ئەو ڕۆژانەی کە شاری هەولێر نزیکبوو لە کەوتن، نابێت لەبیربکرێن.

دوای کارەسات و ژینۆسایدی شەنگال، داعش بە پێشەنگایەتی و فیتنە و فەسادیی هێزە هەرێمییە فاشیستەکان، هێرشی بۆسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و تا نزیکی ئەم شارە ئازیزە هات، وە هەموو باشووری کوردستان لە ژێر مەترسیەکی گەورەی ژیان و مردن دابوو.
ئەوە بێ گومان، هێرشێکی نەخوازراو بوو، دەوڵەتە فاشیستەکانی کە ڕۆژانە سامانی وەڵاتی ئێمە تاڵان دەکەن، نەک هەر بە فریای هەرێمەوە نەهاتن، بەڵکو شاگەشکەش بووبوون و لە ژێریشەوە ڕۆڵێکی زۆر خراپیان دەبینی لە ئاراستەکردنی داعش بۆ ئەوەی بێت و کوردستان داگیربکات،
خۆشبەختانه بەهەوڵی خەڵکی دڵسۆز، بە هەوڵی پێشمەرگەی قارەمان و گەریللا و هێزە جیاوازە کوردییەکان و دواتریش بە هەماهەنگی و موداخەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، توانرا مەترسیەکانی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە. لە ئەنجامدا شکست بەو پیلانگێڕیە هێنرا، لەگەڵ ئەوەی کە پیلانگێڕییەکە شکستی پێهێنرا، دەکرا کە لە هەرێمی کوردستان زۆرتر کەڵکمان لەو سەرکەوتنە شکۆمەندە وەربگرتایە و بکرابا بە سەرکەوتنێکی باش، بۆ هەموو کوردێک. بەڵام هەرێمی کوردستان نەک هەر نەیانتوانی کە ئەوە وەکو دەرفەتێکی ئاڵتوونی بۆ گەلی کوردستان بە گشتی بقۆزنەوە و قازانج بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم چەند ساڵەی دوایدا شکست بەدوای شکست تۆماری دەکەین لەئەنجامدا هەتا دێت، پێشمەرگە بە شەخصی دەکرێت و زۆرتر لەیەکتر دووردەکەونەوە و بۆ شەڕی براکوژیش ئامادە دەکرێت لەلایەن هێزێکی دیاریکراوەوە، کە ئەوەش خۆی شکستێکیتری سەرانی سیاسی کوردە لەو هەرێمەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە و دونیاش ئەوە دەزانێ کە ئەوەی بەشداری زۆر کاریگەری لەو شەڕانەدا کرد خەڵکانێکی خۆبەخش و سڤیلی بێلایەن بوون.
لە ئێستاشدا، مەترسی جۆربەجۆر لە ئارادا هەیە هەر بۆیە دەبێت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ بەغدا و سوپای عێراق بکرێت بۆ پاراستنی مەخموور و گوێڕ و هەولێر و کەرکوک و ئەوناوچانەی تریش، هاوتەریبی ئەمە پێویستە کە هێزە کوردیەکان بەشێوەیەک ڕێکبخرێن کە بەتەواوی بخرێنە خزمەت گەل و بکرێنە هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێشمەگە لە دەستی حیزب و کەسایەتیەکان دەربهێنرێن و ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکرێت و بخرێنە خزمەتی گشتیەوە، هاوکات مەشق و پەروەردەی سەربازی سەردەمی و پڕچەک کردنیان و دابین کردنی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا مافێکی خۆیانە و نابێت کەس غیرەتی ئەوەی هەبێت دەست بۆ موچەکانیان بەرێ بەناوی پاشەکەوت و لێبڕین هەروەها پێویست دەکات، کە بریندارەکانی پێشمەرگە قەرەبوو بکرێنەوە و برینەکانیان ساڕێژبکرێت، بەشێوازێک کە لایەنی کەم لایەقی ئەو تێکۆشانەی ئەوان بێت.
لە داهاتوشدا، ئەو مەترسیانەی کە باسیان لێوەدەکرێت، گەورەتر و خراپتر لەوەی داعش دروستیکردووە، لەساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەیە! بۆیە ئەو ئامادەکاریانە زۆر ئاشکران، کە دەوڵەتە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکان دەیکەن، بۆ دروستکردنی ئاژاوە و گێژاوی دیکە جا لەبن ناوی دووبارەی داعشدابێت یان هەرناوێکی دی
تاکە چارەسەریش بۆ ڕێگریکردن لەو دۆخە پێشبینیکراوەی کە لە ئارادایە، ئەوەیە: کە پێویستە هەماهەنگی و یەکگرتووییەکی تەواو لە نێوان هێزە کوردییەکاندا دروستبکرێت، ئەوەش تاکە زامنی سەرکەتنمانە لە ئێستا و بێ گومان لە داهاتوشدا، چ لەناوەخۆ چ لە بەشەکانیتری وەڵاتدا.
لە کۆتاییدا، ئیدانەی ئەو کارە چەپەڵە دەکەین کە لەشەوی ڕابردوودا لە هێرشی داعش بۆسەر گەل و پێشمەرگە دروست بوون، وە ئیدانەی هەر هێرشێکی هاوشێوە دەکەین.
پێویست دەکات، لەبری ئەوەی پێشمەرگە بۆ شەڕی برایانمان ئامادە و پڕچەک بکرێن، لە مەتینا و ئاوی شین و باڵەکایەتی و سیدەکان هتد… دەبێ لەبری ئەوە بۆ تێکدانی شانە نووستوەکانی داعش و هەرهێزێکیتری خێرنەخوازی تر ئامادە و پڕچەک بکرێن، هەمووان لەبیر و لە پێش چاویانە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی ئەوکات و سەرۆکی پەدەکە لە ئێستادا، چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکەی سەر مەخمور و هەولێرچووە خزمەتی گەریللا لە کەمپی مەخموور و بەڵێنی پێدانی چەکی پێیاندا، مەترسیەکانی سەر کوردستان لە ئێستا و داهاتودا لە مەترسیەکانی ئەوێ ڕۆژێ کەمتر نین، هەربۆیە هەرچی زوە داوای هەماهەنگی هێزەکوردیەکان دەکەین.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەری
سلێمانی
٢٠٢١/٨/٧

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لە یادی رۆژنامەگەریی کوردییدا بڵاوکردەوە

یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیی پییرۆزبێت لە یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییدا، پییرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *