ساکار عەبدوڵلا
توندوتیژی دژ بە ژنان به چه‌ندین شێوه ئه‌نجام ده‌درێت، لێره‌دا ئەو جۆری توندوتیژییە ده‌خه‌مه‌ڕوو كه له‌ڕێگەی به‌كارهێنانی زمانه‌وه ڕۆژانە لەئاخاوتن و میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێت و به‌رده‌وام له‌هه‌رێمی كوردستان خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.له‌توندوتیژی زمانی‌دا، زمان توندوتیژییەکی ڕەمزییە و کەرەستەی چەوسانەوەی جێندەرییە، یەکەمین دەروازەشە بۆ سەرکێشانی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان؛ لەهەمانکاتدا هەڵگری خەسڵەتی چەوساندنەوەی جێندەریی و سێکسیزمە. لەبەرئەوەی توندوتیژییه‌كه لەڕێگەی زمانەوە ده‌كرێت به به‌كارهێنانی ئه‌و وشە و دەربڕین و دەستەواژانهی پیاوسالاری به‌سه‌ریاندا زاڵه، ژنان حوکمیان بەسەردا دەدرێت و تۆمەتبار یان تاوانبار دەکرێن، له‌ئه‌نجامدا ڕووبه‌ڕووی مه‌رگی مه‌عنه‌وی یان جه‌سته‌یی ده‌كرێنه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جۆره‌كانی توندوتیژی زۆرن، بەڵام به‌كارهێنانی زمان وه‌ك ئامرازێكی سته‌م و توندوتیژی دۆخی ژنانی سەختتر و دژوارتر كردووه؛ به جۆرێك ژنان ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و کابوسه تۆقێنەره ده‌بنه‌وه كه زۆرجار له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و له‌باسی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شێوه‌ی نوكته و هه‌ندێك جاری دیكه بۆ بچووك وێناكردنی ژنان له‌ڕێگای “په‌ندی پێشینانه‌وه” ده‌رده‌بڕدرێن.
لێرەدا چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه‌ڕوو کە لەزمانی کوردی کرمانجی ناوەڕاستدا وه‌ك دەستەواژەی زمانی زبر و زاڵكردنی پیاو به‌سه‌ر ژن بەکاردەهێندرێن، له‌وانه “بە دایکی کوڕان بیت، کوڕت نەمرێ، برات نەمرێ، کوڕی نییە وجاغی کوێرە”. لەهەمانکاتدا به هۆیانه‌وه جارێکی دیکە توندوتیژیی و جیاكاری و سهركوتكاریان پێ ئه‌نجام ده‌درێت و پیاو ده‌كرێت به ڕه‌گه‌زێكی باڵا، بۆیه هەندێک جار زمان به‌شدار ده‌بێت له‌توندوتیژی ڕاسته‌وخۆ یان سیمبولی و خۆی ده‌كات به كه‌ره‌سته‌ی چه‌وساندنه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر و سێكس. ژن یەکسان دەکرێت بە لاوازی و بێدەسەڵاتی و بێبەهایی و ناکارایی، وەک ئه‌وەی له‌كاتی سوكایه‌تیكردن به پیاوێك به هۆی ره‌خنه‌گرتن لێی, پێی ده‌ڵێن “لە ژن کەمتری، ژنی شەرمن شارێک دێنێ و پیاوی شەرمن شانەیەک ناهێنێ، ده‌ڵێی ژنی”. له‌پاڵ ئه‌و وه‌سفانه بۆ پیاو، وێناكردنی ژنی بێده‌نگ و شه‌رمنه وه‌ك باشترین ژن؛ یاخود سه‌ركه‌وتن و سیفه‌ته باشه‌كانی ژنێك له ڕوانگه‌ی ژنێكه‌وه نابینن و پێی ده‌ڵێن “پیاوه‌تیت كرد، كارێكی پیاوانه‌یه”.
چۆمان هه‌ردی به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری جێنده‌ر و گه‌شه‌پێدان له زانكۆی ئه‌مریكی له سلێمانی، له دیبه‌یتێكدا كه مانگی ئایاری ساڵی 2021 له‌لایه‌ن مەکتەبی بیر و هۆشیاریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێكخرابوو؛ دەربارەی (توندوتیژی لەزمانی کوردی‌دا بەرامبەر ژنان) وتی “هەمیشە پیاو بە ئەرێنی نیشاندەدرێت و ژن بە نادیار و بێبەها، جارێکی دیکە پیاو دەکەنە ناوەندی مرۆڤبوون و ژن نادیاردەکەنەوە، وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی ونی دەکه‌ن”.
ئەم توندوتیژییانەی كه له‌ڕێگای زمانه‌وه ده‌كرێن، دەرئەنجامی خراپی دەبێت له‌سه‌ر باری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژن، له‌چه‌ندین دۆخدا ژن ده‌خه‌نه به‌رده‌م هه‌ستی تاوانباری و خۆبه‌كه‌م زانین.
بۆ تێپه‌ڕاندنی توندوتیژی و سێكسیزم و جیاكاری زمانی، هه‌روه‌ها دروستكردنی گۆڕانكاری له‌سه‌ر بنه‌ماكانی یه‌كسانی جێنده‌ری، ئه‌م هه‌نگاوانه وه‌ك خاڵی چاره‌سه‌ر ده‌خه‌مه‌ڕوو:
– شارەزایانی بواری زمانی کوردی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی بواری جێندەر لەم بارەیەوە کۆنفرانس و گفتوگۆی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، بۆئەوەی به ڕاشكاوی پیاوسالاری له‌زمانی كوردیدا بخرێته‌به‌ر ڕه‌خنه و پاك بكرێته‌وه له‌و دەستەواژە و ئیدیۆمانەی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له زمان و كه‌لتور و نوكتهكاندا. – ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری، له‌ڕێگای رێنمایی و كاركردن به یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بەر بەو توندوتیژییە زمانییە بگرن كه له‌لایه‌ن به‌شێك له به‌رپرسانی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان بهكاردههێندرت له میانی لێدوانه‌كانیاندا و، ڕووبه‌ڕووی یاسا و به‌رپرسیارێتییان بكه‌نه‌وه؛ هاوكات توندوتیژی زمانی له‌پاڵ جۆره‌كانی دیكه‌ی توندوتیژی به گرنگییه‌وه وه‌ربگیرێت و هەڵمەتی هۆشیاریی بۆ ئه‌نجام بدرێت, به ڕاده‌یه‌ك بگاته شار و شارۆچکە و گوندەکانیش.
– دادگاكان ئه‌و سكاڵا یاساییانه به هه‌ند وه‌ربگرن و كاری له‌سه‌ربكه‌ن، كه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمارده‌كرێن سه‌باره‌ت به توندووتیژی زمانی و ناوزڕاندنیان له‌ڕێگای به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی سوكایه‌تییان پێ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و توندووتیژی و سوكایه‌تیانه‌ی له‌ڕێگای گوتاری مامۆستایانی ئاینییه‌وه به‌رامبه‌ر به ژنان ئه‌نجامده‌رێت.
– لە ناوەندەکانی خوێندن و زانكۆكاندا، وانەی جێنده‌رناسی و به‌هاكانی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بوترێتەوە و له‌گه‌ڵیدا زمانی کوردی لەو توندوتیژییانه پاک بکرێتەوە.
– تاوانبارانی ژنكوژ یان ئه‌وانه‌ی توندوتیژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، سزای یاسایی بدرێن و بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێنەوە، بۆئەوەی هەموو کەس بزانێت کوشتن و توندوتیژیی بەرامبەر بە ژن تاوانە وه‌ك جۆره‌كانی دیكه‌ی تاوان.