنامەی گەلی کورد دەکات. کاتێک ناسنامەی گەلی کوردیش ناسرا، ئەوکات دەبێت دان بەپگەکەشیدا بنرێت!. کە ئەوە ھۆکاری پێکەوەیی بڕیارگرتنیانە لەسەر ھاوکاری کردنی ھێرشەکانی دەوڵەتی تورک.
کوردان لەژێر ناوی سیاسەتی دیموکراتیک و پێکەوەژیاندا پرۆسەی چارەسەری دۆزی کوردیان پێشکەش کردوەو لەوپێناوەدا دەجەنگن و گیانبازی دەکەن. ئەو ڕێگەچارەدیموکراتیکەی کوردان، ھێزە ھەژمونی و باڵادەستەکان بە کێشە بۆخۆیانی دەزانن و لەدژی دەوەستنەوە. لەبەرئەوەی چارەسەری دۆزی کورد، دەبێتە ھۆکاری ئاشتەوایی و ئارامی بۆ ناوچەکەو نەمانی شەڕو پێکدادان. پڕۆژەی چارەسەری کوردانیش لەسەر بنچینەی لێدان لەداگیرکاری، قۆرخکاری و دزینی دەوڵەمەندیەکانی ناوچەیە لەلایەن دەوڵەتانی زلھێزی ھەژارەوە!.
ئەم ھێرشانەی ئەم دواییە، چارەنوسی سیستەمی داگیرکاری و دەوڵەت نەتەوەی تورک و گەلی کوردیش دیاری دەکات و دەنەخشێنێت. بۆیە بۆ گەلی کورد پێویستە بەدەوری سیاسەتی دیموکراتیک و چارەسەری دۆزی کورداندا کۆببنەوەو خۆیان بەڕێکخستن بکەن و بۆسەرخستنی ئەو تێکۆشانە، ئاستی خەبات و شۆڕش بەرزبکەوە، بۆ ئاستی تێکۆشانی گەلی شۆڕشگێڕی و پێکھێنانی بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و دیموکراتیک. ئەوەی دەتوانێت دڕندەیی دەوڵەتی تورک ڕابگرێت، یەکیەتی نەتەوەیی و شێوازی تێکۆشانی گەلی شیلادزێیە.
دەبێت ھەرکەس، لایەن و ھێزێکی سیاسی لەچوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک ئەرک و بەرپرسیارەتی و پێگەو جێگەی خۆی نەترسانە لەدژی داگیرکاری و دەوڵەتی تورک بەڕێوەببات. ئەو دەوڵەتە لە دوو لایەن ھێز وەردەگرێت؛
یەکەمیان: دەوڵەتانی زلھێزی بەڕێوەبەری سیاسەتی جیھانی، واتە ئەمریکا، ڕوسیا، بەڕیتانیا، جولەکەو وڵاتانی دی ئەوروپا.
دووەم: لەبێدەنگی ھێزە سیاسیەکان و ھاوکاری ھێڵی کوردایەتی کلاسیک و ھاوکاری کردنی داگیرکەران. ھەرجۆرە بێدەنگی و پاساو ھێنانەوەیەک، بەھەرجۆرێک بێت ھاوکاری پشت نەرم کردن و بەردانی تێکۆشانی ئازدای گەلی کوردە. شەڕو جەنگانە، کەواتە بەپێی ئەوەش خۆڕێکخستنە.
کاتێک دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانێک تێکدەشکێت، گۆڕەپانێکی تر بەدەستەوە دەگرێت. لە باشوری کوردستان تێکدەشکێت، ڕۆژئاوا دەکاتە گۆڕەپانی ھەڵگیرسانی شەڕو ھێرش. گەلی کورد لەژێر ئازارو زەحمەتیدایە. تەواوی ھێزو تاک بەتاکی کورد بەرپرسیارە بەرامبەر کۆتایی ھێنان بەو ئازارو زۆرو زەحمەتیە، بۆیە بەشداری ھەموان لەتێکۆشانی ئازادیدا زامنی سەرکەوتن و کۆتایی ھێنان بەداگیرکاری و زۆرو زەحمەتیەکانە. وەرن و بیانوە ترسنۆکانەکان کۆتایی پێبێنن. شۆڕش و تێکۆشان بەقوربانی و خواردنی گەڵای دار سەردەکەوێت. پارەو کۆشکی بەرز و ملکەچی جگە لەئازار ھیچی تر بۆ کوردان و ناوچەکە ناھێنێت.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *