هەڵوێستی تەڤگەری ئازادیی سەبارەت بە ناڕەزایەتی مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکان

بۆ ڕایگشتیی

هەڵوێست و ڕوانگەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بە ناڕەزایەتیی مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە.

لە ڕاستییدا دەستنیشان کردنی بارودۆخی گشتیی هەرێمی باشوری کوردستان و ئەم تەنگەژانەی هەموو بوارێکیان قوفڵ کردووە، وەک ئەنجام لەڕووی ئاوەزەوە لۆژیکییە و دوورە لە هەڵوێستێکی ئالێگۆرییانە، هاوکات بەستنەوەی خاڵی ئەنجام بە هۆکارە بونیادییەکانەوە دوورمان دەخاتەوە لەو ڕوانگە کۆنفۆرمیزمەی کە بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە، سیستەمی دەسەڵاتداریەتیی و عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازیەتی ئەو نوخبە بەناو سیاسییەی کە بەدرێژای ٣٢ساڵە ئەم هەرێمە ئاڕاستە دەکات(بەڕێوەدەبات) وەک هۆکاری ستراکتۆراڵ و سترەکچەری کێشەی موچەو کۆی قەیرانەکانی تری هەرێمی باشوری کوردستان، کە لەدۆخی هەنوکەدا بەرجەستەن و لە گەڵیان دەژین و ڕۆژانە بەرخوردیان دەکەین، زۆر دیارکەر و چارەنووس سازە.

بەڕوونیی دیارە، سیستەمی دەسەڵاتداریەتیی توانای وەڵام دانەوەی ئەم قۆناغەی نییە، ئەگەر سیستەم خاوەنی هێزی ژیان بێت پێویستە لە ڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە، لە مەجالە جیاوازەکانی ژیاندا پێداویستییەکانی قۆناغ بخاتە ڕوو، هاوزەمان بەکرداریی وەڵامی داخوازیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بداتەوە، لەم ڕووەوە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وەک گۆڕەپانی سێییەمی چارەسەریی کێشەو قەیرانەکانی هەرێمی باشوری کوردستان و عێراق بۆ هەر ڕووبەرێکی قەیراناوی سیستەم خاوەن پڕۆژەی چارەسەرییە.

هەروەک چۆن ڕوانگەی تەڤگەر(تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان) پێمان وایە بەم نەوە سیاسییە(عەقڵیەتیی سیاسیی) و مۆدێلە سیاسییە، واتا بەم فۆڕماسیۆنە ئەگەر مامۆستایان ئەمڕۆش موچە وەربگرن بەیانی کراوەین(موعەریزن) لەبەردەم ئەوەی بێ موچە ببن و هەمان دۆخ هاوشێوە بێتەوە، وەک ئەوەی لە ٢٠١٨ دا هەبوو،  هەرچەندە پێگەی مامۆستایان لە ناو کۆمەڵگەدا خوازیاریان دەکات لە گۆرینی کۆی بارودۆخی هەرێمی باشوری کوردستان بە ئاڕاستەی ئەرێنیی بەرپرسیار بن، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوەنییە مامۆستایان نابێت داوای موچەو مافەکانیان بکەن…لەم ڕووەوە ئێمە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی هەموو چین و توێژەکانیین، بەتایبەت مامۆستایان، چونکە لە دژوارتریین دۆخدا دەسەڵات ئەرکی دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە، لە زەرفی ئێستادا موچە یەکسانە بە قوت، کە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکیی و سەرەتاییەکانی ژیانە، لەم سۆنگەیەوە ژیان و ئاسایشی خۆراکی هەزاران کەس لەمەترسییدایە.

لەڕاستییدا سێکتەری پەروەردە کە لە قەیرانی جدیدایە، لە ڕووی چۆنایەتییەوە ڕۆڵی دینامیزم لە پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا دەگێڕێت و یەکێک لە هەستیارتریین گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگەیە، خاڵی ستراتیژیی ئەوەیە پەرەسەندنی پرۆسەی پەروەردە گەشەکردنێکی کوێرانە نییە، بەڵکو خاوەن بینایی و ئامانجە، ئەم پرۆسێسە لە ناو فاکتەری کاتدا نمونە باشەکان دەرخستە (ئیبراز)دەکات، لێرەدا ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرینگ دەبینەوە، چۆن دەبێت دەسەڵات ئەوەندە بێباک(بێموبالات)بێت لەبەرامبەر ئەم بوارە گرنگ و چارەنوسسازەدا، چۆن دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەم بوارە ئەوەندە برسیی بکرێن و لە ئاستێکی ئەوەندە نزمدا وەڵام بدرێنەوە؟

لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا، پێویستە کۆمەڵگە زۆر لەوە هۆشیار تر بێت، پەک خستنی پرۆسەی پەروەردە لێکەوتە و کاریگەریی نەرێنیی دوور مەودای دەبێت، نابەرپرسانی عاشقە دەسەڵات لە هەرێم دەمێکە نییەتەکانیان ئاشکرا بووە و دەیانەوێت کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار بەرهەم بێنن، کە بەردەوام دەرگایەکی کراوە بێت بۆ سیاسەتی قۆستنەوە و فشار خستنەسەر، چونکە کۆمەڵگەی ناهۆشیار گۆڕەپانی سیاسەتی پۆپۆلیستیی ئەوانی ترە.

 دایکان و باوکانی ئازیز، دەبێ بزانین منداڵەکانمان لەڕووی جەستەیی(فیزیکیی)ەوە گەورە دەبن، بەڵام گەشەی عەقڵی و زانستیی دوادەکەوێت، بەتایبەتیی ئێمە کەدەزانین کۆمەڵگە و خێزان بەم دۆخەیانەوە ناتوانن ئەم بۆشاییەی کات لەڕووی پەروەردەییەوە بۆ منداڵەکانیان  پڕ بکەنەوە، هەروەک و دەشزانین منداڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکان لە خوێندنگە تایبەتەکاندا بەردەوامن..بۆیە هەموومان نەک هەر مامۆستایان بەرپرسیارین لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، لەم گۆشەنیگایەوە تەڤگەری ئازادیی وەک ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقیی بەدەنگێکی بەرز و بەئاشکرا پشتیوانیی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکانی تر دەکات و بەشداریی دەڕبڕینی ناڕەزایەتیی و داواکاریی مەدەنییانەی چین و توێژەکان دەبێت، پۆلەتیکی تەڤگەری ئازادیی سیاسەتێک نییە لە ژێر پەردەی دووڕوویی و بانێکە و دوو هەوادا بەڕێوە بچێت، وەک بەشێک لەسیاسەتی ئۆپۆرتۆنیزم و مونافیقانەی سەردەم، هەر وەک دەزانن، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەنگی هەڤاڵێکمان بڵاوکرایەوە کە دەڵێت پێویستە ئێمە وەک تەڤگەر پشتیوان و بەشداریی خۆپیشاندانی مامۆستایان بکەین، هەندێک لایەن و پەیجی فەیک وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە یان وەک ئەوەی نهێنییەکی گەورەیان ئاشکرا کردبێت، ئەو پێگە کۆمەڵایەتییانە لە ناو دونیای مەجازیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیادا هەڵایەکی ڕاگەیاندنیان دروست کرد، لەڕاستییدا ئێمە تێدەگەین عەقڵ و مەغزای پشت ئەم وتی وتیانە چییە و بەچ ئامانج و مەبەستێک ئەمە کراوە و ئەم پێگانە نوێنەرایەتیی ئەجنداکانی چ لایەنێک و کێ دەکەن، سەرباری هەموو ئەمانەش ئێمە لەدڵەوە سوپاسیان دەکەین، کە نیەت و تێڕوانینی ئێمەیان لەم دەنگەدا گەیاند بە کۆمەڵگە و خۆیان بوون بە گەواهیدەری سەرڕاستی و خەمخۆریی تەڤگەر بۆ خەمی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی هەرێمی باشوری کوردستان، وەکو بزوتنەوەیەکی ڕەسەنی هەرێمی باشوری کوردستان، لێرەشەوە داوا لەهەموو چین و توێژەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین بەگوڕ و تینێکی نوێوە گوڕ بە خەباتی مەدەنیی بدەین و چالاکتر لەمەیدانەکاندا ئامادەییمان هەبێت لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەدا.

دەستەی هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٩\١٢\٢٠٢٣

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …