کۆچ ، فرمێسك و خەونە هەپڕوون بە هەپڕوونکراوەکان ، یا گرەوی دەسەڵات لەسەر ئەسپە دۆڕاوەکە ؟

ئیدریس سدیق

( تاریکترین کاتی شەو ، بەر لە خۆر هەڵاتنە )
لە سەرجەم هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی ، ستاتیۆکان ، رێکخراوەکان و دامەزراوەکان و …….. پرسی گەنجان وەك سەرمایەکی بێ ئەندازە لە توانا ، وزە ، داهێنان ، متمانە ، ئومێد ، خۆزگە ، ئیڕادە و ……. وێنا دەکرێ ، لە بنیاتنان و گەشە کردن و بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەکانی ژێرخانی ئابووری ، کایەی دەسەڵات و رەهەندی ئاسایشی نیشتمانی ، وەك داینەمۆ و مەکۆی ناو چەقی گۆڕانکارییەکانن ، هەمیشە هەرچی پلان و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەك هەبێت لە ئەستۆی گەنجەکانە و بەرپرسیارێتی گۆڕانکارییەکان و مسۆگەرکردنی ئایندەن .
تڕاژیدیای کۆچی گەنجان لەو چەند رۆژەی رابردووی سنووری وڵاتان روسیای سپی ، لیتوانیا ، لاتڤیا و پۆڵەندا ، بووەتە رۆژەڤی سەرەکی میدیاکان ، پەیامنێران و رای گشتی کوردی ، هەرێمی و نێو دەوڵەتی ، جێگەی هەڵوەستە و تێڕوانین و سرنجە ، ناکرێت وا بە ئاسانی تێپەڕبێت بە بێ شەن و کەو کردنی .
لە دەقە زانستییەکان ، وەك شارەزایانی مێژوو و بواری کۆمەڵناسی کۆکن لە سەر چەمگی ئەوەی هەر دیاردەیەك ، رووداوێك یا پێشهاتەیەك دێتەپێش ، نابێ بەدەربێ لە پاڵێنەرەکان ( هۆکارەکان ) ، ئەوەی دەگوزەرێ لە پرسی کۆچ و و بایکۆتی پتر لە سەدا شێستی خەڵکی ناڕازی و تووڕە لە هەڵبژاردنی دەی ئۆکتۆبەری مانگی رابردوو ، ئاماژەیەکی مەترسیدار و هەڕەشە ئامێزی پاشاگەردانی و فەشەڵی بەڵگە نەویستی بەڕێوەچوونی دەسەڵاتە ، ریفڕاندۆمە سەقەتەکەش ، سەڵماندی کە تەنها بۆ خۆ دەربازکردنبوو لە رەوشە نالەبارەکە ، لە تاکڕەوی ، خۆ بەزلزانین ، کورتبینی لە خوێندنەوەی شیمانە و ئەگەرە ناوخۆیی و هەرێمی و نێو دەوڵەتییەکان .
کەڵەکەبوونی گرفتەکان ؛ دەرهاویشتەی تەنها ئەو سی ساڵەی بێ ئەزمونیی و نەشارەزایی نییە ؛ بەڵکو خۆ سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە تاکڕەوەیە کە پتر لە سێ چارەکە سەدەی مێژووی نوێی وەك دەڵێن بەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە ، یاری بەچارەنووس و دووا رۆژیدەکات ! دەستکەوتەکان چین ؟ کام لاپەڕەی گەشاوە و پڕ لە شکۆ و شانازییە ؟ کام کۆمەڵگە بنیاتنراوە لە سەر ئاشتەوایی ، تەبایی ، پێکەوە ژیان ، هاوڵاتیبوون ، ئازادی ، شکۆی خاك ، بە مرۆڤبوون و …… ؟ کوانن پڕۆژەکان ، کام سیستەمی مۆدێڕنی بەڕێوەبردنی دەسەڵات ؟
کاتێ دەسەڵات نایەوێ هاونیشتمانیانی وەك مرۆڤ بژین ، نیشتمان دەبێت بە دۆزەخی بێ ئومێدی ، بێکاری ، نادادی ، داتەپینی بەهاکانی مرۆڤایەتی ، کەڕامەت ئەتکبکرێ ، زیندانێکی داخراو و ترسناك و تەلبەندێکی گەورە بێ ، کۆگایەکی ژەهر خواردنبێ ، بڕوانامە پوولێکی قەڵپ نەکا ، دەنگی ئازادی کپبکرێ ، پڕاوپڕ بێ لەدڕندەی کەڵب تیژ …… ، کاتێ نەهامەتییەکان دەگەونە ترۆپك ، گەنج ناچار دەکات سەر هەڵگری لەو بستۆکە زەوییە قێزەونەی کە سەردەمانێك نیشتمانی هەمووان بوو و لە پێناویدا خۆی بەختدەکرد و قوربانیدەدا ، رێی هات و نەهاتی جەنگەڵە سارد و سڕەکان بگرێتە بەر ، یا لە دەریا ببێتە خۆراکی قڕش و نەهەنگەکان ، لە دۆزەخەوە بەرەو بەهەشتی یۆتۆپیای رازاوە و ئاڕایشتکراوی سەرمایەداری ، لە هەمووی کارەساتبارتر ، دەسەڵات وەك گرەوی سیستەمی ئەسپە دۆڕاوەکە ، راستییەکان نابینن ، دۆخەکە باش ناخوێننەوە ، لە بڕی داوای لێبوردنبکا کە لەهەر سووچێکی دنیا بوایە دەەسەڵات دەهاتە سەر خەت ؛ دێتە تۆمەت بەخشین و بوختان کە گوایە دەستی دەرەکییان لە پشتە بۆ شاردنەوەی شکستە پڕ لە شەرمەزارییەکانی .
رۆڵی بەرچاوی دەزگا هەواڵگرییەکانی داگیرکەران لە رێگەی شەڕی تایبەت و دەروونی و بێهیواکردن ، لەرێگەی ڤیزا و قاچاخچێتی ، بەدەر نین بۆ کار ئاسانی ئەو دیاردەیە بۆ بەتاڵکردنی نیشتمان لە چاڵاکی تواناسازی داهێنان و هزری گەنجان و دامرکاندنەوەی دەنگی ناڕازی و تووڕە .
بە گوێرەی ئامارەکان ، لە ساڵێکدا پتر لە سی هەزار کەس سەریان هەڵگرتووە بەرەو جەنگەڵ و دەریا ، کە ئەمەش مەترسیدار و هەڕەشە ئامێزە بۆ دووا رۆژ و کاریگەری لەسەر ئایندە و چارەنووسی میللەت دەبێ ، جگە لەوەی کارەسات و تڕاژیدیایەکی هاونیشتمانیانی بێ دەوڵەتە ؛ پەڵەیەکی رەشە بە تەوێڵی دەسەڵاتی کوردی .
توانا و خوێنی گەنج ئایندەیە ، نابێت نیشتمان چۆلبکا ، دەبێ ئیڕادەی هەستانەوەی لا دروستبێ و شکست بە کەوتن بهێنێت ، متمانە بە خۆ بکات بۆ دڕدان بە شەوەزەنگی نائومێدی ، بەربەست و ئاستەنگەکان بشکێنی ، بە گەڕ خستنی وزە و تواناکان بۆ تێکوشان لە پێناو ئازادی ، دیموکڕاسی ، دادپەروەری ، ژیانێکی شایستە و بەختەوەر و نیشتمانێکی ئازاد ، ( بەردیش لە جێگای خۆی بە سەنگە )

هەروەها چێکی بکە

رۆڵی مۆدێل لە کۆمەڵگا

د. دیلمان ئازاد پسپۆری پزیشکی دادوەری ئەوەی نووسیوومە رای کەسی خۆمە لە جیاتی هیچ کەسێک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *