کتێبخانەی ژنانی کورد بە هەزاران سەرچاوەوە کرایەوە

ئەمڕۆ بۆ یەکەمیین جار ناوەندی”ئەرشیف وتوێژینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد” لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانیی کرایەوە، ناوەندەکە هەزاران کتێب و سەرچاوەی نووسەرانی ژن لەخۆ ئەگرێت.

تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ژنانی تەڤگەری ئازادیی و ژمارەیەکی بەرچاو لە  ژنان لە شاری سلێمانی، ئامادەی کردنەوەی ناوەندی “ئەرشیف و توێژینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد” بوون، ناوەندەکە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و یەکێتیی ژنانی کوردستانە، بۆ ئەرشیفکردنی نووسیین وهەر کەرەستەیەکی مێژوویی و هەنووکەیی ژنانی کورد، کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٨٠٠ سەرچاوە و کتێبی نووسەرانی ژنی تێدایە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.

لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا چەندین نووسەر و چالاکوان و پارێزەری مافەکانی ژنان و چەندان کەسایەتیی دیکەی هەر چوار بەشی کوردستان و وڵاتانی دیکە ئامادەییان هەبوو، بەشێک لەو ئامادەبووانە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەکرد، چەند کتێب و نیگار و کارێکی دەستییان پێشکەش بە ناوەندەکە کرد و بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و خزمەتێكی گەورە بە ژنانی کورد، ناویان برد.

ئەم ناوەندە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و یەکێتیی ژنانی کوردستانە، کە نزیکەی سێ  ساڵ بوو کار بۆ کردنەوەی دەکرا، دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی ئەمڕۆ بەتەواوی کرایەوە و لە ئێستاوە خوێنەران ئەتوانن سەردانی بکەن.

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …