لە شاری لوزێرن-ی سویسرا، بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیریی دژوار لە سەر رێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەک بەڕێوەچوو.
بە پێشەنگایەتیی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تەکۆژن)، لە شاری لوزێرنی سویسرا گردبوونەوەیەک لەچوارچێوەی هەڵمەتی “جەنگی ئازادیی بگەیەننە سەرکەوتن” ئەنجامدرا.
چالاکییەکە لە بانهۆپلاتز سازکرا، دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیان و یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان چالاکییەکە دەستیپێکرد و سەرەتا هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە لوزێرن (جەدەکە) نورشەن دەمیر قسەی کرد و رایگەیاند: “ئەمڕۆ بە مەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی دژوار لە سەر رێبەرایەتیمان گردبووینەوە، تائازادبوونی رێبەرایەیتیمان لە گۆڕەپانەکان دەبین”.
دواتر سیاسەتمەدار، موسا فاریسئۆگیولاری وتەی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە بە پێشەنگایەتیی گەنجان دامەزراوە و لەگەڵ گەنجان بەردەوام دەبێت و وتی، “ژیانی سەرمایەداریی رەتدەکەینەوە. هەموو کات کولتوور و ئەندێشەکانی رێبەرایەتییمان بە بنەما دەگرین و درێژەی پێدەدەین. تا رێبەرمان ئازاد نەکرێت، گەلەکەمان ئازاد نابێت. هەربۆیە تا ئازادیی رێبەرمان بەردەوام لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا دەبین”.
لەچالاکییەکەدا لە لایەن هێڤی ئایدۆگموش، ئەندامی تەجەشە راگەیەندراوێک بە زمانی ئەڵمانیی خوێندرایەوە و تیایدا باس لەوەکرابوو کە گەلی کورد بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و بەم جۆرە درێژەی پێدراوە: “هەلومەرج هەرچییەک بێت با ببێت، جگە لە بەرخۆدان هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە. وەک مەزڵوم دۆغان وتی ‘بەرخودان ژیانە’. ئێمەی گەنجانی کورد تا رێبەرمان، گەلەکەمان و وڵاتەکەمان ئازاد نەکەین، ناوەستین و ناسرەوین”.
چالاکییەکە بە راگەیاندنی بانگەوازیی بەشدارییکردن لە رێپێوانی ناوەندیی لۆزان، کە بڕیارە لە سەدەمین ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەبچێت، کۆتایی هات.