نەبوونی کۆدەنگی نیشتیمانی وایکردووە پارتی یاری بەئاگر بکات!

ئاراس ئیبراهیم

لەدووای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و حیساب نەکردن بۆ هیچ شتێک و نەبوونی ستراتیج و ئەڵتەرناتیڤ، خۆدانە دەست “ئەگەر سەری گرت سەری گرت ئەگەر سەری نەگرت بڵێن سوار سەری خۆی بووە”، دوواتریش سازش بۆ بەغدای دراوسێ و دەستپێکی زاڵبونی هەژمونی عێراق و کارپێکردنی بلدۆزەری بەغدا بوو بۆ ڕاماڵینی هەژمون و دەسەڵاتی کورد کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕۆڵەی هەرچوار پارچەی کوردستان بەرهەم هاتبوو، هاوکات و لەوسەروبەندەدا دەستپێکی لێکترازان و دروستبونی ڕق و کینەی حزبی و درووستکردنی مەرجەع و خۆفەرزکردن و بەردەوامیدان بە سەرکێشی دەستیپێکرد، عێراق، تورکیا و ئێرانیش دۆستایەتییان لەسەر بنەمای دژایەتی کورد پتەوترکرد و نەبوونی کاریزمایەک و پێشڕەوێکی حەکیم لەناو کورد دا و دەرس وەرنەگرتن لە هەڵەکانی پێشتر، هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.

لە هەرێمی کوردستانیش داهاتێکی بێشومار هەیە، کە دەتوانرێت بێ چاوەڕوانی و سواڵکردن لەبەغدا تەنها بە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان موچە و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و بوونی ڕێژەیەکی زۆر کادری حزبی بە پارە کڕدرا و بازرگانی بەرپرسان و نەوەکانیان ناچارن بڵین داهات نییە و موچە دابین ناکرێت، بەڵام…

خۆیان ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ میدیاکانیان تەرخان دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهر، ڕق، کینە و گەوجاندنی خەڵکی… بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ سەفەر، کەیف و سەفای خۆیان و نەوەکانیان ملیۆنان دۆلار سەرف دەکرێت ….بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ دروستکردنی سیخوڕ و بەکرێگیراو بۆ خزمەتی وڵاتانی داگیرکەر دژی کوردان و وڵاتپارێزان… بۆ ئەوە پارە هەیە!

بۆ کڕینی فڕۆکەی تایبەت، کڕینی شوقە و ڤێلا، کڕینی دووکانی کرێم فرۆشتن لە کەناراوەکانی ئەمریکا… بۆ ئەوەش پارە هەیە!

بۆ هێنانی گۆرانی بێژ، یوتوبەر، مۆدێلیست و تێکدانی شیرازەی جوانی کۆمەڵگەی کوردی…. بۆئەوەش پارە هەیە!

بەڵام بۆ موچە و خزمەتگوزاری هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری… پارە نییە و داهات بەش ناکات.

لە کاتێکدا پێشتر هەر ئەم حکومەتە نەبوو دەیوت ئەگەر داهاتی سلێمانی کۆبکرێتەوە دەتوانین موچە دابین بکەین؟! ئەی ئێستا داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان لەکوێن و دەچنە گیرفانی کێوە؟ واز لە چەواشەکاری و هەواڵی بەپەلە بهێنن، واز لە گەوجاندن بێنن، حەقیقت و ڕاستی بە خەڵک بڵێن چی لێدێت و بۆکوێ دەچێت؟ یان ئەوەتا ئێستا لەباتی پارەی نەوت داهاتی ناوخۆ دەچێتە گیرفانی بەرپرسانەوە!! یان ئەوەتا دەیانەوێت جارێکی تر بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بنەماڵەیی هەستی قەومی و نەتەوەیی کورد بجوڵێنن و بگەوجێنن بەرامبەر ئەو عێراقەی کە بەدەستی خۆتان هەموو شتێکتان تەسلیم کردن!!

پێشینان دەڵێن قسە هەزارە و دووانی بەکارە…. لەکاتێکدا کە تەواوی لایەنەکان گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە پارتی سەری مارەکەیە و بەخواستی خۆی و بنەماڵەکەی کار و سیاسەت دەکات، کەواتە بۆ کۆدەنگییەک دروست ناکەن؟

بێدەنگی حیزبەکان و لەناویشیاندا یەکێتی نیشتیمانی جێگەی سەرسوڕمانە لە پاش ئەو هەموو تەخوین و سوکایەتییەی پارتی و میدیاکانی بە هەرکەس و لایەنێکی دەکەن کە وەک خۆیان بیرنەکاتەوە!.

کەواتە بۆچی یەکێتی نیشتیمانی نایەت دەستپێشخەرییەک بکات بۆ کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان، جگە لە پارتی بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن و دۆخی هاوڵاتیان و تەواوی توێژەکان چاک بکەن؟

بۆ نایەن کۆدەنگییەکی نیشتیمانی لەدەرەوەی پارتی دروستبکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەومەترسییانەی کە بەڕێوەن؟

ئێستا ئەوەی لای هەمووان ئاشکرا و ڕوونە، نەبوونی ئەقڵێکی ژیری بەڕێوبردن و بڕیاردانە لە باشووری کوردستان، کە هەمووان لەبەرامبەریدا بەرپرسیارن. دواجاریش خەڵک کرداری دەوێت نەک قسەی زل و بەیاننامە و ئیدانەکردن.

چوونکە لەکۆتایدا ئەو ئاگرەی پارتی یاری پێدەکات هەموو حزبەکان و هەرێمیش دەسوتێنێت، ئەوسا خۆی دەکاتە سوتماک چونکە فەلسەفەی پارتی ئەوەیە.

ئەوەی بۆخۆی نەبێت، نابێت بۆ هیچ کەس و لایەنێکی تر بێت!

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …