ئۆهەدە داوای کرد هەمووان بەرامبەر گۆشەگیریی لە ئیمراڵی بوەستنەوە

کۆمەڵەی یاساناسان لەپێناو ئازادی (ئۆهەدە): “داوا لە رایگشتیی و یاساناسان بە تایبەتی سەندیکاکانی پارێزەران و رێکخراوەکانی بواری یاسا دەکەین کە بەرامبەر بە گۆشەگیریی بوەستنەوە“.

لقەکانی کۆمەڵەی یاساناسان لەپێناو ئازادیی (ئۆهەدە)، ئاماژەیان بە دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆ_جالان و عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش کە ٣١ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە بەردەست نییە و گۆشەگیرییەکی توندیان بەسەردا سەپێندراوە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.

لقەکانی ئۆهەدە لە بارەگاکانی خۆیان لە ئامەد، رحا، وان، مێردین، ئێلیح، دیلۆک، ئیستەنبوڵ، ئیزمیر، مێرسین و ئەنقەرە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیان کرد و ئەندامانی کۆمەڵەکە، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و سیاسەتمەداران بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کرد.

راگەیەندراوەکەی ئۆهەدە بەمجۆرەیە:

تورکیا لە دەستوری هەمیشەیی خۆیدا، وەک دەوڵەتی یاسا خۆی پێناسە دەکات. بەڵام ماوەی زیاتر لە ٣٠ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بەڕێزان عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بەردەست نییە، کە لە زیندانی جۆری ئێفی سەربە وەزارەتی دادی کۆمارزیندانی کراون و ئەو زیندانە بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی لەلایەن وەزارەتی دادەوە بەڕێوەدەبرێت. لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە سەرباری هەموو داواکارییەکان، یەک پاڕێزەریش نەیتوانیوە سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات. لەبەر ئەوە پاڕێزەران لەرووی یاساییەوە ناتوانن لەبارەی ئەو دۆسیانەی لە دژی موەکیلەکانیان کراونەتەوە، هاوکارییان پێشکەش بکەن. بەهۆی ئەوەی نە لە رێگەی دیدار و نە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونیەوە پاڕێزەران ناتوانن پەیوەندی بە موەکیلەکانیانەوە بکەن، لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەوان هیچ زانیارییەکیان نییە.

زیندانیانی ئیمراڵی بەهۆی کوردایەتی و ناسنامەی سیاسیانەوە، رووبەڕووی ئەو کردەوە دژەمرۆڤیانە دەبنەوە، کە ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدات. لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییە کە نمونەی هاوشێوەی نییە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی تورکیادا هیچ دەنگێکی ناڕەزایەتی بەرزنابێتەوە، دۆخێکی چاوبەسەردا نوقاندن هەیە. کۆمێتەی رێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کە یەک لە رێکخراوەکانی ئەنجومەنی ئەوروپایە و تورکیاش تیایدا ئەدامە، لە راپۆرتەکانی پێشوویدا لە بارەی ئیمراڵییەوە کردەوە نایساییەکانی دەستنیشان کردبوو و تورکیاشی ئاگادارکردبووەوە کە کۆتایی بەو مامەڵانە بهێندرێت. بە داخەوە تورکیا نەک هەر ئەو پێشنیازانەی جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو سیستمی گۆسەگیری بە شێوەی دڕندانە قووڵتر کردەوە و زیندانی ئیمراڵی گۆڕی بۆ ناوەندێک کە نەدەبینرێت و نە هیچی لەبارەوە دەبیسترێت.

دوابەدوای سەردان و داواکاریی بەڕێز ئۆجالان و سێ زیندانی دیکە، کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان  لە ئەیلولی ٢٠٢٢ داوای گرتنەبەری رێکاری قەبوڵ کرد و بریاریدا کە دەستبەجێ بە بێ دانانی هیچ سنوورێک پاڕێزەران بتوانن چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت. بەڵام تورکیا ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد. پاڕێزەران لە کانونی دووەمی ٢٠٢٣دا سەردانی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤییان و کۆمیتەکەیان لە بەردەوامی دۆخی زانیاری وەرنەگرتن ئاگادار کردەوە. سەرباری ئەوەی جاڕێکی دیکە کۆمیتەکە بە بیری تورکیای هێنایەوە کە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، بەڵام هیج هەنگاوێک نەنراوە.

لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا لەپێناو ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پاڕێزەراندا، ٧٧٥ پارێزەر بەبەڵگەنامەکانیانەوە سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسایان کرد. بەڵام تائەمرۆش وەڵامیان نەدراوەتەوە. هەروەها لە ٢٢ وڵاتی جیهانەوە بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپییەوە ٣٥٠ پارێزەر لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە وڵاتانی جیاجیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ٧٥٦ پارێزەر لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ سەردانی وەزارەتی دادیان کرد و داوایان کرد کە پارێزەران بتوانن چاویان بە موەکیلەکانیان لە زیندانی ئیمرآڵی بکەوێت. بەڵام هیچ وەڵامێک بەو سەردانانەش نەدراوەتەوە.

ئەو تابلۆ و دیمەنە بە روونی و راشکاوی دەریدەخات، یاسا لە ئیمراڵی بە شێوەیەک کە مایەی قەبوڵکردن نییە هەڵپەشێردراوە. دەخوازرێت کە بەرێز ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی دیکەی ئیمراڵی، لەناو سیستمی گۆشەگیری دژواردا ونبکرێن و لەبیر ببرێنەوە. بەڵام ئێمە دەزانین سەرباری هەموو ئەو کردەوە نایاساییانەش، لەو کاتەوەی براوەتە ئیمراڵی بەڕێز ئۆجالان چ لە دادگاییکردنەکەیدا لە دوورگەکە و چ لە پاڕێزنامەکەیدا کە دواتر رادەستی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرابوو، لەپێناو چارەسەری پرسی کورد کە یەک لە پرس و کێشە سەرەکیەکانی تورکیایە، هەموو کات بە شێوەی ئەرێنی جوڵاوەتەوە و هەوڵی راستگۆیانەی پەیڕەو کردووە. دەوڵەتیش هەندێک کات لە پێناو چارەسەرکردندا لەسەر مێز دانیشتووە، دیالۆگی بەرەوپێش بردووە. لەرێگەی بانگەوازەکانی بەڕێز ئۆجالانەوە قۆناغەکانی چارەسەری دەستیان پێکرد و گروپەکانی ئاشتی هاتن بۆ تورکیا.

لەمڕۆدا بەداخەوە گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەهەموو جۆرێک لە سەرتاسەری تورکیا بڵاوبووەتەوە، لە چارەسەری پرسی کورددا لەبری سیاسەتی دیالۆگ و ئاشتی، سیاسەتی ‘ئەمنی’ جێگەیانی گرتووەتەوە و تورکیا لە هەموو روویەکەوە بەتایبەتی ئابووری کەوتووەتە دۆخێکی تاقەتپڕوکێن و تاریکەوە. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە دەبێت دەستبەجێ ئەو دۆخە نایاساییە و دوور لەبنەمایە کە لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا ٣٠ مانگی پڕکردەوە، کۆتایی پێبهێندرێت. ئێمە وەک یاساناسان کە لە پێناو دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادیدا تێدەکۆشین، داوا لە تورکیا دەکەین، بڕیارەکانی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و سی پی تی  و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی دیکە جێبەجێ بکات، کە خۆیشی لایەنگر و ئەندامە تیایاندا. وەک دەوڵەتێکی یاسا بە گوێرەی یاساکانی ئاماژەپێدراو لە دەستوری هەمیشەیی کۆتایی بە سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بهێنێت. بەتایبەتی سەندیکاکانی پارێزەران و رێکخراوەکانی بواری یاسا ئێمە داوا لە هەموو یاساناسان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین؛ لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی گۆشەگیری کە مایەی قەبوڵکردن نیە بوەستنەوە”.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …