نیاز سەعید
دیاردەیەکی تری سەیر و سەمەرەی سیاسی؛ ئەمجارەیان لەناو پەرلەمانی عێراق، ئەویش بوونی دوو جۆر بزنسی سیاسی موفت و چەور بۆ هەندێ بزنسمانی بە ئەزموون (!!)
کە بەهاکەی دەیان ملیۆنان دۆلارە، یەکەمیان لە دەستپێکی دانیشتنە بەراییەکانی پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراودایە و بریتیە لە فرۆشتنی دەنگ لە کاتی دەنگدانەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان ، دووەمیشیان بۆ کاتی خەفەکردن و دیزەبەدەرخۆنەکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی وەزیر و لێپرسراوە باڵاکانی حکومەت و سپیکردنەوەی دۆسیە ڕەشەکان(!!)؛ لەلایەن لیژنەکانی پەرلەمان و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانەوە.
شایەنی باسە بوونی ناکۆکی و ململانێ و فرە کاندید بۆ پۆستەکان؛ بازاڕەکەی گەرمتر کردوە و لە بازاڕی بۆرسەی پەرلەماندا، نرخی پشکی دەنگەکان بەرزبوونەتەوە، دەنگدەری فریودراویش با هەر بەکوێرانە و لە ڕقی پارتە سیاسیەکانی تر؛ بۆ خۆی دەنگ بە پاڵێوراوی ناشایستە و بێ ئەزموون و سەردەرنەکردە؛ لە ئەرک و کاروباری پەرلەمانیی بدات، گوایە ویژدانی خۆی ئاسوودە کردوە، نازانێت بە دەنگەکەی نرخی پشکی دەنگی هەندێک پەرلەمانتاری بەرزکردۆتەوە ، بەتایبەتی بۆ ئەو جۆرە فراکسیۆنانەی کە ئیبراهیم زەبۆکەکەی عەزیز نەسین خاوەنیەتی !