یاخی بوونی مەدەنی کاریگەرترین چەکە دژی دەسەڵات

 

هاوڕێ جەبار

 

ياخی بوونی مەدەنی كاريگەرترین شێوازی ڕووبەڕووبونەوەی كۆمەڵگەیە دژ بە دەسەڵات بۆ پاشەکشە پێكردن و سنوردانان بۆ پاوانخوازی و تاڵانكاری سيستەمی دەسەڵاتدارێتی، شێوازی ياخی بوونی مەدەنی بريتيە لە خۆپێشاندانی بێچەک و درێژخایەنی خەڵک لە دەرەوەی ياسا ڕێگە پێدراوەکانی دەسەڵات. واتا سەرپێچی لە ياساكانی دەسەڵاتدا دەكات، بەڵام بەبێ بەكارهێنانی توندوتیژی و چەک. لە بنچینەدا ياخی بوونی مەدەنی هەوڵدانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتی و گۆڕینی دەسەڵات، شێوازێکە لە بەرگریکردن لە ماف و ئازادييەکان و بەدەستهێنانيان. نمونەی ئەم شێوازە چالاکیە زۆرە تەنها ئاماژە بە دوو نمونە دەکەم. نمونەیەکی كوردی خۆماڵی و نمونەیەکی بيانی. لەساڵانی بيستەكانی سەددەی ڕابردوودا لە باشوری كوردستان (بزووتنەوەی هەقە) وەك بزووتنەوەیەکی سوفيگەری، كۆمەڵایەتی، سياسی لە هەناوی تەريقەتی نەقشبەنديەوە لەلايەن عەبدولكەريمی شەدەڵەوە دادەمەزرێت، لە سلێماني و كۆیە و كەركوك و بتوێن و پشدەر پەرەدەسێنێت. ئەم بزووتنەوەيە نەيارێكي سەرسەختی داگيركاری ئينگليزەکان بووە، ئينگليزەكان ئەم بزووتنەوەيان بە مەترسيەكی گەورە زانيوە، چونكە خاوەن مەیلێکی دادپەروەری و يەکسانی و خۆسەری بووە، هەرچیەكيان كردووە شێخی ئەو بزووتنەوەيەيان بۆ دەستەمۆ نەكراوە، بۆیە شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە لەساڵی 1934 دەستگيردەكەن و دەیبەن بۆ كەركوك، هەروەها لەساڵی 1944 يش مامە ڕەزای برازای شێخ عەبدولكەريم كە لە هەمانكاتدا جێگرەوەشی بووە دەستگیردەکەن و دەیبەنە كەركوك. لە بەرامبەر بە هەردوو دەستگیركردنەکەدا (هەقەییەكان) دووجار بەژن و پیاو و منداڵەوە بەپێ بەرەو كەركوك ڕۆشتوون، پیاوەكان تەنها فەردەی گوشتيان (فەردەی بۆر) يان لەبەر كردووە و هەر يەکە و دارقوڵەيەكيان پێ بووە، بێگومان ئەو ڕۆشتنەيان بە پێ و مانەوەيان، جارێكيان لەبەردەم زينداندا و جارێكيشيان لە نزيك ئاوايی ياروەلی بووە. يەکێك لەو جارانە چالاکیەکەيان سێ مانگ بەردەوام دەبێت تا شێخەكەیان ئازاد دەکەن، لە هەردوو ڕێڕۆشتنياندا لە هەشت تا دە هەزار كەس بوونە لە هەردوو جاريشدا تا شێخەكانيان ئازاد نەكردووە دەستبەرداری ئەو ياخی بوونە مەدەنييە شۆڕشگێڕییەی خۆيان نەبوونە. هەروەها (غاندی) يش شێوازی ياخی بوونی مەدەنی لە بەرامبەر بە داگیركاری ئينگليزدا لە هيندستان گرتەبەر کە بیرۆکەکەی بریتی بوو لە بیرۆکەی ناتوندوتیژی و ئەنجامی خۆشی پێکا. ئەم دوو نمونە زيندووە دەتوانرێت لە ئێستا سوودی لێ ببينرێت بۆ بەرەنگار بوونەوە دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و خۆسەپێن و خێڵەكی باشور، چونکە ئەم دەسەڵاتە بە زەبری چەك و داپڵۆسين و تۆقاندن و ڕاگەياندنی چەواشەكار و سەرمایەی تاڵانکارەوە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە، ئەگەرنا هیچ ڕەوایەتیەكی سياسی و ياسايی و ئەخلاقی و نەتەوەيی و نيشتمانی نيە. دەبينين بەهۆی چاوچنۆکی و دزی و تاڵانكارييەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو خراپتر دەڕوات. بۆیە ئەم شێوازە خەباتە لە ئێستادا پێویستیەکە بۆ سنور دانان بۆ دەست درێژییەکانی دەسەڵات و هةروەها گەڕانەوەی ژيان بۆ نێو کۆمەڵگە. دژ بەم دەسەڵاتە ناوە ناوە هەڵوێست وەرگيراوە و ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەنجام دراوە لە لايەن چەند بەشێکی كۆمەڵگەوە وەكو مانگرتنی مامۆستايان و خوێندكاران و تەندروستكاران و كرێكاران…. ئەم شێوازە چالاكيانە نابێت بە كەم سەير بكرێن دةبێت نرخ و واتای پێ بدرێت، وە كەم تا زۆر توانيوێتی حەق و مافەکانی خۆيان بەدەست بێنن و ترسيش لای دەسەڵات دروست بكەن و لە زووترين ماوە بێنەسەر خەت و داواكانی مانگرتووان كەم تا زۆر جێبەجێ بكەن. ياخی بوونی مەدەنی هەرە دوايش ناڕەزایەتی و مانگرتنی خوێندكارانی پەیمانگا و زانكۆكان بوو بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەكانيان ئەوەبوو دەسەڵات ناچار كرا بە گێڕانەوەی دەرماڵەكانيان. واتا ئەو ياخی بوونەی خوێندکاران هەر چەندە ماوەکەشی درێژخايەن نەبوو بەڵام ئەنجامی خۆی پێکا. بۆیە لە ئێستادا بۆ كۆتایهێنان بە تايبەت كردنی كەرتەكان و پێوەری و ئاو و جۆزەی زیرەک و نەبوونی كارەبا و غاز و گرانی بەنزين و زيادكردني و باج و زەريبە و زۆرێکی تری تاڵانکارییەکانی دەسەڵات پێویستی بە ياخی بوونی مەدەنی درێژخایەنی هةمەلایەنە هەیە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *