ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١/١١/٢٠٢١لە شاری سلێمانی و لە سەکۆی ئازادیی، نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ١ی ١١ی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، مەراسیمێکی جەماوەرییان ڕێکخست.
بەبەشداری و ئامادەبوونی نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و پێکهاتە و کەسایەتییە جیاجیاکان، مەڕاسیمەکە بەڕێوەچو.
لەسەرەتای مەڕاسیمەکەدا بەیاننامەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن جەمیل ڕەحمانۆ، ئەندامی نوێنەرایەتییەکە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد: دەوڵەتی تورک بە سەرپەرشتیی ئاکەپە و مەهەپە لەدوای ئەوەی نەگەیشتنە ئامانجەکانیان، هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ کۆبانێ، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ و وڵاتپارێزان دەکەنە ئامانج
پاشان دحام ئیبراهیم قادر، فەرماندەی پێشمەرگە کەخۆی یەکێک بووە لە بەشداربوانی شەڕی کۆبانێ، وتارێکی پێشکەشکرد ڕایگەیاند: کۆبانێ بووە سیمبولی بەرخۆدانی کوردستان، ئێمەش وەک پێشمەرگە بە شانازییەوە بەشدارییمان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد و بەشێک بووین لە ئازادکردنی کۆبانێ لەدەستی چەتەکانی داعش.
هەر لە مەراسیمەکەدا حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) وتارێکی پێشکەشکرد کرد و ئەوەی باسکرد: ئەگەر بەرخۆدانی کۆبانێ نەبوایە، ئەمڕۆ داعش لەناو سلێمانیش بوو، بۆیە دەبێت هەمووان خاوەنداریی لە کۆبانێ بکەین، دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بووەستینەوە.