لەبەرامبەردەستگیرکردنى سێ ئەندامى ڕژاک، کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان، ناڕەزایی دەردەبڕن و داوادەکەن، پەدەکە بە زووترین کات ئازادیان بکات.
ئەمڕۆشەممە ١٤/٨/٢٠٢١ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی داگیرکاریی، لێدوانیان بۆ ڕاگەیاندنەکان دا و تێدا فەوزییە عەبدولکەریم، ڕایگەیاند: ئێمە دژى دەستگیرکردنى سێ ئەندامى چالاکى ڕژاک ین، کە کار دەکەن لە بوارەکانى ژناندا، بەداخەوە لە کاتى سەردانکردنیان بۆ شەنگال بۆ بەشدارییکردن لە هاوخەمى و هاوسۆزییان لە حەوتەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژىی ئێزدییەکان و پاڵپشتیان بۆ ئەوان، کە ژنان قوربانیى یەکەم بوون لەو کۆمەڵکوژییەدا، دەستگیرکران.
ئەوەشی باسکرد، کە ماوەی هەفتەیەک زیاترە، ئەو ئەندامانەی ڕژاک دەستگیرکراون و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییانەوە، نییە.
کەمپەینەکە کە لە بوارى ژناندا کاردەکات، بە ئەرکى خۆی دەزانێت، “دژى ئەو کارە هەڵوێستمان هەبێت و ناڕەزایەتى دەرببڕین و هیوادارین سەرجەم ڕێکخراوەکانى دیکەى تایبەت بە ژنان، کە ئەرکە هەڵوێستیان هەبێت، پشتگیریى لەو چالاکوانانە بکەن”.
لە کۆتایدا داوای لە لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان کرد، کە بەزووترین کات بەدواداچون بۆ ئەو دەستگیرکراوانە بکەن و ئازادییان بکەن، “چونکە بەڕاستى ناکرێت ئێمە بانگەشەى ئەوە بکەین کە ئازادىی و ئارامى لێرە بەرقەرارە، بەڵام چالاکوانەکان دەستگیربکرێن”.