٢٤ ساڵە لەدژوارترین دۆخدا لە زیندانی ئیمڕاڵی دایە. بچووکترین مافی زیندانییەکی پێ رەوا نابینرێت.

راگەیەندراوی کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان سەبارەت بە بارودۆخی مەترسیداری زیندانی ئیمرالی
بۆ رای گشتی
بیرمەند و رێبەری ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لەمیانەی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی قێزەوندا بەدیلگیرا،  گۆشەگیرییەکی توند، رێگەنەدان بە سەردانیکردنی خانەوادە و پارێزەرەکان و دونیای دەرەوەی زیندان، رێگەنەدان بە نووسین و خوێندنەوە و لێسەندنەوەی پێنووس و دەفتەر و پەرتووک و رادیۆ، سزادانی بەردەوام بەناوی سزای دیسلپینی و دەیان پێشێلکاریی دیکە دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی پەیڕەو دەکرێت.
لەکاتێکدا زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەی ژیان و تەندرووستی بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی نییە و نازانرێت چی لە ئیمڕاڵی گوزەراوە و دەگوزەرێت، لە دۆخێکی وەهادا؛ کۆمیتەی دژبەئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوڕوپا(CPT) لەم ماوەیەدا دووجار چۆتە ئیمڕاڵی، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی “پارێزەرانی دۆزی سەدە” هەردوو جاریش چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە ئەنجام نەدراوە. بەڵام نازانرێ بۆ ئەنجام نەدراوە. (CPT)یش هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نادات و راستییەکان ئاشکرا ناکات و راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاوناکاتەوە. ئەمەش دۆخێکی نائاسایی و مەترسیداری جددییە.
بێگومان سیستەمی زیندانی ئیمڕاڵی هەر تەنیا زیندانێک نییە، بەڵکو سیستەمێکی تاوان و ئەشکەنجەی نێودەوڵەتییە، ئەم سیستەمەی ئیمڕاڵی ٢٤ ساڵە بۆتە ئەڵقەیەک لەسیستەمی نکۆڵی و قڕکردن و تواندنەوە و چەوسانەوەی گەلی کورد و دەخوازن بەسەر تەواوی گەلی کورددا بیسەپێنن، لەهەمانکاتدا بۆتە درێژکراوەی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. بۆیە لێرەدا حکومەت و دەوڵەتی تورکیا و (CPT)و ناتۆ و هەموو دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرس دەبینین لە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە.
لەکاتێکدا (CPT) ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ ناکات و دژ بە هەموو جۆرە ئەشکەنجەکانی سیستەمی ئیمڕاڵی هەڵوێست وەرناگرێت و پەیڕەوی رێسای “مافی هیوا” ناکات کە دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت، کەچی بۆتە بەشیک لە سیاسەتی دژەکورد و دژە ئازادییانەی دەوڵەتی تورکیا و ناتۆ و گوێ بە هیچ پێوەرێکی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ و ئەرکە ئەخلاقییەکانی نادات، بەهیچ شێوەیەک هەستیارێتی گەلی کورد لەبەرچاو ناگرن و گوێ بەوە نادەن کە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی هۆکاری شەڕ و ئاشتیی، ژیان و ئازادیی و کۆی بەهاکانیەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە (CPT) بۆتە بەشێک لەجێبەجێکردنی ئەڵقەیەکی تری پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر ئۆجەلان و گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی.
بۆیە ئێمە وەک کۆمیتەی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە باشووری کوردستان، لەبارەی ئەم دۆخە نائاسایی و مەترسیدارەدا ئەوە دەخەینەڕوو کە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشە دڕندانەکانی بە چەکی قەدەغەکراو و کیمیاوی بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی و بۆردومانی بەردەوامی بۆ رۆژئاوای کوردستاندا شکستی مەزنی خواردووە و بێ ئەنجام ماوە، لە دۆخێکی وەهادا بۆ مانەوەی خۆی دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمڕاڵی درووست کردووە و ئەمەش بە هاوکاریی و بێدەنگیی (CPT) و کۆنسەی ئەوروپا و ناتۆ بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازانی دونیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان لەم دۆخە نائاساییەدا ئاگادار بن و هەڵوێستی پێویست وەربگرن، لەم دۆخەدا هەڵوێستی جددیانەی گەلەکەمان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە ببینێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییەدا. بۆیە بانگەوازی لەهەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، پارت و لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆشنبیران، پارێزەران، چالاکوانان دەکەین کە لە هەر چوار لای کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە چالاکی جۆراوجۆر و بەکاریگەر، لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندا، لەبەردەم نووسینگەکانی (CPT) و کۆنسەی ئەوڕوپا و پەرلەمانی ئەوروپا و ناتۆ و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، بە رۆحی سەفەربەریی و بەیەکگرتوویی هەڵوێستی وڵاتپارێزیی و ئازادیخوازیی خۆیان دەرببڕن.
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان – باشووری کوردستان
8.12.2022

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *