ئێمە و ئەوان

ئیدریس سدیق

 

هاوکێشەیەکی نا تەندروست
کاتێ تاك لە نیشتمانەکەیدا دادەبڕێت !
لەو هەرێمۆکەی ئێمە ، ساڵی نوێ تەنها تێپەڕاندنی ژمارەیە ، ئاهەنگگێڕان و بەزم سەفایە ، حەوت رۆژ پشووی دەسەڵاتدارانە ، بێباك چی دەگوزەرێ لە مێژووی پتر لە سێ چارەکە سەدەی ئاخنراو بە ستەم و زۆرداری ، نەبوونی ئازادی ، لەتێ نان ، جووتێ پێڵاو ، کونجێکی شیاو ، لەو بستۆکە خاکەی پێی دەوترێ نیشتیمان !
لە سەرجەم وڵاتانی دنیا ، ئەوانەی خاوەن دەستور ، یاسا و رێساکانن ، کات واتایەك دەبەخشی لە نێبوونەوە ، لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ، پلاندانان و بە دواداچوون ، چاوەدێری و بەرپرسیارێتی ، میکانیزمی کارکردن و داهێنان و بەرهەمهێنان ، هەر رۆژە و رێگایەك و بیرۆکەیەکی نوێ ….. ، بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی وڵات ، ژیانێکی شایستە بۆ تاك و کۆمەڵگە ، دڵسۆزی و لەخۆبوردەیی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تا خوارترینیان ئەرکە و فرمانە لە سەرجەم بوارەکانی پەروەردە ، تەندروستی ، کشتوکاڵ ، زانکۆ ، تێکنۆلۆجیا ، زانست ، بۆشایی ئاسمان ، سەربازی ، پیشەسازی ، نووسین ، فیلمسازی ، بازرگانی ، وەرزش ، ئابووری ، وەرزش و …….. ، هەر تاکە و خەریکی بوارەکەی ، پسپۆڕییەکەی و توانا تایبەتمەندەکەیەتی لە داهێنان و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ بەردەوامبوون بۆ مەبەستی پێشکەوتن و گەشەکردن ، دەسەڵاتیش هەموو ئاسانکاری و زەمینەسازی بۆ دەکات بۆ بەرزڕاگرتنی ناو و ناوبانگی وڵات چ لە ناوەوە یا لە دەرەوە ، ئەمەش وادەکات زانا و بیرمەندەکان بە یەکەوە کاربکەن بە گیانی هاوڵاتیبوون و تامەزرۆی وەدەستهێنانی خەڵاتی ساڵانەی نۆبڵ بن یا پێشەنگبن لەداهێنان و وەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەرپرسیارێتی بەرامبەر نەوەی داهاتوو .
ئەوەی دەگوزەرێ لەو پانتا خاکەی بەفر و خوێنە ، تەژی لە تراژیدیای مەرگەسات و رووداوی ناخهەژێن ، جۆشدانی کوورەی مەرگ ، هەر ساتەو رووداوێکی تۆقێنەر ، سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی ئینتیمای نیشتمان ، بێکاری و کۆچ ، رەقبوونەوە لە سەرما و سۆڵەی دارستنەکان ، خنکان لە دەریا بێ ئامانەکان ، خنکان بە دووکەڵی خەلووز ، گیانلەدەستدان بە لافاو ، لەباربردنی خەونە وەنەوشەییەکانی گەنجە دەرچووەکان ، داخستنی دەروازەی سمێلکا ، تیرۆر و پاکتاوکردن ، نادادی و نەداری ، خیانەتی نیشتیمانی و ……… ، بەرپرسەکانی شۆڕشگێڕانی شاخ ، دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو و دۆڕاو دواکەوتوو ، ئەوانەی دەنگی تەقەیان لا مۆسیقایە ، سەری مەنهۆڵەکەن ، بەرامبەر نمایشی سیناریۆی ئەو ئازارە جەرگبڕانە قنج قنج لێی دانیشتوون ، لە چەپڵە رێزان و قاقای پێکەنیندان ، وەك ئەوەی نە بایان دیبێ نە باران ، لە بیرکردنەوەیەکی قووڵی ئەفسووناوی پووچدان .
لەو دەڤەرە مردووە ، خۆ ئەگەر سوقڕات ، ئەفڵاتوون ، ئێنیشتاین ، ئادەم سمیس ، هۆگۆ ، نیتشە ،مارکس و ……. ، زیندووببنەوە ، نەك هەر یەك پوولی قەڵپناکەن و پەراوێز دەخرێن ؛ بەڵکو بە تێکدەر ، یاخی ، تیرۆریست ، ناپاك و …… ناوزەد دەکرێن و دەخرێنە کونجی زیندانەوە .
ئاهەنگێڕان لە هەر شوێنێ ، ئایینی یا نیشتمانی بێ ، واتای ئاسوودەیی ، تەبایی ، لێبوردەیی ، خۆشەویستی و …… دەگەیەنێ ، بەڵام ئەوەی لێرە دەگوزەرێ پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی کات و شوێنە ، میلەکانی کاتژمێر لە گەڕانەوەدان بۆ دواوە ، ٢٠٢٢ لەگەڵ ١٩٤٦ ، یا ٢٠٥٠ لەگەڵ ٣٠٢٢ ئاخۆ دەبێ چ جیاوازییەکیان هەبێت ؟ نەك سی ساڵ ، بەڵکو پتر لە سێ چارەکە سەدەیە ، هەمان رووحییەت لە نمایش ، دروشمبازی و ورووژاندن ، شەڕی دەروونی ، کاری تێکدەرانە و درۆکاری بووەتە حەز و سایکۆڵۆژیای دەسەڵات ، ژیانەکەش بەردەوامە چونکە ئاشەکەیان بێ باراش نییە .
بۆ ئەوەی درۆکان کۆتایی پێبێت ، پاوانخوازی بنبڕبکرێت ، فۆڕمی بە کۆیلەبوون زیندە بەچاڵبکرێ ، نەهامەتییەکان کۆتایی بێت و لە پێناو کۆمەڵگەیەکی تەندروست ، ژیانێکی شایستە و ئازاد ، بەرپرسیارێتێ بەرامبەڕ داهاتوو ، دەبێ عەقڵی یاسا سەروەربێت ، هۆشیاری تاکی کۆمەڵگە و بوێری ، کارکردن بە گیانی هاوڵاتیبوون بە هزر و بیرۆکەی نوێ و سوربوون لە سەر وەدەدەستهێنانی مافە سەرەتایی و رەواکان و لە گۆڕنانی دەسەڵاتی خێڵەکی پاوانخوازی بێت .

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *