پێشمەرگە و شوێنەوار

حازمی عەلی کوتک

 

ڕۆژێکی زستانی سالی ١٩٨٨، چوار پێشمەرگەلە شاڕێگەی بەینی تەق تەق کۆیە پەڕینەوە، بە نیازی  گەیشتن بە ڕۆژهەلاتی کۆیە، بریتی بووین لە هاوڕێ مام عەلی، هاوڕێ ئەردەلان و هاوڕێ هاوارو خۆم، ماڵی یەک لە جوتیارەکانی گوندی باغەجنێرمان کرد بە لۆقنتە، نان و تورێکی لە تێریمان خوارد٠

بۆ شەوێ گوندی بۆگدمان تێپەڕاند، لە سەر زێی بچوک بانگی کەلەکوانمان کرد ناوی تەحسین بوو، ئێمەی پەڕاندەوە ڕەنی کانی بی، بۆلای خزمانی کلێسە و بۆڵقامیش٠

وەک هەستی شەشەم یان لە غەیبەوە پێمان بڵێن، جارێکی دیکە ئەو خزموو کەسوکارە نابیننەوە، بەداخەوە ئەو هەستە ڕاست دەرچوو، ئەو مرۆڤە خزم دۆستانەمان کەوتنە بەر شالاوی ئەنفالی ڕەشی بەعسییەکان و لە بیابانەکانی خوارو گۆڕغەریب کران٠

لەدووای چەند ڕۆژ خزمەتکردنمان، مۆلەتمان لێ وەرگرتن سەردانی کاک حەمە عارف و مامزی ئامۆزامان بکەیین لە سورقاوشان و دوو ئاوان٠ لەدووای ئەو دیدارە مامز بە دوو منداڵەوە ئەنفال کرا٠ ئەو شەوە لای ئەوان ماینەوە، بەیانی گوتیان پیاسەیەکی ئەو دۆڵە بکەین کە بەرەو چەمیڕێزان هەڵدەکشێ٠

لە نزیک گوندی زەرزی، تاق و زنارێکی بەرز ڕووی کەوتۆتە ڕۆژهەلات، بە قەد ئەو شاخەوە دەرگای ئەشکەوتێکی دەستکرد دیارە، هەیوانێک و دوو ژور ستون و کۆلەگەی دەستکرد و داتاشراو، لە ژوورەوە وێنەی دوو کچی دەست بە شمشێر و سککەی پارە و ڵۆگۆی ئاهورامزدە و دوو گۆڕی تیایە، وێنەی ڕۆژێک لە سەردەرەی دەرگاکە هەڵکەندراوە٠

ئەو ئەشکەوتە ناوە کوردییەکەی( کچ ڕفێنە)، لێ  عوسمانیەکان ئەو ناوەیان گۆڕیوە بۆ( قز قاپان) ٠

تورک چونکە ڕیشاڵی مێژووییان لە ناوچەکەو لەو خاکەدا نییە، دەیانەوێ بوونی خۆیان لە دەستبەسەرداگرتنی شوێنەوارەکانی کورد و ئەرمەن بسەلمێنن٠

داوای لێبووردن لە شوێنەوار ناسان وپسپۆرانی ئەو بوارە دەکەم، من شارەزاییم نییە لەو بوارە، ئەوە ئەرکی پیتۆڵ و شووێنەوار ناسانە ژیرانەو زانستیانە  پشکنین و کەنەی لێ بکەن٠

ئەو وێنە ئازار بەخشەی ئەو ڕۆژە، لە دووای ٣٣ ساڵ لە ڕووپەلی ڕۆحمدا تۆمارە و کاڵ نابێتەوە٠

کاتێک گەیشتینە بەرامبەری ئەشکەفتەکە، یەک لەوانەی لەگەڵمان هاتبوو گوتی: هاوڕێ حازم بزانین چۆن تفەنگ چیێکی!؟ وێنەی ئەو ڕۆژەی لە سەر دەرگای ئەشکەفتەکە هەڵکەندراوە بکە ئامانج٠  منیش توشی سەرسوڕمان و شۆک بووم، گوتم: بۆ کەس هەیە تفەنگ بە شوێنەوارە مێژووییەکانی خۆی و تەواوی مرۆڤایەتیەوە بنێ!؟٠

یەکیان دەیگوت: ئەو ڕۆژە هێمای ئاگر پەرستان و غەیرە دینانە، یەکی دی خۆ هی ئیسلام نییە٠ کە لێی ورد بوومەوە وێنەی ڕۆژەکە شوێنەواری  چەندەها گوللەی پێوەبوو، تەنانەت  ئاڕ بی جیشیان بە ئەشکەفتەکەوە نابوو هەندێک لە  وێنەکان شێوێندرابوو٠ پێشمەرگەو چەکداری زۆربەی لایەنەکان ئەو کارەیان دەکرد٠ بێ ئاگا لەوەی نەخشەی داگیرکەران لە سڕینەوە و شێواندنی مێژووی کەوناری گەلەکەمان جێ بە جێ دەکەین٠ حیزبەکانی شاخ  پێشمەرگەیان وا پەروەردە نەکرد، خاوەنداری لە ژینگەو خاک و شوێنەوار و کولتور و زمان و نەژاد و هونەر و سیمای کورد بوونمان بکەین٠ لەوساوە تاکو ئێستا ئەو بێ پەروەردەییە هۆکارە، بۆ ئەوەی خاک فرۆشی و دەستکێشی داگیرکەران و براکوژی بە ئاسایی وەربگرین٠

ئای چ ئازار بەخشە مرۆڤ ڕیشاڵی ڕەچەلەکی مێژووی خۆی نە ناسێ و گوللەی پێوە بنێ!!؟

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *