نوسینگەی یاسایی سەدە راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی ئیمراڵی بڵاوکردەوە

نوسینگەی یاسایی سەدە رایگەیاند، ٢٣ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نییە و باسیان لەوەشکرد، “لەبارەی سەلامەتی و ئاسایشی موەکیلەکانیانەوە نیگەرانن”.

نوسینگەی یاسایی سەدە بە بۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا راپۆرتی ‘پێشێلکارییەکانی مەفەکانی مرۆڤ لە دوورگەی ئیمراڵی و هەملومەرجی ئەوێ و دەستنیشانکردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢’ خراونەتەڕوو:

٢٣ مانگە هیچ زانیارییەکمان وەرنەگرتووە

“ماوەی ٢٣ مانگە هیچ زانیارییەکمان لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە لە هەر دەرفەتێکدا باس لە گرنگی رێکخستنبوونی کۆمەڵگا دەکات و لە موەکیلەکانی دیکەمان حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و بەڕێز وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئیمراڵیدان نییە. ئەو دۆخە لە دژی یاسا ناوخۆییەکان، پەیماننامە نێونەتەوەییەکان، پێوان و بەها گەردوونییەکانە و تەنانەت لەکاتی کارەساتێکی وەک بومەلەرزەشدا بەردەوامە. بۆ درێژەدان بە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی چاونوقاندن و بازدان بە سەر یاساکان هەموو وڵاتەکەی خستووەتە ناو بێ یاساییەوە، هەر رۆژ کە تێدەپەڕێت نمونەی بەئازار روودەدەن. دەبێت بزانرێت کە بە چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد و بەرەوپێسچوونی دیموکراتیک کە ئەو چارەسەریە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، ژیانێکی شایستەی شکۆی مرۆڤایەتی، کۆمەڵایەتی و ئاشتیانە لە وڵاتەکەدا دەستەبەر دەبێت. تاکە بەردەنگی ئەو چارەسەریە، هەم بە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی خۆی و هەم بە هەوڵە تیۆریی و پراتیکیەکانی سەرباری هەل و مەرجی ئیمراڵی زۆر جار لە لایەن رێزدار ئۆجالانەوە پشتراستکراوەتەوە.

لەبەر ئەو هۆکارانە نەک هەر وەک پرسێکی یاسایی، وەک کلیلی چارەسەری کۆمەڵایەتی دەبێت سیستمی گۆشەگیری ئیمراڵی کۆتایی پێبهێنرێت. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی کە بەڕێز ئۆجالان رووبەڕووی بووەوە و هەوڵ دەدا بەربەرەکانێ لە گەڵ سیستمی پێکەوەیی و کۆلێکتیڤ بکات، ٢٤ ساڵی تێپەڕاند. ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی لە لایەن رێزدار ئۆجالانەوە پوچەڵکرایەوە، لە رێگەی سیستمی گۆشەگیری ئیمراڵییەوە بەردەوامە. لەبر ئەوەی ناتوانین زانیاری لە بارەی موەکیلەکانمانەوە بەدەست بهێنین، بەتایبەتی لە ئەگەری ئەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ موەکیلەکانماندا لەئارادابێت، هەمووئەمانە بوونە هۆی ئەوەی نیگەرانی سەلامەت و ئاسایشی موەکیلەکانمان بین”.

هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بوەکراوە کە ماوەی ٢٤ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ماوەی ٨ ساڵیشە هەر یەک لە حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لە گۆشەگیری توند لە ئیمراڵی زیندانی کراون. باس لەوەشکراوە کە زیندانی ئیمراڵی لە رۆژی دروستکردنییەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک ماف و ئازادییەکانی تێدا پێشێل دەکرێن.

ئاماژە بەوەشکراوە لە نێوان ١٥ی شوبات تا ساڵی ٢٠١١ هەفتانە یەک کاتژمێر رێگە بە دیداری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرانی دەدرا کە ئەویش زۆر جار بە بیانووی نالەباری کەشوهەوا و خراپبوونی کەشتییەوە رێگری لێدەکرا و لە ٢٧ ی تەموزی ٢٠١١ەوە تا ئایار و ئابی ٢٠١٩ تەنیا پێنج جار دیدار لەگەڵ پاڕێزەران ئەنجامدراوە و دوایینیان لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا بووە.

هەروەک باسیان لەوەشکردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا ٥ جار توانیویەتی دیداری رووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەنجام بدات و دوایین دیداری روبەڕووش لە ٣ی ئاداری ٢٠٢٠ بوو کە چاوی بە براکەی کەوت. هەروەها لە ماوەی ئەم ٢٤ ساڵەدا تەنیا ٢ جار (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١)توانیویەتی بە تەلەفون لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات. کە دواجاریش پەیوەندییەکە لە نیوەدا پچڕاوە.

هەمان دۆخ بۆ هەریەک لە حامیلی یەڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆناریش راستە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە گرتووخانەی ئیمراڵیدان و لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ەوە هیچ هەواڵێکیان نازانرێت.

ئەوەش بەبیرهێنراوەتەوە، دۆخی موەکیلەکانیان کە لە سەرەوە کورتکراوەتەوە لە راپۆرتی ٥ی ئابی ٢٠٢٠ی سی پی تی وەک دۆخی هەواڵنەزانین و بێ هەواڵی  پێناسەکراوە، لە راپۆرتەکەدا ئەوە هاتووە کە ئەو مامەڵەیە مایەی قەبوڵکردن نییە و پێشنیازیان کردبوو لە کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت. دۆخی “ئینکامیونیکادۆ” گوزارشتە لە بێ هەواڵی رەها کە تیایدا زیندانی ناتوانێت بە هیچ جۆرێک پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا هەبێت.

 جەختیش کراوەتەوە کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢١ەوە هیچ هەواڵێکیان لە موەکیلەکانیان وەرنەگرتووە و لەو ٢٣ مانگەدا  ٢٣٨ سەردان و داواکاری پارێزەران و ٧٩ سەردان و داواکاری بنەماڵەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار بێ وەڵام هێڵراونەتەوە، هەر لەوماوەدا هیچ نامە، فاکس و تێلێگرافێک لە زیندانییان ئیمراڵییەوە نەهاتووە و هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونیش ئەنجام نەدراوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، مافی پەیوەندی تەلەفونی موەکیلەکان بۆ شەش مانگ لە رێکەوتەکانی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٢، ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ و ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری زیندانی ئیمراڵییەوە سنوردارکران. ئەمانەش دوای ئەوەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکانیان بەسەرکردوەتەوە پێی زانراوە. ئەو بڕیارە سنووردارکردنانەی ئاماژەیان پێدرا بە پارێزەران رانەگەیەندراوە و بە دزییەوە جێبەجێ کراون و دەزانرێت کە بەردەوام ئەو بڕیارانە دەردەکرێن و مافی پەیوەندی تەلەفونی موەکیلەکانیان سنوردار دەکرێت.

هەروەها لە ماوەکانی رابردوودا بە بەردەوامی نامە رەوانەی موەکیلەکانیان کراوە بەڵام نامەکانیش بێ وەڵام بوون و نازانرێت کە ئەو نامانە گەیشتوونەتە دەستیان یان نا، لەوانیشەوە هیچ نامە و تەلەگراف و فاکسێک نەهاتووە.

سەرباری ئەوەی کە قەدەغەی دیداری بنەماڵە-پارێزەران بە شێوەیەکی کرداری و نایاسایی چەندین ساڵە بە شێوەی سیستماتیک و بێپسانەوە بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا تاکە یەک دیداریش لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران نەکراوە. هەربۆیە ساڵی ٢٠٢٢ بەتەواوەتی بووەتە ساڵی بێ پەیوەندی هێستنەوە و بێ هەواڵی رەها.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەشدا پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە لەبارەی سەپاندنی سزای دیسپلین بە سەر موەکیلەکانیان باسیان لەوەکردووە، داواکارییەکانی موەکیلەکان بۆ دیدار لەگەڵ بنەماڵەکان و راسپاردەکان لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن دەستەی دیسپلینی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای جێبەجێکردنی سزای زیندانی ئیمراڵی بە پاسوی بڕیارەکانی سزای دیسپلینی ٣ مانگە و بێبەش کردن لە دیدار رەتدەکرێنەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا سەردانو داواکرییەکانی بنەماڵە و راسپاردەکانیان لەلایەن دەستەی دیسپلینی زیندانی ئیمراڵی بێ پسانەوە رەتکراونەتەوە ئەوەش پاڵپشت بە بڕیارەکانی سزای دیسپلین لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢، ٣١ی گوڵانی ٢٠٢٢، ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ و کانونی ٢٠٢٢.

روونیشیان کردووەتەوە ئەو بڕیارانە بە پارێزەرەکان رانەگەیەندراون بۆ ئەوەی تانەیان لێبدەن، بەڵکوو تەنیا بە موەکیلەکان راگەیەندراون کە لە جیهانی دەرەوە دابڕاون و پاش تەواوبوونی ماوەی یاسایی تانەلێدان و دوای ئەوەی پلەی کۆتاییان وەرگرتووە ئەو بڕیارانە بە پاڕێزەران راگەیەندراوە.

بە هەمان شێوە لە ١٣ی نیسان و ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ سزای قەدەغەی دیدار لەگەڵ پاڕێزەران بە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی زیندانی ئیمراڵیدا سەپاوە، بەڵام بریارەکە تەنیا بە خۆیان راگەیەندراوە کە لە جیهان دابڕێندراون و دوای ئەوەی بڕیارەکان پلەی کۆتاییان وەرگرتووە و ماوەی تانە لێدانیان تێپەڕیوە پارێزەران ئاگادار کراونەتەوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا بە بیرهێنراوەتەوە کە لە نێوان ١٠-١٧ی حوزەیران ٧٧٥ پارێزەری ئەندام لە ٢٩ سەندیکان پاڕێزەران بە مەبەستی دیدار داواکارییان پێشکەش بە داواکاری گشتی کۆماریی لە بورسا کرد بۆ ئەوەی دیداری پارێزەران و زیندانیانی ئیمراڵی ئەنجامبدرێت و لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە ٢٢ وڵاتەوە ٣٥٠ پارێزەر و لە ١٩ی ئەیلول ٧٥٦ پاڕێزەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ موەکیلەکان لە ئیمراڵی ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرجەم ئەو داواکارییانە بێ وەڵام هێڵراونەتەوە.

هەروەک ئاماژە بە سەردانی شاندی سی پی تی لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلول بۆ ئیمراڵی کراوە کە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەلومەرجی تەندروستی و سەلامەتی زیندانیانی ئەو دوورگەیە رانەگەیاندووە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی پارێزەرانی نوسینگە یاسایی سەدەدا هاتووە: “سیاسەتی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە زیندانی ئیمراڵی دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت، پرەنسیپ و بنەما گەردونییە یاساییەکان دەبێت کاریان پێ بکرێت و رێگرییەکانی بەردەم پارێزەران و بنەماڵەکان هەڵبگیرێن و هەلومەرجی تەندروستی، ئازادی و ئاسایشی موەکیلەکانیان دەبێت مسۆگەر بکرێت”.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شاری قەڵادزێ ئەمڕۆ ٢٤/٤/٢٠٢٤ نیو سەدە تێدەپەڕێت، بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیی و زامە قوڵ  …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *