ئەزمونی ئەفغانستان لە کوردستان، چ وەڵامێک ھەڵدەگرێ؟

هیوا عومەر
لە دوای رووداوی گەڕانەوەی تاڵیبان لە ئەفغانسان چەندان لێکدانەوەی جۆراو جۆر دەخرێتەروو لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم رووداوە لەسەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بە گشتی .
لەبارەی کوردستان، دەتوانین زۆرینەی لێکدانەوەکان دابەش بکەین بەسەر دووبەرە.
 بەرەیەکیان پێی وایە ھەرێمی کوردستان لە زۆرلاینەوە خاڵی ھاوبەشی لەگەڵ ھەلومەرجی ئەفغانستان ھەیە، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەمان سیناریۆ لە کن ئێمەش دووبارە دەبێتەوە .
بەرەکەی تر بە پێچەوانەوە پێی وایە، ھەرێمی کوردستان لە ھیچ روویەکەوە نە لە ئاستی خودی نە لە ئاستی بابەتیشەوە لەگەڵ ئەفغانستان لە یەکتر ناچن .
ئەم جۆرە دابەش بوونە، بەشێک و درێژکراوەی عەقڵیەتی تەماشاکردنی رووداوەکانە لە نێوان رەش یان سپی، ئەم جۆرە دابەش بوونە دوانییە و ھەوڵی ھەژمووندارییە، جاری یەکەم نییە روودەدات لە ھەرێم و ئەزموونی تریش، ناتوانین داشی ببڕین لە باڵادەستی عقلیەتی لیبرالیی لە فەزای گشتی و سیاسی و رۆشنبیری، ناوچەکە و ناوخۆییمان .
لەکاتی ڕاپەرین و گۆرانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی  کە ناونرا بە “بەھاری عەرەبی ” ھەمان دابەش بوون لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە نێوان روودانی راپەرین و رانەپەرین لە ھەرێمی کوردستان تەرویجی بۆ کرا، ھیچ بوارو پانتاییەک لە فەزای گشتی  بۆ ئەگەرو رەنگەکانی تر نەھێڵدرایەوە.
ئیشکالیەتی ئەم عەقڵیەتە لەگەڵ رووداوەکان جگە لە لاینە پۆپۆلیستییەکەی دەتوانین لە تەماشاکردنی میکانیکیانەی پرسەکان بیدۆزینەوە، بەدابڕاو لە تێگەیشتنێکی بابەتیانە .
 ئەنجامی ھەژموون پەیداکردنی ئەم دووگوتارە کە دوودیوی یەک دراون، بڵاوکردنەوەی گیانی بێ ھیواییە لەسەر ھێزی ناوخۆیی مرۆیی کوردستانی. ئەم بێ ھیواییە پەیوەندی بەوە ھەیە ھەردوو تێگەیشتن لە دەرەوەی رۆڵی ھێزی مرۆیی و ئیرادەی ھێزی ناوخۆییەوە ھەڵچێنراوە.
قاچێکی تری گوتاری یەکەم لەسەر باوەڕی بە سەنتەراڵکردنی فاکتەری دەرەکی وەستاوە لە گۆڕانکارییە ناوەخۆییەکان لەسەر حیسابی  پشتگوێخستنی ھێزی تێکۆشانی جەماوەری.
 لە گوتاری دووەمیشدا ھەرێمی کوردستان بە دوورگەیەکی دابڕاو تەماشا دەکات لە سایەی بە سەنتراڵکردن و پیرۆزکردنی چەند خێزانێک و دەسەڵاتەکەی، پێی وایە ھەرێمی کوردستان شامی شەریفە، لە کاتێکا شامیش شەریف دەرنەچوو؟.
 ئەو گوتارە پێ وایە لە سایەی دەسەڵاتەکەی ئەودا  ، ھەرێم گەیشتۆتە پلەی کەماڵ و کۆتایی مێژوو ! .
 ھەردوو  گوتار لەسەر بنەمای  باوەر نەبونە بە  ھێز و تیۆرو رێکخستنێکی شۆرشگێرانەی تێکۆشانی جەماوەری لە گۆڕانکارییەکاندا.
لەبارەی بژاردەی سێیەم
بژاردەی سێیەم  لە دەرەوەی ئەم دابەش بوونە دوانییەدا، لێرەدا و لەم پانتاییە دەبێت بەدوایدا بگەرێین، دوور لە عقڵیەتی کۆپی پێستکردنی ئەزموونی ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر، دوور لە چاو نوقاندن لە بینینی وێنەگەورەکە و رۆڵی تێکۆشانی بەیەکەوەیی و بڵاوکردنەوەی ترس یان خۆشباوەری و پیرۆزکردن.
لە دەرەوەی ئەم دابەش بونە دوانییە ناوچەیی و جیھانییەدا  لە وتارێکی سڵاڤۆ ژیژەک سەبارەت بە ئەفغانستان.. کە ڕزگار حەمە ڕەشید وەریگێراوە، باسی ئەوە دەکات، ھۆکاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی کە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بکات.
ئەو پێی وایە (ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەکات)، دەبێت لە دەرەوەی فەندە مێنتاڵی ئاینیینەوە بەدوای بگەڕێین، “ئەوەی روودەدات پەیوەستبوونێکی ھەموانییە بۆ ژیانێکی باشتر.
پاش سەرکەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە ھەموانییە سەرکوت کرا، وە ئێستا ئەم باری سەرکوتکردنە لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە.”
ژیژەک پرسیارێکی تر دەخاتەروو، لەبارەی ئەگەرەکانی گەرانەوەی ئەم گیانی پەیوەستبوونە ھەموانییە لە فۆرمە گونجاوەکەی خۆیدا وەک وابەستە بە ڕزگاربوونی ھەموانەوە.
 ئەو پێی وایە نەک دەتوانین مەزەنەی بکەین  بەڵکو ئەوە بە ھێزێکی زۆرەوە لە دەرگاکانمان دەدات. لێرەدا تەنیا باسی یەک نمونەی لێکەوتەکانی ئەم سیستەمە دەکات لەسەر ژیانی ھەموان و گۆی زەوی و دەڵێت : با تەنیا ئاماژە بۆ کارەساتی گەرمبوونی گەردوون بکەین ئەوە بەتەنیا ” پێویستی بە ھەڵوێستی ھەموانیی زۆر گەورە ھەیە”، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەھیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاھاتووین ” .  ئەو ھەر لە وتارەکەیدا باسی لاینە فریودەرەکانی تایپێکی تایبەتی تاکگەرایی لە ھەناوی سیستەمی سەرمایەداری دەکات و وەک رێگرییەک بۆ تێکۆشانی ھەموانی باسی دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاکگەرایی “ئاگا لەخۆبوون” ببین کە ھەموو سەرنجی لەسەر بەکارھێنانی چێژبینینەکانمانە. ئەو دەڵێت پێویستە ئەمە وەڵامەکەمان بێت بۆ تاڵیبان .

 

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *