کورد وەک ئەکتەرێکی فەرمی و گەمەکەرێکی دەوڵەتی وردە وردە سیماکانی خەریکە دەردەکەون.

ئاسۆ عەبدوڵەتیف

 

 عێراق وڵاتی تاکڕەهەندو مەزهەبگەرا لەسەر بنەمای خێڵ و بیرکردنەوەی کلاسیک بەردەوامە لەسەر ئەو میتۆدە.

 

ئەمریکا وەک وڵاتی فرە ڕەهەند، لەسەر بنەمای دامەزراوەو بیرکردنەوەی سێنتڕاڵ و لیبڕاڵ دامەزراوەو بە ئاسانی لە کۆدەکانی تێناگەیت.

 

 

بۆیە کۆبونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ جۆ بایدن، وەک کۆبونەوەی کازمی و ترامپ نییە بۆ جوڵاندنی رای گشتیی و سیناریۆی بەتاڵ و ڕەهەندی ئابوری بەتەنها. کردەکە ڕێک درێژەی دیالۆگی ستراتیژیی عێراق ئەمریکایە بە فۆرمێکی تر، گەرچی ئەو دیالۆگە لە نێوان دوو دەوڵەتی یەکسان و هاوتا نییە لە هێزوپاوەرو سەروەریی، بەڵکو ڕێکەوتن و تێگەیشتنە لە دۆخی نوێ و پرسی پاشەکشەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا کە ئایا ئەوە کردەیەکی واقیعییە یان بۆ بەڕێکردنی کاتە.

 

 

کۆبونەوەی واشنتۆن بە ئامادەبوونی کاراکتەرو چاوی کوردیی ناردنی سیگناڵ و پەیامە بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلە خراپە لە حوکمڕانی مەزهەبگەراکانی عێراق، کە باوەڕیان وایە بە فشارو توندوتیژیی و شەڕی لابەلای درۆنەکان ئەمریکا دەکەنە دەرەوەی عێراق، کۆبونەوەکە دیالۆگی جددی دوو دەوڵەت نییە ئەوەندەی وەرگرتنی راسپاردەیە بۆ ئەو تایپە لە حەشدی شیعی کە چیتر دەبێ بەخۆیاندا بچنەوەو سەرئێشە نەبن بۆ ئەمریکا ئەگینا ئەمریکا ئاسان بەدیل دەدۆزێتەوە!

 

 

لە بنەڕەتدا دیالۆگ نییە، هێندەی هاوارێک و توڕەییەکە بۆ سەپاندنی توندی ئەجێندایەکی نهێنیی بۆ ئایندەیەکی نزیک و نەخشە رێگایەکی نوێ کە بۆنی گۆرانکاری ڕیشەیی لێدێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، لە عێراقیش زیاتر بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلەی حەشدی شەعبی و زیهنیەتی ویلایەتی فەقیهو حەوزە ئاینیەکانە تا پێڕاکێشی زیاتر نەکەن لە پرۆسەی بە حەشدکردن و میلیتاریزەکردنی دەوڵەت، بە کورتی فەرماندانە بۆ دەوڵەتێکی ملکەچ و فەرمانپێکراو کە دەبێت میتۆدەکەی خۆی بگۆڕێت بە ئاراستەی کرانەوەو دیموکراسی زیاتر و کارکردن بە میتۆدەکانی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵات.

 

 

چونکە عێراق، بەراستی نابێ لە ئێران بچێت ناشبێت تەسلیمی ئەو ئیرادەیە بێت، ئەگەرچی بەدەر لەو گروپگەلەی حیزبوڵاو نوجەباو کەتائیبی سەیید شوهەداو عەسائیب و ڕەبعەڵا، هێڵی گشتی کارکردنی شیعە لە عێراق دژیی سیاسەتەکانی ئەمریکا نین. عێراقیش چیتر نابێت بچێتەوە سەر میراتی عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و حەوزەی ئێران بۆ خەونی خۆبەستنەوە بە ڕێگا ئاوریشمیەکەی دەوڵەتی چینەوە، چین بەو ئیمپراتۆریەت و سیاسەتەی خۆی لەناو ئەم دەوڵەتە دینیانەدا یارییەکی سەختی کردو کۆتایی هات، ئەو بۆشاییە یەکێک بوو لەو کەمتەرخەمیانەی دۆناڵد ترامپ دروستی کرد لەهەمبەر چین و ئەویش باجەکەی دا، بایدن کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنێت و چیتر سازش بە دەوڵەتی دینییەوە ناکات و عێراقیش نەک دەردەکات لەو ڕێگا ئاوریشمییە بگرە وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی بەکاری دێنێت دژی مەترسی و هەژموونی چینی و ڕوسی و ئێرانی، لە ئەگەری هەر پاشەکشەو یاسایەکیش بۆ دەرپەڕاندنیان ئەوا ئاسان دێتەوە حەوشەکەی خۆی کە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختە. بۆیە بە پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق ڕەنگە ئەو موعادەلەیە عەکس بێتەوەو خزمەتی گەورە بە دەوڵەتی کوردی بکات لە ئایندە.

 

 

وەک زانراوە ئێران دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی هیچ ئاکشنی وەرنەگرت بۆ تۆڵەسەندنەوە جگە لە هەندێک موشەکی نەرم و چالاکی درۆنەکان لێرەو لەوێ، دوای کوشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمیەکەشی کاردانەوەی توندی نەبوو دژی ئەمریکا. بۆیە لێدان لە ئامانجە باڵاکانی ئەمریكا لە عێراق بەکردار نەچۆتە ئەجێندای شیعەو مستەفا کازمی و ناشچێت، پێدەچێت دوای ئەم دیالۆگەی واشنتۆن گۆڕانی دراماتیکی و خێرا ڕوو بدات لەعێراق و کوردستان کە بە دڵی ئەم تایپەی شیعە نەبێت و دەنگی درۆنەکان ڕوو لە کزیی بکەن.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *