کۆمەڵگای ئێزیدی هێزی پاراستنی خۆی پتەو بکات، دەتوانێت ڕێگری لە فەرمانەکان بکات

 ئارگەش شەنگالی

ئەگەر گەلەکەمان یەکێتی ناوخۆیی خۆی بەهێز بکات، هێزی پاراستنی خۆی بەهێز بکات، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز بکات، هەم دەتوانێت، کۆمەڵکوژیی کۆمەڵگاکەی بەفەرمی بناسێنێت، هەم ڕێگری لە فەرمانی نوێ بکات.

هەرچەندە مانگی ئاب لە رووی سروشتەوە وەک هەموو مانگەکانی دیکەی ساڵ وایە و هیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵام بۆ گەلی ئێزدی ئەم مانگە بووەتە مانگێک کە لە مێژوودا هەرگیز لەبیر ناکرێت و بە مانگی ڕەش ناودێر کراوە. بەتایبەت لەم مانگەدا یەکێک لە فەرمانە گەورەکان بەسەر کۆمەڵگاکەماندا هات و لە ئەنجامی ئەو فەرمانە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش لە ماڵ و شوێن و ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون. لە مێژوودا گەلی ئێزدی ڕووبەڕووی فەرمانی زۆر بوونەتەوە، بەڵام بەو پێیەی لەو کاتەدا زۆربەی ئەو فەرمانانە نەنووسراون و کۆنەکراونەتەوە، هەندێکیان لە یادگەی خەڵکدا ون دەبن و تەنها وەک ژمارە هەژمار دەکرێن. بەڵام زۆربەیان لە یادەوەری کۆمەڵگادا دەمێننەوە. لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠٠٧ی شێخ خدر و تیلعزیر نزیکەی هەزار کەس شەهید و بریندار بوون. کەس لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە دەستگیر نەکرا و کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. چونکە کۆمەڵگای ئێمە چارەنووسی کۆمەڵگاکەی رادەستی هەندێک کەس کرد و بەشداری لە بەڕێوەبردن و پاراستنیدا نەکرد، زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠٠٧ و فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە دروستکرا. ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە لە دژی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠٠٧ ڕاوەستابا و داوای کردەوەی جددی و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکردایە کە بەرپرسیار بوون لە پاراستنی شەنگال و لەو کۆمەڵکوژییە فێر بوایە، ئەوا فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ جێبەجێ نەدەکرا. یان تێچووی ئەوەندە قورس نەدەبوو، هەرچەندە ئەم فەرمانانە لەسەر کۆمەڵگای ئێمە جێبەجێ کران، ئێستا دوژمنان و بەدخوازان ناوەستن و نایانەوێت ڕاستی گەلەکەمان و ئیرادەی ئەم گەلە بەفەرمی بناسن. هەرچەندە بە فەرمان هەموو شتێکمان لێ سەندرایەوە، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە خۆی بونیادنایەوە و دەیەوێت بە ڕێکخستن و پتەوکردنی یەکڕیزیی خۆی، ئەنجامی ئەو بونیادنانەوەیە بەدیبهێنێت، بەڵام دیسان هێزە هەرێمایەتیەکان و هەمیش هێز  و هەندێک لایەن و حکومەتی ناوخۆیی و هەرێمیش نایانەوێت دان بەو ئیرادەدا بنێن .

لەم دواییانەدا، لە ٩ی ئۆکتۆبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی گەلی ئێزدی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدەن ئێزدییەکان هێزی پاراستن و ئیدارەی خۆیان هەبێت. بە واتایەکی تر هەردوو حکومەت وەک ساڵی ٢٠٠٧ مامەڵەیان لەگەڵ کۆمەڵگای ئێمە کرد و ئێستا پێداگری لەسەر کۆمەڵکوژی گەلەکەمان دەکەن. ئەوان نایانەوێت ئیرادەی رێکخراوی ئێزدییەکان قبوڵ بکەن. لە یادی ٩ ساڵەی فەرمانەکەدا بەریتانیا کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی وەک جینۆساید قبوڵ کرد. لەو ڕۆژانەی کە بەریتانیا دەیویست بڕیار لەسەر دانپێدانانی کۆمەڵکوژییەکە بدات، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) سیاسەتە چەپەڵەکەی خۆی خستەوەکار و جارێکی دیکە ڕێککەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەری خستە بەرنامەی کاری خۆی و دەوڵەتی عێراق. هەرچەندە بەشێک لەو وڵاتە ئەوروپییانە فەرمانی دژ بە گەلەکەمان بە جینۆساید دەناسێنن، بەڵام بەکردەوە بەو ئاراستەیەدا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە و تا ئێستاش لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن و بەهۆی ئەو فەرمانەوە لێپرسینەوەیان لە کەس نەکردووە.

ئەمەش مامەڵەکردنێکی بەرژەوەندیخوازانەیە و گەلەکەمان دەیبینێت. لەهەمانکاتدا ئەگەر ئەو دەوڵەتانە بەراستی جینۆسایدی سەر گەلەکەمانیان بە فەرمی ناسیوە، پێویستە فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئیدارە و پاراستنی ئێزیدییەکان بەفەرمی بناسن. پاشان مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هەوڵی ئەو دەوڵەتانە شایستەیە و جێی رێزە.  دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ ئێستا حەقیقەتی ئێزدییەکان و تەڤگەر و هێزی بەرگرییان قبوڵ بکەن، بۆ ئەوەی دوبارە  شکۆ و متمانەی بەخۆیان  لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بەدەست بهێننەوە.

لەسەر ئەم پرسە پێویستە پێش هەمووان هەنگاوێک بنێن. ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم هەڵوەشێننەوە. گۆڕانکارییەکان بە خێراییەکی زۆر لە جیهاندا ڕوودەدەن. ئەم گۆرانکاریانە راستەوخۆش نەبێت کاریگەری بەرفراوان دەکاتە سەر کۆمەڵگاکەمان و رێکخستنبوومان. بۆیە پێویستە کۆمەڵگاکەمان لە هەموو روویەکەوە ئامادەبێت. بەتایبەتی قەیرانەکانی ئەفغانستان، سوریا، یەمەن، سودان، لوبنان و عێراق قووڵتر و قوڵتر دەبنەوە. ڕەنگە هەندێک هاوسەنگی بگۆڕدرێن. پێویستە گەلەکەمان ڕێکخستنی خۆی بەهێزتر بکات. ئێستا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە ئارادایە. پێویستە گەلەکەمان بتوانێت دەنگی خۆی بۆ خزمەتی کۆمەڵگا بەکاربهێنێت. پێویستە ئێستا گەلەکەمان ئەو ڕاستییە بزانێت کە تەنها گەل خۆی دەتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی فەرمانەکان بکات. خەڵک نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەن کە کەس بەهانایانەوە بێت. ئەگەر گەلەکەمان یەکێتی ناوخۆی خۆی بەهێز بکات، دەسەڵاتی خۆپاراستنی بەهێز بکات، ڕێکخستنی کۆمەڵگای خۆی بەهێز بکات، ئەوا دەتوانێت وابکات کۆمەڵکوژی کۆمەڵگاکەی بە فەرمی بناسێنێت و هەروەها ڕێگری لە فەرمانی نوێ بکات.

هێرشەکانی سەر گەل و کۆمەڵگەی ئێزیدی لە مانگی ئابدا بەم شێوەیەن:

لە ١٩ی ئابی ساڵی ١٨٩٢ لەلایەن عاسم فەریق پاشا  فەرمان بەسەر کۆمەڵگای ئێزدی دا هات و لەو فەرمانەدا هەزاران ئێزدی شەهید کران و هەروەها هەزارانیش لە زێد وماڵەکانیان دوورخرانەوە.

لە ٢٣ی ئابی ١٩١٠ مەحمود فایز ئەفەندی فەرمانی بەسەر گەلی ئێزدی دا جێبەجێ کرد و وەک فەرمانی پێش ئەوە هەزاران ئێزدی کوژران و ڕفێنران.

لە ١٨ی ئابی ١٩٧٩ فەرماندەیەکی ئێزدی بە ناوی مەحمود ئێزدی لە پیلانێکدا لەلایەن پەدەکە تیرۆر کرا.

لە ٢٩ی ئابی ٢٠٠٩ ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدە لە بازاڕی قەزای سنونێ تەقێنرایەوە و لە ئەنجامدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

لە ١٤ی ئابی ٢٠٠٧دا چوار بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو لە بازاڕی هەردوو ناوچەی قەزای تلعزێر و کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر تەقێنرایەوە و لە ئەنجامدا ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش برینداربوون، تا رۆژی ئەمرۆش  کەس ئەم هێرشەی نەگرتۆتە ئەستۆ  لەو کاتەدا پەدەکە لە شەنگال دەسەڵاتداربوو.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کۆمەڵگای ئێزدی ڕووبەڕووی سەختترین فەرمان بووەوە و لە ئەنجامی ئەو فەرمانەدا ١٠٠ هەزار ئێزدی کۆمەڵکوژکران، ڕفێنران و ئاوارەبوون.

لە ١٥ی ئابی ٢٠١٤ لە گوندی کۆچۆ کۆمەڵکوژییەک لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا و لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە هەزار کەس شەهید بوون و سەدان ژنیش ڕفێندران و چارەنووسی بەشێکی زۆریان تا ئێستاش نادیارە.

لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨ لە کاتی گەڕانەوەی لە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی کۆچۆ لە ناوچەی دۆڵی شیلۆ، ئۆتۆمبێلی ئەندامی بەرێوەبەری  کۆمەڵگەی ئێزدی، مام زەکی شەنگالی لەلایەن فڕۆکەیەکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە کرایە ئامانج. لەو هێرشەدا مام زەکی شەنگالی شەهید بوو و شەڕڤانی یەبەشەش ماهیر سەرحەد کە بە سەختی بریندار بوو، لە ٢٩ی هەمان مانگدا گیانی لەدەستدا.

ڕۆژانی ٢٣-٢٥ی ئابی ٢٠٢٠، زۆرێک لە ناوچەکانی چیای شەنگال هێرشیان کرایە سەر. لە هەمان کاتدا هێرشی چڕیش بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لەئارادابوون..

ڕۆژی ٢٦ی ئابی ٢٠٢٠ لە گوندی بەهراڤای سەر بە خانەسۆر ئۆتۆمبێلێک لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا کرایە ئامانج. لە ئەنجامدا ٢ کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بریندار بوون.

ڕۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢١، کاتژمێر ١٢:١٢ی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەی سیخوڕی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشەی کردە ئامانج، کە لە بازاڕە کۆنەکەی ناوەندی شاری شنگالدا بوو. سەعید حەسەن و برازاکەی کە شەڕڤانی یەبەشە بوو بە ناوی عیسا خودێدا شەهید بوون و ٣ هاووڵاتی بریندار بوون.

ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەیەکی شەڕ هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی گوندی سکینیێ. ٥ شەرڤانی یەبەشە کە خەریکی وەرگرتنی چارەسەر بوون و ٣ کارمەندی تەندروستی سیدوەر بە ناوەکانی ئیلیاس ڕەشۆ، حاجی خدر و موخلیس سیدار شەهید بوون. هەروەها نەخۆشخانەکە بە تەواوی وێران بووە.

لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ فڕۆکە سیخوڕیەکانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلێکیان لە نێوان خانەسۆر و گوندی بارێ بۆردومان کرد و لەو هێرشەدا دوو شەرڤانی  یەبەشە بریندار بوون.

 

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …