لە شەنگال کۆڕبەندی “چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە ناو سیستمی نەتەوەی دیموكرات” بەڕێوەچوو

بەمەبەستی ناساندن و گرنگی خۆبەڕێوەبەری ناوچەی شەنگال، بە بەشداری سەدان کەسایەتیی لە نووسەر، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و نوێنەری پێكهاتە ئایینییەكان لە باشووری كوردستان و شارەكانی تری عێراق کۆڕبەندی”چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەناو سیستمی نەتەوەی دیموكرات” بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ شەممە ٢٥/٢/٢٠٢٣ لە هۆڵی ئازادیی لە شارۆچكەی شەنگال لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بەهێزكردنی كەمپەینی “كات كاتی ئازادییە”، چالاكییەكانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەردەوام بوو، لەو چوارچێوەیەدا کۆڕبەندی “چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەناو سیستمی نەتەوەی دیموكراتیدا”، بەڕێوەچوو.

 کۆڕبەندەکە  ٤٥٠ میوان تیایدا ئامادە بوون کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری شەنگال سازدرا بوو، دەیان  نووسەر، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و نوێنەری پێكهاتە ئایینییەكان لە باشووری کوردستان و شارەكانی تری عێراق بەشدارییان كردووە، هاوکات ڕێكخراو و دامەزراوەكانی شەنگالیش ئامادە بوون.

غەزەل ڕەشۆ، هاوسەرۆكی بەڕێوەبەری شەنگال ڕایگەیاند، دڵخۆشە كە دەرفەتێكی لەو شێوە ڕەخساوە، كە بە هاوبەشی ئامادەبووانی کۆڕبەندەكە لەبارەی ئەو كێشانەی لە عێراق و ناوچەكەدا هەیە، هەروەها نەتەوەی دیموكرات گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

بولبول جەراح، نوێنەرایەتی ئەو شاندەی دەکرد کە لە بەغداوە ئامادە بوون و وتی: زۆر دڵخۆشین كە لە بەغداوە بەشداری ئەم کۆڕبەندەمان كردووە و ئێمە لەسەر ئەم خاكە هەموو شتێكمان ئەزمون كردووە، لە ململانێ و شەڕەوە بگرە هەتاكوو كۆمەڵكوژیمان بینیوە، گەلی ئەم خاكە ڕووبەڕووی هەموو شتێك بوونەتەوە.

نوێنەری شاندەکەی بەغدا، پشتیوانی خۆی بۆ سیستمی نەتەوەی دیموكرات لە شەنگال دەربڕی.

مامۆستا كوساری، كە لە هەرێمی كوردستانەوە ئامادەی ۆركشۆپەكە بووە، جەختی لە گرنگی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و بەفەرمی ناسینی قەوارە بۆ كۆمەڵگای ئێزدی كردەوە.

شێخ ئازاد، بەناوی پارتی ئازادیی و دیموكراسیی ئێزدیی-پادێ، سەرنجی بۆ تێكۆشان و داواكارییەكانی كۆمەڵگای ئێزدی ڕاكێشا و وتی: وەك گەلێك ئێمە هەموو كات لە پێناو مافەكانمان تێكۆشانمان كردووە و ئێستاش كاتی ئەوەیە یەكڕیزیمان بنیات بنێین و لە نێو هێزەكانی عێراق بە شێوەی دیموكراسیانە ژیان بكەین، ئێمە یەكسانیمان بۆ تەواوی گەلان دەوێت.

لە ڕێكخراوی تەیار بەغداد، شاندێك لە باشووری عێراقەوە مافی قسەكردنی وەرگرت و ڕایگەیاند، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، كە ڕەچاوی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیەكان بكات و بەزووترین كات ڕاوەستە لەسەر قبوڵكردنی خۆبەڕێوەبەری بكات، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی نەتەوەكەمان دەبین، ئێمە خەڵكی ئەم هەرێمەین و ژیانی یەكسانمان دەوێت، چونكە ئەمە مافی ڕەوای ئێمەیە.

هەروەها لەسەر ناوی هۆزە عەرەبییەكان، ئەبو سەدر، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریكردن لە کۆڕبەندەكەدا دەربڕی و وتی: هەموو كات بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە بەرگریكردن لە خۆیان خاڵێكی گرنگ بووە، چونكە هەمیشە هێرش كراوەتە سەریان، هێزە دەرەكییە هەژموونخوازەكان هەرگیز هێرشكردنە سەر ناوچەكەیان ڕانەگرتووە و هەمیشە سیاسەتێكی تایبەت لەسەر ئەم كۆمەڵگایە جێبەجێ كراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش نەتەوەی دیموكراتی و لە هەمان كاتدا خۆ پاراستن بووە بە خاڵێكی سەرەكی بۆ ئەو گەلانە، جا كورد بن یان عەرەب، یان ئێزدی، پێویستە دەوڵەت سیاسەتی ئێستای خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمای نەتەوەیەكی دیموكراتی كار بكات.

دوای نیوەڕۆ کۆڕبەندەکە بە سیمینارێک بە ناونیشانی “کێشەکانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی نەتەوەیی دیموکراتییەوە” بەردەوام بوو، سیمیناری سەرەکی لەسەر کارنامەی “سیستەمی خۆبەڕێوەبەری” لەلایەن هاوسەرۆکی پادێ حسێن حاجی پێشکەشکرا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە خۆی بەڕێوەببات و خۆی بپارێزێت و وتی: نابێت ئەم مافە بە زیادەڕەوی سەیر بکرێت.

سیمیناری دووەم لەلایەن سوهام دەخیل  ئەندامی ئەنجومەنی تاژێ، پێشکەشکرا  تیایدا باس لە ناساندنی نەتەوەیی دیموکراتی کرا، تیشکی خستە سەر راستیی دەوڵەتی نەتەوەیی و کێشە و فشارەکانی دەسەڵات لەسەر کەمینەکان و وتی: پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی رێبەری ئاپۆ دەرفەتێکی مێژووییە لە داهاتووی ئازادی و هاوکاری و پشتیوانی و پێکهاتەی کۆمەڵگاکان.

دوای سیمینارەکان میوانەکان تیڕوانینی خۆیان خستەڕوو هەمووان پشتیوانی خۆیان بۆ سیستمی نەتەوەیی دیموکراتی دەربڕی.

ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، خۆبەڕێوەبەریی پێناسە کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ئێزدیەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەوە، نە هێزی عێراق و نە پەدەکە نەهاتن بۆ هاوکاری خەڵک، هەربۆیە پێویست بوو ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنین و هێزی بەرگری دابمەزرێنین ئێمە هەرگیز دژی دەستوور و یاسای عێراق کارمان نەکردووە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت خۆبەڕێوەبەری زیان بەعێراق ناگەیەنێت و بەهێزتری دەکات بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەربڵاو بووە بەتایبەتی ئەم پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی کە ڕێبەری ئاپۆ بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگاکان لەسەر ئاستی دەوڵەت پەرەپێداوە و نیشانیدا تاکە چارەسەر سیستمی نەتەوەیی دیموکراتییە.

 

 

هەروەها چێکی بکە

“پەروەردەی تەندروستی خێزانیی هۆکاری خۆ بونیادنانی گەنجانە”

سازان ئەبوبەکر، ڕێنمایکاری پەروەردەیی راهێنەر، باس لەوە دەکات گەنجان گەنجینەی کۆمەڵگەن و گۆڕانکاریی دروست دەکەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *