هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەی مابەتا، شیێ و شەرای سەر بە عەفرین ٣ کەسیان ڕفاند، کە چارەنووسیان نادیارە.
سەرچاوەیەک لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراوەوە ڕایگەیاند، چەتەکانی بە ناو ‘پۆلیسی مەدەنیی’، ژن و پیاوێکیان لە گوندی شێخوتکا-ی سەر بە ناوچەی مابەتا ڕفاندووە و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەو دوو کەسە ناویان ‘ئەحمەد سەیدۆ’ و ‘نەزیرە حەمید محەمەد’ە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاند، چەتەکانی بەناو ‘پۆلیسی مەدەنیی’ هاووڵاتییەکیان بە ناوی حسێن دلۆ (تەمەن ٢٩ ساڵ) لە گوندی ھێکێچە-ی سەر بە شیێ لە کانتۆنی عەفرین ڕفاندوە.
هەمان سەرچاوه ئەوەشی راگەیاندوە، چەتەکانی ‘سوڵتان موراد’، داوای ٢ هەزار دۆلاریان لە بنەماڵەی هۆرۆ حەسەن حسۆ خەڵکی گوندی دێرسەوانی سەر به ناوچەی شەرا کردووە، کە ماڵەکەیان له چەتەکان وەرگرتەوە.
سەرچاوەکان ئەوەش دەڵێت، چەتەکانی ‘ئەحرار شرقییە’، نووسینگەی کڕیین و فروشتنی خانووبەرەیان لە عەفرین کردووە و خانووی کۆچبەران بە دوو هەزار بۆ ٤ هەزار دۆلار دەفرۆشن، هەروەها دوکان بە ھەزار دۆلار لە ساڵێکدا بە کرێ دەدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها چەتەکانی ‘حەمزە’ سەدان داریان لە دەوروبەری گوندی کەفر مزێ-ی سەر بە ناوچەی شەرا بڕیوەتەوە.