نیاز عەبدووڵا
مەسرور بارزانی بە تۆمەتەكانی “خیانەت، سوكایەتی، سیخوڕی بۆ وڵاتان و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان”دەیان رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بادینانی خستە زیندانەوە، بەڵام خۆی لەبەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغان دا سوكایەتی بە خۆی و هەرێمی كوردستان قبوڵ دەكات؛ ئامادەیە داهاتووی هەرێمی كوردستان و گازەكەی كە سەروەتێكی نیشتیمانییە بخاتە بەردەم قومار و گەمەیەكی دیكەی مەترسیداری بێ كۆتایی، بە شانازییەوە دەست دەخاتە دەستی ئەردۆغان بۆ خیانەتێكی دیكە لە كوردبوون و دژایەتیكردنی دۆزی كوردانی بەشەكانی كوردستان.
هێشتا لەعنەتی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەی باوكی مەسرور بارزانی بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا كۆتایی نەهاتووە، كوڕەكەشی دەیەوێت لەعنەتێكی دیكە لە رێگای گرێبەستێكی نهێنی فرۆشتنی گاز تۆماربكات.
رادەستكردنی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە توركیا، تاڵانفرۆشكردنی نیشتیمانە لەپێناو درێژكردنەوەی تەمەنی حوكمڕانی بنەماڵە سیاسییەكانی كوردستان، كە هەر رۆژە و ئابڕووچوونێكی گەندەڵییان لە ئەمریكا و دوبەی و ئەوروپا ئاشكرا دەبێت، خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ هەژاریدا لەپێناو ژەمە خواردنێكی سەربەرزانەی نان شەڕیانە.