بەزم و بازرگانی غاز

هۆشیار عەبدوڵا

(وێنەیەکی گرنگ، قسەیەک بۆ مێژوو)

ئەم وێنەیە و ناوەرۆکی ئەو هەواڵەی کە رۆیتەرز بە بایەخەوە

دەربارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بڵاویکردۆتەوە دەبێتە دۆکۆمێنتێکی مێژوویی گرنگ و دەمێنیتەوە!

بۆچی و چۆن؟!

 لە خوارەوە بە ووردی باسیی دەکەم.

رۆیتەرز  ئەجێندای سەردانەکەی مەسرور بارزانی لە گفتوگۆکردن بۆ مەلەفی ووزە کورتکردۆتەوە بە جۆرێک غازی هەرێم بکرێتە بەدیلی غازی روسیا.

بۆ ئەوانەی کە شاگەشکە بوون بە پێشوازی گەرمی ئینگلیز لە مەسرور بارزانی دەبێ بزانن، پەیوەندی بە ناکۆکی توندی نێوان کرملین و لەندەنەوە هەیە، هێندەی لە دژی روسیایە هێندە لە خۆشیی وەفدەکە نیە!

ئەوەی کەمێک متابەعەی سیاسەتی ئێستای دونیا و بەتایبەتی شەری روسیا و ئۆکرانیای کردبێ دەزانێ هیچ وڵاتێک هێندەی بریتانیا گەرم نیە بۆ دژایەتی روسیا و هیچ وڵاتێک سەرۆک وەزیرانەکەی وەک ئەوەی لندن بە مەیدانی نەچۆتە ئۆکرانیا و پشتیوانی بۆ ئەو وڵاتە دژی روس دەرنەبڕیوە، لێرەوە باسی غازی هەرێم وەک بەدیل بۆ غازی روسیا بریتانیەکانی والێکردوە بایەخێکی زۆر بدەن بەو سەردانە.

کۆمەڵێک پرسیار لە ناواخنی ئەم وێنە هەواڵەدا هەیە کە وەک وتم دۆکۆمێنتێکە و دەمێنێتەوە.

پرسیاری یەکەم ئەوەیە لە سەردانێکی وا گرنگدا بۆ دۆسێیەکی هێندە هەستیار، بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی بەشدار نیە کە جێگری ئەنجومەنی نەوت و غازە ؟! بۆ وەزیرێکی یەکێتی کە دووەم گەورەترین حزبی هەرێمە ئامادە نیە؟! ئایا یەکێتی دەیەوێ بە جدی بڵێ لە غازەکەدا هەڵەی نەوتەکە دوبارە ناکەمەوە یان چیی؟! بەلام ئایا یەکێتی تەنها بە ئامادەنەبون لەو وەفدە شانی خاڵی دەبێتەوە؟! یان دەبێ ئەگەر دژە قسەی روونی هەبێ؟!

پرسیاری دووەم ئەوەیە وەزیرەکەی گۆڕان لەو سەردانە وەزیفەی چیە؟! ئەو نازەی ئێستا پارتی ئەیداتە گۆڕانی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە چ ئامانجێکە؟! ئایا  مەسرور بارزانی وەک بەدیلی کەسێک لە یەکێتی ئەو وەزیرەی گۆڕانی بردوە؟! یان وەک سێهەم گەورەترین حزبی ناو ئەم کابینەیە تا بڵێ ئەگەر یەکێتی لە سیاسەتی غاز بەشدار نیە ئەوەتا گۆڕان بەشدارە؟! ئایا بردنی کەسێک لە گۆڕان بە بێ بونی نوێنەری دوەم حزب هەر حاڵەتێکی ئاساییە یان پەیامێکی سیاسیە بە گۆڕاندا پارتی بۆ یەکێتی دەنێرێ؟!

ئایا هەرێم دەتوانێ غاز وەک نەوت بفرۆشێ؟!

هاوکێشەی ئێستای ووزە، بەتایبەتی غاز .. دونیای نزیک کردۆتەوە لە جەنگی جیهانی سێهەم، هەرگیز هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەکانی چواردەوری عێراق رێگە نادەن هەرێم ببێتە لاعبی بواری ووزە، لە بەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی پێچەوانەی عورفی عالەمیە و لە دونیادا تەنها دەوڵەتان بکەر و یاریزانی بواری نەوت و غازن ئەوە جگە لە چەندین هەستیاری تری ناوچەکە بەرامبەر هەرێم و تەجروبەکەی.

ڕاستە تا ئێستا بۆ نەوت کێشەی گەورە بۆ هەرێم دروست نەبوە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی دراوسێ لایان نەبۆتە گرفت ، بەلام بۆ غاز وا نابێت و لەو روەشەوە عێراق و ئێران قسە و پەیامی روونی خۆیان گەیاندوە، بۆ تورکیاش هەرکات بەغداد بیەوێ کارتی ئەنقەرە بە ئاسانی لەدەستی هەولێردا دەسوتێنێ درەنگ و زوو کەوتوە.

ئەم وێنە و هەواڵەی ڕۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە و رەنگە هەر نوسەری ئەم دێرانە چەند جاری تر دایبنێمەوە ! کەی؟!

ئەو کاتەی بە هۆی ئەو سیاسەتە پەلە و هەڵەشەیەی کە بۆ غاز دەیکەن هەرێم دەبێتە چەقی ململانێیەکی توند و ئێران و عێراق و ( دوور نیە لە ئایندەدا تورکیاش) بکەونە سەر هێڵی دژایەتی، ئەم وێنەیە دا ئەنێمەوە و ئەڵێم ئەوە باجی ئەو سیاسەتەیە کە پێتان وابوو بە بێمنەتی لە دونیا دەتوانن بازرگانی بە غازی هەرێمەوە بکەن.

ئەوکاتە بیریان دەخەمەوە کە فەشەلی تێدا دێنن و پێیان دەڵێین ؛ لەبری ئەوەی وەک نەوتەکە کە فەشەلتان تێدا هێنا باشتر نەبوو گوێتان لە ئێمە بگرتایە و لە رێگای عێراقەوە وەبەرهێنانتان لە غازی هەرێمدا بکردایە بێ ئەوەی کێشە لەگەڵ هیچ لایەک لە بەغدا و تاران دروست بکەن؟!

ئەو کاتەی یەکێتی دەڵێ من جێگری سەرۆک یان وەزیرێکم، بەشدار نەبووە لەسەردانی لەندەن بۆ پرسی غاز و پارتی لێی بەرپرسە، دەڵێم ئادەی لێدوان ، بەیاننامە ، رەتکردنەوەیەکی فەرمی جێگری سەرۆکی حکومەت یان حزبەکەتانم نیشان بدەن.

ئەو کاتەی گۆڕان دەڵێ من ئاگاداری مەلەفی نەوت و غاز نیم و نەبووم ئەم وێنەیە و ئەم سەردان و هەواڵە دەبێتە بەڵگە کە ئایا مەعقولە وەزیرەکەتان بەشدار بوبێ و نەتان زانیبێ بۆچی دەڕۆن؟!  لە ئێستاوە دەبێ بزانن هەر نەهامەتیی و دزیی و گەندەڵییەک  بە هۆی ئەو مەلەفە بێتە ئاراوە گۆڕانیش بەرپرس و تاوانبارە.

رێگە دان بەوەی غازی هەرێم وەک نەوت بخرێتە بەردەستی ئەوانەی بە نا ئەمینی و نا بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە نەوتی هەرێمیان خستە خزمەتی خۆیان و خێزان و حزبەکانیان تاوانێکی گەورەیە، جا ئەو مەلەفە لە رێگەی بەرپرسانی ئێستای هەرێمەوە بتوانرێ بازرگانی پێوە بکرێ یان رێگەیان لێ بگیرێ دەبێ لە هیچ حاڵەتێکدا ئەوانەی ئەم هەرێمەیان خۆشدەوێت و پەرۆشی ئەوەن سەرچاوە سروشتیەکانیی تاڵان نەکرێ و قومار بە سەلامەتی و ئەمن و ئاسایشی خەڵکەکەیەوە نەکرێ نابێ بێدەنگ بن.

بێدەنگی لەو بەزم و بازرگانیەی گروپێکی بچوک بە غازی هەرێمەوە دەیکەن تاوانە!

 

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *